کامە سەرگەرمی سەرگەردانی بەدواوەیە؟!
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

کامە سەرگەرمی سەرگەردانی بەدواوەیە؟!

ئەو دەمەی مرۆڤ سەرگەرمە بە شتانێکەوە، کە پێی وایە ئەوە ئەوەیە کە حەتمەن دەبێت تەوای تواناو لێھاتنی خۆی بۆ بەخت بکات، وەھەرچی کاتی گونجاو، دەرفەتی ڕەخساوی بۆ ھاتە پێش ئەرکیەتی لەو پێناوەداو بۆ دەست خستنیان بیقۆزێتەوە و ئاوات و خواستی پێ بەدی بێنێت.

کەچی خواست و ھەڵبژێراوی سەری لێ شواندووەو لەناوی بردووە! چوون ئەوەی ئەوی سەرگەرم کردوە پێشبڕکێکردن بووە بۆ : زۆرکردنی ماڵ، زیاد خستنەوەی منداڵی نێرینە، فراوانکردنی قەڵەمڕەوی دەسەڵات، جەمکردنی کارەکەرو کۆیلە، بونیاتنانی کۆشک و تەلار، بڕدانی مەزراو مێرگ و باخ و ھەوار!! جا ئەم تێکەوتن و بەھەڵدا چوون و فریو خواردنەی مرۆڤ، ھۆکاری سەرەکی و کوشندەی بووەو دەبێت لە ھەر زروف و زەمانێکدا، وە ھەرکات لەدووی حەزو ئارەزوو کەوتبێ و پشتی لە ئاوەزو ئەقڵ کردبێت، ئەوجا بەو دەردە چووە ، کە بێدارکردنەوە و بە ئاگاھێنانەوە و ڕاستکردنەوەی ، کارێکی ئێجگار سەخت و دژوار بووە، چونکە وانە و پەند و ئەزموونی لەوانەی پێش خۆی وەرنەگرتووە ، تا ئەو سـاتەی بەگیرھاتووەو بە چاوی خۆی مەرگی بینیوە دەورەی داوەو بووەتە تەوق و چووەتە گەردنی!! ئەوجا ھاواری لێ ھەستاوە و بەدەم گەستنی پەنجەی پەشیمانی، ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکەی بۆی خەلق بووە !! بەڵام تازە لە دوای چی؟! سەرگەرمی مرۆڤ بەھەر شتێکەوە کەوا مەرگ و مردنی لەبیر بباتەوە، ئەوە ھەڵەو خەتای کوشندەیە، مەرگ بەڕێوەیەو لەناکاو دێتە پێش و یەخی مرۆڤ دەگرێت و چرکەساتێ بەرو دوای نیە.

کەوایە فەرامۆش کردنی ئەم ھەقیقەتە بەتەواوی بەزیان دەشکێتەوە بەسەر خاوەنیدا، وە بەھیچ شتێکی دیکە پڕ ناکرێتەوە، چونکە جێگرەوەی نەبووەو نابێ.

سەرگەرمی بە شتانی کاتی فریودەرەوە لەم ژیانەدا" چ ماڵ، یا منداڵ، یان پلەو پایەو شۆرەت، یاخود دەسەڵات و ھێز" کە ئەمانە شتانێکن بە ئاست و ڕێژەی خۆیان درووستە گرنگی پێدانیان، بەڵکو ھەندێ جار پێویستە، بەڵام بە ڕێگەو شێوازی ڕەواو شەرعی. وە ئەم پشکە مادییە نابێت لەسەر بەشی گیانی و ڕۆحی بێت. چونکە ئادەمیزاد لە جەستەو گیان پێک ھاتووەو ھەردووک ھەقی ڕەوای خۆيان ھەیە. جا لەبەر کەمی دەرفەت دەبینی خوای مھرەبان بەو پەڕی ڕەوانبێژی دوا پەیامی دابەزاندووە..

