دوای سوتانی چەندین ئۆتۆمبێل ،لەبارەی بەنزینخانەكانەوە بریاردرا
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

دوای سوتانی چەندین ئۆتۆمبێل ،لەبارەی بەنزینخانەكانەوە بریاردرا

 

بڕیاردرا هەڵمەتی پشکنینی بەنزینی بەنزینخانەکان دەستپێبکات و هەر بەنزینخانەیەک بەنزینی کوالێتی نزم بفرۆشێت دابخرێت و خاوەنەکەشی ڕووبەڕووی سزابکرێتەوە، داواش لە هاوڵاتیان دەکرێت لە ئەگەری بوونی بەنزینی کوالێتی نزم لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکەنەوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەمە 28ی تەموز، لەدیوانی پارێزگای هەولێر، بەسەرپەرشتی د.فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەند و به‌رێوه‌به‌ری نه‌وت و كانزاكانى هه‌ولێر و ئه‌ندامانى لێژنه‌ى به‌ دواداچوون و پشكنینی بەنزیخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی پارێزگای هەولێر،لە كۆبونەوەیەكدا لەبارەی به‌ دواداچوون و پشكنینی بەنزیخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا لەکۆبوونەوەکەدا تیشک خرایەسەر بەردەوامی کاری لێژنەکانی پشکنینی بەنزینخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و تەئکید لەسەر ئەوە کرایەوە کە لە ئەمڕۆوە لە سنووری هەر (10) قایمقامیەتەکەی پارێزگای ھەولێر ھەڵمەتێك بۆ پشكنینی بەنزین لە بەنزینخانەكان دەستپێبکات و ھەر بەنزینخانەیەك بەنزینی كوالێتی نزم یان خراپ بفرۆشێت بە هاووڵاتیان سەرەڕای گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لەگەڵ خاوەنەکەی و داخستنی بەنزینخانەکەی، لافیتەش لەسەر بەنزیخانەكەی ھەڵبواسرێت.

ئاماژە بەوەشكراوە، پارێزگاری هەولێر لێژنەکانی ڕاسپارد لەهەڵمەتەکە بەردەوام بن و چاودێری چڕی بەنزینخانەکان بکەن و ھاووڵاتیانیش ئاگاداربکرێنەوە لە ھەر بەنزینخانەیەك زانرا بەنزینی خراپ یان کوالێتی نزمی ھەیە بە زووترین كات ئاگاداری لێژنەکانی پشکنینی بەنزینخانەکان بکرێتەوە بۆ ئەوەی دەست بە بەدواداچوون و پشکنین بکەن.

ئەوەشخراوەتەڕوو، هەروەها بەهۆی کێشەی مولیدە ئەهلیەکان لەگەڵ نزمی کوالێتی و خراپی گازوایل بڕیاردرا، هەڵمەتەکە پشکنینی گۆڕەپان و هەموو ئەو شوێنانەش بگرێتەوە کە تەرخانکراون بۆ فرۆشتنی گازوایل.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەماوەی ڕابردوودا، چەندین ئۆتۆمبێل لە سنوری هەولێر و ناوچەکانی دیکەی هەرێم ئاگریانگرت و بەنزینی کوالێتی نزمیش بە یەکێک لە هۆکارەکانی دادەنرێت.

 

هه‌واڵی گرنگ