سەرۆکی شکۆمەند
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

سەرۆکی شکۆمەند


(رەزاشا.محمد رەزاشا.مسرور بەرزانی)
ڕووداوەکانی
( دارخورما . گوڵی سوور . سپلێت ) بە نمونە

لە خوێندن و خوێندنەوەی زانستی مێژوو ، مێژووی میللەتان بەگشتی و مێژووی کەسایەتیە سیاسیە باڵاکان بەتایبەتتر ئاستی هۆشیاری سیاسی میللەتان و دڵسۆزی و خەمخۆری ڕاستەقینەی فەرمانڕەواکانیان روون دەبێتەوە .
لەو روانگەیەوە دەکرێ ڕیزبەندی زیندوێتی میللەتانی دنیا و کاربەدەستی باڵایان بکرێت ، بەو حوکمەی مێژوو قوتابخانەیەکە بۆ ڕەوشت و سیاسەت .سیاسی زیرەک و زرنگ ئەو کەسەیە پەندو وانە لە رووداوەکانی ڕابردووی گەلان و فەرمانڕەواکان وەربگرێت تاوەکو سەروەری بۆ خۆی و خەڵکەکەی تۆمار بکات و ببێتە خاوەنی نازناوی سەرۆکی شکۆمەند ، وەئەگەر نا دەبێتە وانەیەکی بیزراوی ناشرین لە وانەکانی میژوودا .
ناونیشانی سەرەوە شکۆی سێ سەرۆکی جیاواز لە دوو نەتەوەی جیاوازو لە سێ ڕووداوی سەردەمی جیاواز نمایش دەکات،
ڕووداوی یەکەم: ڕوداوی دارخورما

لە مێژوی ئیرانداو لە سەردەمی ڕەزاشا دا ئەوە دەبینرێ کە ( شــا ) لە یەکێک لەسەردانەکانی بۆ ناوچەی ئەهواز وەک کەسی یەکەمی وڵات ، بەرپرسی ناوچەیی ئەو شارە بەم سەردانەی شــا ئاگادر دەبێت و دەزانێ کە ڕەزاشا حەزی زۆری بۆ سەوزایی و دارو درەخت هەیە بۆیە فەرماندەکات کە چەندین دارخورما ببڕن و لە ( ئابادان ) بیهێنن و لەسەر ڕێگای تێپەڕبوونی شــــا لەو بیابانە گەرمە وشک و بێ گژوگیایەدا بنیژرێ تاکو لەکاتی سەفەرەکەیدا جەنابی شا چاوی بەو دارخورمایانە بکەوێ و ببێتە هۆکارێکی نزیکببونەوەو ڕەزامەند بوونی شا لەو بەربرسەی ئەهواز ،
لە ڕۆژی دیاریکراوی سەفەردا ڕەزاشا کە کەسێکی دنیادیدە دەبێ و دەبینێ دارخورمایەکی زۆر لەو ڕێگەدا رواوە ، ئەمیش لادەداو بەناوی پشوودانیک لە سسێبەری دارخورماکاندا ، بە هەرچی هێزی خۆی هەیە پاڵدەنێ بە یەکێک لەو دارخورمایانە و دەکەوێ چونکە دەزانێ ساختەیە چەند دارێکیان وا لێداکات و دەکەون هەر لەوێدا وەک سەرۆک و کەسی یەکەمی وڵات فەرماندەکات بە تاوانی ( درۆکردن . فێڵ کردن . گەندەڵی ) ئەو بەرپرسە ماستاوچیەی ئەهواز شەلاقکاری ببکرێت .
چونکە کاتێک سەرکردە ، سەرۆک ، شا چاکەکارو چاکەخواز بوو کەسێک نابێ جورئەت بکات بۆ کردنی گەندەڵی