منیش بۆ ئەم نوسینە بە توانای خاکیم، بەشێکی کورتی کاریگەر لە سورەتی (التکاثر)، کردووە بە چراو دەمەوێت ڕۆشنیاییەک بە خوێنەری خۆشەویست ببەخشم. بەم شێوەیە: وشەی (أَلْهاكم) وەرگیراوە لە (لَها)، شادومانی و سەرسام بوون، یانی ھۆگری بە شتێکەوە بە جۆرێ کە بێ ئاگای کات لەشتی تر.

لادان و بردنی خەم و خولیای بەرەو شتێ کە شایستەی ئەو چون و بردنە نەبێت. واتە پشتکردنە شتی بەکەڵک بۆ ڕووکردنە شتی بێ کەڵک. ڕوو وەرگێران لە ھەق و رەوایی بۆ ڕوو کردنە ناھەقی و ناڕەوایی. کەواتە مرۆڤ بەھەر شتێکی خراپ و پوچ و بێ سوودەوە سەرقاڵ بێت تەنھا لەبەر چێژو لەزەتی کاتی و بێگوێدانە ھەق و ڕەوایی، ئا ئەوە (لَهْو)، جا كاتێك خواوەند فەرمویەتی: (أَلْهاكم)، ڕەوانترو کاریگەر ترە لە شکاندن و سەرکۆنەکردن لە وشەی (شغلکم)، چونکە گونجاوی و پێکەوەیی نیە لە نیوان (اللھو والاشتغال)، لەبەر ئەوەی جاری وا ھەیە مرۆڤ بەدڵ و جەستەی سەرگەرم دەبێت بە شتێکەوە کە نە بۆ ڕابواردنە وەنە بێ ئاگاییە. ئێستا گونجاوە بڵێین : (اللھو)، واتای شڵەژان و گێژ بوون و وڕبوون و سەرسام بوون بە شتێکی بێکەڵکەوە ، بە ھۆی وازھێنان و لادان و دوور کەوتنەوە لە شتێکی دیکەی بە کەڵک.

نزیکی و پێوەندبوونی ھەردوو زاراوەی (اللھو واللعب)، لە چەندین ئایاتی قورئانی خێرداردا ، وەک: (وَمَا الْحَيَاةُ الدُّنْيَا إِلا لَعِبٌ وَلَهْوٌ وَلَلدَّارُ الآخِرَةُ خَيْرٌ لِلَّذِينَ يَتَّقُونَ أَفَلا تَعْقِلُونَ/ الأنعام:32). (وَذَرِ الَّذِينَ اتَّخَذُوا دِينَهُمْ لَعِبًا وَلَهْوًا / الأنعام :70). (الَّذِينَ اتَّخَذُوا دِينَهُمْ لَهْوًا وَلَعِبًا وَغَرَّتْهُمُ الْحَيَاةُ الدُّنْيَا / الأعراف:51) . (وَمَا هَذِهِ الْحَيَاةُ الدُّنْيَا إِلَّا لَهْوٌ وَلَعِبٌ / العنكبوت: 64) . (أَنَّمَا الْحَيَاةُ الدُّنْيَا لَعِبٌ وَلَهْوٌ/ محمد: 36) . (اعْلَمُوا أَنَّمَا الْحَيَاةُ الدُّنْيَا لَعِبٌ وَلَهْوٌ/ الحديد:٢٠). زانایان لەسەر واتای ئەم دوو زاراوەیە (اللھو واللعب) لە ڕووی زمانەوانیەوە ڕوونکردنەوەیان داوە: وشەی (اللھو) لادان و بردنی خەم و خولیای بەرەو شتێ کە شایستەی ئەو چوون و بردنە نەبێت . ئەمەش پەیوەندی بەزەین و ناخ و دڵەوە ھەیە . بەڵام (اللعب) خواستی بە کەیف و سرور و خۆشیی و ڕابواردنێکە جوان و شایستە نیە بیخوازێ و لەدووی کەوێت. ئەمەش پەیوەندی بە ئەندامی جەستەوە ھەیە . بەمجۆرە توانراوە بوترێ: (اللھو) پشتکردن و ڕووگەردانیە لەشتی ھەق و بەکەڵک. وە (اللعب) ڕووکردن و چوونە بەرەو پوچ و بێ کەڵک. واتە: لەپێشدا لەبیرو زەین و دەماخ و ناخ و دڵی مرۆڤدا مەیل و ویست و ئارەزوویەک درووست دەبێت بۆ پشت ھەڵکردن لە شتانی ھەق و بە کەڵک ، دواتر دەیکاتە کردارو ڕوو دەکاتە جێگرەوەکەی کە شتانی ناھەق و پوچ و بێ سوودن، جگە لە سەرگەرمی و ڕابواردن و چێژو خۆشییەکی کەم و کوڕو کورت و کاتی .

