عێراق..به‌ فەرمانی سه‌رۆك وه‌زیران لێكۆڵینەوە لە قوربانیانی خۆپیشاندانەكه‌ی بەغدا ده‌كرێت
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

عێراق..به‌ فەرمانی سه‌رۆك وه‌زیران لێكۆڵینەوە لە قوربانیانی خۆپیشاندانەكه‌ی بەغدا ده‌كرێت

 مستەفا كازمی فەرمانی كرد بەپەلە لێكۆڵینەوە لە رووبەڕووبوونەوەكەی گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی بەغدا بكرێت كە دوێنێ‌  لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا روویدابوو و بەهۆیەوە دوو خۆپیشاندەر كوژراون و ژمارەیەكی دیكەیش برینداربوون.

ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ 27 ی ته‌مموزی 2020،لیوا یەحیا رەسول گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند كە سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق مستەفا كازمی فەرمانی بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا كردووە كە بەپەلە لێكۆڵینەوە لە رووبەڕووبوونەوەكەی دوێنێ‌ یەكشەممە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان لە گۆڕەپانی تەحریر بكات.

 گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا:"راسپاردەی روون و ورد بە هێزە ئەمنییەكان دراوە لەوەی گیانی خۆپیشاندەران بپارێزن و بەرگرییان لێ بكەن، بەڵام ژمارەیەك كەس هەوڵیانداوە خۆپیشاندانەكەی دوێنێ‌ یەكشەممە لە گۆڕەپانی تەحریر بە ئاراستەیەكی دیكە ببەن".

لیوا یەحیا رەسول وتیشی، داوا لە خۆپیشاندەران ده‌كه‌م كە لە میانی ئەنجامدانی خۆپیشاندانەكانیاندا لە هێزە ئەمنییەكان نزیك نەبنەوە بۆ ئەوەی رووبەڕووبوونەوە لە نێوان هەردوولادا روونەدات و ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو :"ئەگەر كارمەندێكی ئەمنی یان خۆپیشاندەرێك بكوژرێت، ئەوا زیانە بۆ سەرجەم عێراقییەكان".

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ دوێنێ‌ یەكشەممە لە میانی خۆپیشاندانی ژمارەیەك لە هاووڵاتییانی شاری بەغدای پایتەختی عێراق كە دژبە خراپی رەوشی كارەبا و خزمەتگوزارییەكانی دیكە لە ناوەڕاستی شارەكە بەڕێوەچوو، رووبەڕووبوونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا رووی داو به‌و ‌هۆیه‌وه‌ دوو خۆپیشاندەر كوژراون و ژمارەیەكی دیكەیش برینداربوون.

 

هه‌واڵی گرنگ