ئەگەر میللەت بێدەنگ نەبێت، ئێوە چین و كێن
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەگەر میللەت بێدەنگ نەبێت، ئێوە چین و كێن

لەگەڵ ئەوەی لە سەرەتای دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تاوەكو ئێستا و لە كابینە یەك لە دوای یەكەكاندا لە ڕووی كردارییەوە كارێكی وەها نەكراوە كە هەرێمی كوردستان بەرە و ووڵاتێكی سەقامگیری و سەربەخۆ و خاوەن ژێرخان و نەك خاوەن ئابوریەكی بەهێز نیە بەڵكو نزیك بە سی ملیار دۆلاریش قەرزارە ، لەگەڵ ئەوەی بەرپرسانی هەرێم لەماوەی زیاتر لە چارەكە سەدەیەك نەیانتوانیوە سوود لەو داهاتە زۆرەی هەرێم وەربگرن، كارێكی وەهاشیان نەكردووە میللەت متمانەیان پێبكات و بە قسەو بڕیارو بەڵێنەكانیان باوەڕ بهێنن، ئەوەی كە هەیەو هێشتوونییەتیەوە پارەو چەك بووە.

 

ئەگەر بێت و پارەو چەك لە دەست بەرپرسانی حزبە دەستڕۆیشتووەكانی هەرێم دەربكرێت، ئەوا كەمینەیەك لەو زۆرینە بخۆرە بێكارانەی لەلا دەمێنێتەوەو هەمووان پشتیان بەرد دەدەن و ئەو كات با بتوانن حكومڕانی بكەن و دەنگ بەدەست بهێنن.

 

سەیر ئەوەیە، ئێستا میللەت لە ئاست هەموو زوڵم و زۆرەی كە هەیە هەربێدەنگە، جارو بار هاوڵاتیان لەڕێگەی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكانەوە بڕیارەكانی دەسەڵات ناچار بە هەڵوەشاندنەوە دەكەن، بۆ نموونەوە چەند ڕۆژێك پێشتر پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: لەبەرامبەر سەردانی هاوڵاتیان بۆ هەولێر بڕێك پارە بۆپشكنینی كۆرۆنا وەردەگیرێت، لەدوای چەند كاتژمێرێك، كاردانەوەكان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك پارێزگای هەولێریان ناچار بە پێدانی ڕوونكردنەوە كردو ڕایگەیاند: بڕیارەكە هاوڵاتیانی هەرێم ناگرێتەوە.

 

ئێستاش و لە نوێترین بڕیار، كە بڕیارێكی گاڵتە ئامێزە، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت لەبەر ئەوەی ئەمساڵ پرۆسەی حەج كردن ئەنجام نەدراوە، پێویست ناكات مەراسیمی جەژنی قوربان بەڕێوەبچێت، خۆشبەحاڵی وەزیر خێراو لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان كاردانەوەكان دەستیان پێكردو هاوڵاتیان بڕیاری ئەنجامنەدانی مەراسیمی جەژنیان ڕەتكردەوە.

 

كورتەی قسە: ئەگەر میللەت بێدەنگ نەبێت، ئێوە چین و كێن؟! ئێوە چۆن دەتوانن بڕیار دژی خواستەكانی گەل بدەن؟! ئێوە چۆن دەتوانن داهاتی نەزانراوی هەرێم بخۆن؟! ئێوە دەستتان بە خوێنی براكوژی سورە.دەستتان سوور ە؟! ئێوە كێن و چیتان پێدەكرێت؟!!. ئێوەو زۆرشتی دیكەش.

 

هه‌واڵی گرنگ