دەسا ئەوەی دەبێتە ھۆی ئەم سەرکەشی و ستەمکاریەی مرۆڤ ئەوە برییتە لە ڕاھاتن و ھۆگری و پێوەندبوون بەو دۆخەی کە تیایەتی و پێوەی سەرگەرم و سەرقاڵ بووە، ئەویش بریتیە لە (التکاثر)، زۆری و زیاد کردنی ھەرشتێ جگە لە گوێڕایەڵی و گەردنکەچی بۆ خوای باڵادەست و شکۆدار . (أَلۡهَىٰكُمُ) ئێوەی بێ ئاگاو سەرگەرم کردووە (ٱلتَّكَاثُرُ) شانازیتان بە زۆری زیادکردنی (ماڵ و مناڵ و دەسەڵات و کۆشک و تەلار.. تاد).

جا لێرەدا گرنگە بزانین کەوا پرس و باسەکە قەدەغە کردنی زۆری نیە لە ماڵ و زینەتی دونیادا، بەڵکو ڕێگریە لەوەی ئەو سەرگەرمی زۆری و جەمکردنی شتی دونیایی، زەین و فام و ئاوەزتان ببات، بە جۆرێک نەتان پەرژێتە سەر ئەرکی سەرەکی و بنچینەیی، کە گەردن کەچییە بۆ فرمانی خواو گوێڕایەڵی یە بۆ داوای پەیامبەرەکەی. کەواتە ھەڵپەکردن و پێشبڕکێ بۆ زۆری و زیادکردنی ھەرشتێ دوور لە (گەردن کەچی بۆ فرمانی خوا)، وە سەرگەرم بوون بەو دۆخەوە تاوەکو لێواری مەرگ و مردن ، گەورەترین ستەمە مرۆڤ دەرھەق بەخۆی دەیکات. تاکو ئەو دەمەی بە ئاگا دێتەوە کە دوای مردنەو ھیچ کەڵکێکی نییە.

دەسا ئەی خەڵکی ئاوەزدار، ئاگادار بن تەنھاو تەنھا بۆ خزمەتکردنی ورگ و چاوو ئەندامی تری لاشە مەژین ، ئامان لەڕووی ھەوەس و ئارەزووەوە بیرمەکەنەوە و بۆ مەیل و حەزو چێژی کاتی بڕیار مەدەن ، بەڵکو لەڕووی سرووش و ئاوەزەوە لەژیان بڕوانن و بەدوادا چوون بۆ ڕاستی پرس و باسەکان بکەن ، تاکو بتوانن ھاوسەنگی ڕاگرن لەنێوان لاشەو گیاندا ، وەھەر یەکەیان بەش و پشکی خۆی پێ بدەن، لەژێر ڕۆشنایی (قورئانی خێردار)، کەدوا پەیامی خاوەنی جیھانیانە. تا بەدوور بن لەوەی بۆ ھەمیشە تیابچن بەھۆی ستەمی خۆتانەوە. وشەی (أَلۡهَىٰكُمُ) واتە: زۆربەتان بێئاگا دەکات لە مەرگێک کە تەنھا ئەو بەسە بۆ ئەوەی مرۆڤ دایم کۆکراوە و ئامادە بێت بۆ کۆچی دوای مردن . ھەروەھا وشەی (التَّکَاثُرُ) شانازی کردن و خۆھەڵکێشان بەزۆری ئەو شتانەی وا دوابڕاو و ماوە کورتن لە شومەکی دونیایی ، وە ھەر شتێک کە مرۆڤ بێ ئاگا بکات لە خواستی خاوەنەکەی (اللە). ئەم ئایەتە زەنگی بێدار کەرەوە و وریایی دانە بە ئادەمیزاد ، ئاگاداربن تەنھا بۆ ئەوچەند ڕۆژە کەمەی دنیا مەژین ، وە ئێوە لەدۆخێکی مەترسیداردان، کەبیرو ھۆشتان تەنھا لای ھەوەستانەو لەخەمی خواستی لاشەو بەشی مادیدان ، وەھیچ بەھایەک بۆ ڕەوایی و شەرعییەتی ئەو بژاردەتان دانانێن .

