خێرایی لەكاتی شۆفێریكردن بەسەرەكیترین هۆكاری ڕووداوەكانی هاتوچۆ دادەنرێت، هاوكات ئەگەر شۆفێر لەسەرخۆ شۆفێریی بكاتو تیژڕەویی نەكات، دەتوانێت خۆی لەهەڵەو ڕووداوی هاتوچۆی شۆفێرانی دیكە لەسەر شەقامو ڕێگەوبان بپارێزێت.
بەوتەی شارەزایان تیژڕەوی خوویەكە پەیوەندی بەكەسایەتی زۆربەی شۆفێرانەوە هەیە، بۆیە دەتوانین بەمەشقو ڕاهێنان خۆمان زاڵ بكەین بەسەر ئەو حەزو خوو خولیایەداو كۆنترۆڵی خۆمان بكەینو واز لەتیژڕوەی بهێینن. پسپۆرانی تایبەتمەند كۆمەڵێ ئامۆژگاری و رێنمایی بۆ شۆفێران دەخەنە روو بۆ خۆ ڕزگاركردن لەخێراییو تیژڕەوی لەڕێگەوبان:-
1- وێنەی كەسێكی ئازیزت لەئۆتۆمبێلەكە دابنێ، بۆئەوەی هەمیشە بەهای ژیانی خۆت لەیادبێتو بەهۆی خێراییەوە لەدەستی نەدەیت، بەبینینی وێنەكە هەست و ئاستی بەرپرسیارێتیت بەرامبەر خۆتو ئەوانی دیكە زیاتر دەبێتو هەمیشە ئەوەت لەیادە كە خێزان و ئازیزانت چاوەڕوانی تۆ دەكەن، بەسەلامەتی بگەڕێیتەوە لایان.
2- كاتێك سواری ئۆتۆمبێلەكەت دەبیتو پشتێنی سەلامەتی دەبەستیتو خۆت ئامادە دەكەیت بۆ شرفێریكردن، یەك خولەك بوەستە، چونكە ئەو خولەكە هێورو ئارامترت دەكاتەوە بۆ شۆفێریكردن.
3- لەكاتی شۆفێریكردندا گوێ لەگۆرانی ڕیتمی هێواش بگرە، هەرگیز گوێ لەو گۆرانیان مەگرە كە ڕیتمەكەیان خێرایەوە چونكە لەڕووی دەروونییەوە هانت دەدەن تیژڕەوی بكەیت، بەوتەی شارەزایانیش گوێگرتن لەگۆرانی ڕیتمی هێمنو هێواش، تەركیزی شۆفێر زیاتر دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە دەنگی میوزیكەكە مامناوەند بێتو بەرز نەبێت.
4- هەمیشە بیر لەسروشتو پێشبینیەكانی ڕێگەوبانو ئەو شەقامەی كە پێیدا تێپەڕ دەبێت بكەرەوە، بۆ نموونە پێشبینی بوونی ئۆتۆمبێل بكە كە لەلای ڕاستو چەپی ڕێگەكەوە لەهەر ساتێكدا دێنە بەردەمت، یاخود ناوچەكە شوێنێكی نیشتەجێبوونی چڕە، یاخود تۆ نزیك دەبیتەوە لەخوێندنگەیەك، ئەمەش واتای بوونی منداڵ لەسەر شەقام، ئەمەش ناچارت دەكات خێراییەكەت كەمبكەیتەوە، بۆئەوەی تووشی كارەسات نەبیت.
5- هێمایەكی ڕوونی سور لەسەر پێوەری خێرایی ئۆتۆمبێلەكەت دابنێ، بەتایبەتی ئەوپەڕی خێرایی ناوشار، ئەم هێمایە وات لێدەكات هەمیشە چاودێری خێراییەكەت بكەیتو ڕەنگە سورەكەش وات لێدەكات هەست بەمەترسی بكەیت، لەكاتی تێپەڕاندنی خێرایی دیاریكراودا.
6- پسوڵەی دواین سەرپێچی خێراییت لەئۆتۆمبێلەكەتدا دابنێ، بەڵكو ببێتە ڕێگرێك بۆ تیژڕەوی نەكردنت.
سەرچاوە/ هاتوچۆی سلێمانی