” نەمووت ھیچ ناکرێت و ھیچ ناگۆڕدرێت“
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

” نەمووت ھیچ ناکرێت و ھیچ ناگۆڕدرێت“

ھیچ ڕێگایەک ھێندەی ڕێگای نائومێدبوون ئاسان و سوک نییە، ھیچ شتێکیش لەوە بێکێشەتر نییە لە ژوورەکەی خۆتدا دابنیشیت و بە ھەمووان بڵێیت

” نەمووت ھیچ ناکرێت و ھیچ ناگۆڕدرێت“.

ئەوانەی دەیانەوێت دونیا بگۆڕن ھەرگیز بە ڕاستەڕێیەکی بێگرێ وگۆڵ و پڕمەترسیدا نەڕۆشتوون و ناڕۆن، گۆڕینی دونیا دابەزینە بۆ ناو نشێو و زێراب و سەرنوێلکەکانی مێژوو و ئیشکردنە لەو شوێنانەدا کە پڕە لە ئەگەری کەوتن و نوشوستیی و ئازارچەشتن.

ئەوانەش کە مێژووی خۆیان دەگۆڕن دەسکێشی سپی و چاویلکەی شەمسی لەچاو ناکەن، بەڵکو بە برینەکان و پەڵەکانی سەر ژیانیانەوە دەکەونە کار و لەوەش دڵنیانین کە پەڵەی تریش بەسەر ژیانیانەوە دروستنابێت.

ئەوانەی دەچنە ناو تونە داخراوەکانی مێژووەوە بۆئەوەی قوڕ و لیتەکەی دەربھێنن و ڕێگاکانی پاکبکەنەوە، ھەم ماندوو دەبن و ھەم ئارەق دەڕێژن و ھەم دەستیان بەر تاریکییەکان دەکەوێت.

خۆ ئەگەر کوردیش بیت و بتەوێت دەسکاری ژیانی خۆت بکەیت، ئەوە دەشێت ئاسانتر نائومێدبیت و دەست لە کەر کردە و دەستپێشخەرییەک بشۆریت، چونکە گۆڕینی ژیانی تاکەکەسیی و دەستەجەمعیی لە کوردستاندا مانای دەگریربوون لەگەڵ یەکێک لە دزێوترین سیستمە سیاسییەکانی دونیا و لەگەڵ یەکێک لە نابەرپرسیارترین نوخبە حوکمڕانەکانی ناوچکەدا.
مانای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سیستمێکی مافیاییدا .

ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا ڕووئەدات لوتکەی ھەوڵی دەسەڵاتدارانە بۆ لەناوبردنی ھەموو ئومێد و چاوەڕوانییەکی پۆزەتیڤ لای ئینسانی ئێمە، ترۆپکی کارکردنیانە بۆ گۆڕینی مرۆڤی کوردستان بۆ بوونەوەرێکی خەمۆک و داخراو بەسەر نائومێدیی و بێدەربەستییەکی گەورە و سەرتاسەریدا.

ھەوڵدانێکی ھەمەلایەنە بۆ سڕینەوەی ڕەھەندە سیاسییەکانی کەسایەتی مرۆڤی ئەو دەڤەرە وھێشتنەوەی وەک ڕەعیەتێکی بێماف و بێنرخ و بێبەھا.
لەم پێناوەشدا بەدڕەوشتییەک نامێنێتەوە پەنای بۆ نەبەن.

بۆیە کردەی مێژوویی ژمارە یەک و ئاکتی ھەرە شۆڕشگێڕ ئەوەیە لێنەگەڕێیت خەمۆک و نائومێد و تێکشکاو ببیت.

بەسەر تاریکییەکانی ناو خۆت و بەسەر تونە ناوەکییەکانی نائومێدیی ناو خۆتدا زاڵببیت، بیر لە پلانەکانی سبەینێ و دووسبەی و سێ سبەی بکەیتەوە و زمان و خەون و ئەخلاقیاتی بەرگرییکردن لەناوخۆتدا بچێنیتەوە و بەھێزتربکەیت.

ھەموو ئەوانەی لە خەمی خۆیان و لە خەمی کۆمەڵگاکەیاندان و بڕیاریانداوە وەک مرۆڤێکی بەرپرسایر بژین، دەبێت یەک شتیان لە بەردەمدا ئاشکرابێت:

کۆڵنەدان و تەسلیمنەکردنی ئیرادەیان بەو ھێزە تاریکانە و ئینجا باوەڕبوون بە سبەینێ و دووسبەی، بەڵام سبەینێ و دووسبەیەک کە دەشێت دوور بێت، زۆر دووریش بێت.

هه‌واڵی گرنگ