ڕێکخراوێكی مافی مرۆڤ رایدەگەیەنێت لەماوەی هەفتەیەك شەش هاووڵاتی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەسێدارەدراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویكردەوە: هاووڵاتییەکی شاری نەغەدە لەسێدارە درا و بەمەش کۆی ئەو هاووڵاتییە کوردانەی لە ماوەی هەفتەیەکدا لەسێدارە دراون گەیشتە شەش کەس.
ئاماژەی بەوەشكردووە: حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی"کامیل قادری ئەقدەم" لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە جێبەجێ کرا.
ئاشكرایكردووە كە لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا لانیکەم شەش هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی کرماشان ، ورمێ ، نەغەدە لە سێدارە دراون.
ڕێکخراوەكە راشیگەیاندووە: کامیل قادری ئەقدەم ئەو هاووڵاتییەی کە دوێنێ لەسێدارە درا، خەڵکی گوندی دێڵزێ سەر بە شاری پیرانشار بووە و دوو ساڵە پێش ئێستا بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەستی کەسێک بە ناوی “شۆرش قوبادیان” دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری حکومەتی ئێرانەوە حوکمی سێدارەی بەسەردا جێبەجێ کرا.