دەی بزانن ھەروا ئاسان بۆتان ناچێتە سەر. (حَتَّىٰ زُرۡتُمُ ٱلۡمَقَابِرَ)، تا دەمرن و دەچن بۆ گۆڕستان. ھەرچەندە بە خواستی خۆتان ناچن بەڵکو دەبرێن و دەخرێنە ناو گۆڕی تەنگ و تاریکەوە بە تاق و تەنھا ، ئێوە سەرگەرمی کردوون زۆرو زیاد کردنی ماڵ و مناڵ و دەست و پێوەندو دەسەڵات و پلەو پایە: (حَتَّیٰ) تاکو مەرگ دەنۆشن و بەھۆیەوە سەردانی گۆڕستان دەکەن. وەیان ئەوەندە سەرگەرمن بەو شتانەوە، بیرتان چووە ئێوە حسباتێکتان لە گەردنە و کاتێک کە مردن و خرانە گۆڕەوە ، ئیتر ئەوکاتە ئامادە دەکرێن بۆ پرسینەوە و بژاردنەوەی ئەو حیساباتە!! کەوایە دوو خەسڵەتی خراپ و ناشیرین زۆر زەقە تیاتاندا ، بێئاگایی و خۆخەڵەتاندن (گەوجی)!! وشەی (زُرۡتُمُ) لەلایەک ھەواڵ دەدات بەوەی ماوەی ئەو خۆشگوزەرانیە ناڕەوایەی ئێوە ئەوەندە بڕ دەکات تا مەرگ یەخەتان دەگرێت، کە ھەموو ئان و ساتێ نزیکە لە پڕ بەرۆکتان بگرێت ، لەلاێکی تروە ئاماژەیە بۆ ئەوەی گۆڕستان و قۆناخی (بەرزەخ)، شوێنگەیەکی کورت و کاتییەو "بە بەراورد بەڕۆژی دوایی" بەدوایدا زیندوو بوونەوەو ھەستانەوەی مردووەکانە بۆ گردبوونەوە و لێپرسینەوە. وشەی (المَقَابِر)کۆیە بۆ (مقبرة) گۆڕستان ، (المَقَابِر) یانی گۆڕستانەکان، کە ھەر گۆرستانێک (مقبرة) چەندین گۆڕی تیایە (القبور)، کەواتە (المقابر) گۆڕستانان ، لەبەر ئەوەی زۆر زۆرن ، وە ئەم زۆریەش لە بەرانبەر وشەی (التکاثر)وە ھێناویەتی ، سەرگەرمیتان بە زۆر کردن و زیادکردنی شتە ماددی و دونیایی، سەرئەنجام لە گۆڕستاناندا خۆتان دەبیننەوە ، وەک ئەوانەی پێش ئێوە و ئەوانەی دوای ئێوەش کە دێن . ھیچ کەسێک دەرباز نابێت ، وە ھیچ ڕێچارەیەک نیە بۆ مرۆڤ کە دەربازی بکات جگە لە (بە ئاگا ھاتنەوە و خۆ ئامادەکردن بۆ پاش مەرگ و مردن). چونکە ئەوە بەڵێنێکی ڕاست و چەسپاوەو بڕاوەتەوە.

 

هه‌واڵی گرنگ