ڕووداوی دووەم : ڕووداوی گوڵی سوور

دوای وەفاتی ڕەزاشا جێگرەوەکەی محمدی کوڕی دەبێتە شای ئێران و ئەویش لە چلەی زستاندا لەسەردانێکی بۆ بنکەی ڕاوکردنی مهر ئاباد فەرماندەی سەربازی ئەوجێگا ئاگادار دەبێ بەهاتنی شا
بۆیە فەرماندەکات بە فڕۆکە لە باشوور گوڵی سووری لەناو گوڵدان بهێنن و لەو سەهۆڵبەندانە بینیژن چونکە جەنابی شا حەزی لەو جۆرە رازاوەییە هەیە محمد رەزاشا ئەم گوڵە سوورانە لەناو ئەو بەفرەدا دەبینێ نەک هەر ناپرسێ و ناپرسێتەوە بەڵکو خەڵات و نرخاندنی ئەو بەرپرسە دەکات لەبەرامبەر ئەو خزمەتەی بە ناوچەکەی کردووە .

ئەمە رەوشت و ئەخلاقی سیاسی کوڕ و باوکە لە یەک خاکدا لەسەردەمی دەسەڵاتداریاندا . لەوەختی شایەتی محمد رەزادا وڵات نغرۆی قەیران و گەندەڵی ببوو هەر ئەو جۆرە رەفتارانە بوو ناچار بە هەڵهاتنی لەولات کرد .

ڕووداوی سێیەم : ڕووداوی سپلێت

دوای دەستبەکاربونی مسرور بەرزانی لەلایەن چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵکەوە بە چاوی ئومێد و سەردەمی جیاواز لەرابردوو سەیری کابینەی نوێیان دەکرد بەو حوکمەی یەکەم دەرکەوتن و ئەزمونی کوڕی گەورەی سەرۆکی پاتی دیموکراتە و باوکی لەپیناویدا هەموو فشار و ڕێکارێک دەگرێتە بەر بەخاتری سەرکەوتنی ، چونکە لەوانەیە ئەم ئەزمونی حوکمرانیەی مسرور بەرزانی دەرخەری ڕوون و ناڕوونی وەجاخی سیاسی کاک مسعود بێ.

مسرور بەرزانی وەک هەرسەرۆکیک لەسەردانێکیدا لە بەرواری ( 20 .7 . 2020 ) بۆ شاری دهۆک بەمەبەستی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی پیشەسازی خۆراک لەلایەن بەرپرسانی شارەکەوە ڕێکارەکانی ئامادەکاری و پێشوازی دەگرنە بەر و لەو دەشتاییەدا بۆ ئەو چەند خولەکەی کە لەوێ دەبن ئەوەی شایەنی گاڵتەجاریە ئەوەبوو 8 سپلێت لەلایەن کاربەدەستکانی دهۆکەوە لەبەر تیشکی خۆری ئیستای هاوین بۆ جەنابیان و شاندی یاوەری دانراوە لەبەر ئەوەی ئەو چەند خولەکەی مانەوەیان رومەتیان ئارەق نەکات .
ئەم هەنگاوەی سەرۆکی حکومەت گەر لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەتەکەشیدا بێ وێنەی سپلیتەکانی پشتەوەی پەیامی پێچەوانەیدا بە گوێی خەڵکدا.
هەردەم مسرور بەرزانی و ئەوانەی چواردەوری ئەوەیان دەوتەوە کە جەنابی سەرۆکی سەرۆکی حکومەت لەبەرەی گەلە و بۆ گەل کاردەکات ، بەڵام وێنەی نامۆو ناباوو نەشیاوی چەشنی دارخورماکەی رەزاشا و گوڵە سورەکەی محمد رەزاشای هاتوەتە سەرڕێ
ئایا ووک محمد رەزاشا خەڵاتی بەرپرسانی ئەوناوچەی کردووە لەم ساتی بێ کارەبایی و بێ حاڵیەی خەڵکی تیایە ؟ یان پرسیوێتی لەم گەرمای هاوین و نەبونی کارەبایەدا ئەم سپلیتانە لێرە چیدەکەن لەکاتێکدا هاوڵاتی وڵاتم لەبەر ئەم گەرماو لەژێر تیشکی خۆری هاوینەشدا کرێکاریان دەستناکەوێ و وەک رەزاشا دەست بەجێ فەرمانی شەلاقکاری بۆ دەرکردوون ؟

ئەیوب سڵێمان 22 . 7 .2020

هه‌واڵی گرنگ