بەرپرسانی باڵای وەزارەتی بەرگری عێراق لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان گەیشتنە رێككەوتن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ رووبەرووبوونەوەی چەكدارانی داعش لە باكوور و رۆژهەڵاتی وڵات.
لەوەتەی ساڵی (2019)ـەوە زیاتر لە چوارجار بەرپرسانی سەربازی هەرێم و بەغدا كۆبوونەتەوە و جەختیان لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ رووبەرووبوونەوەی چەكدارانی داعش كردۆتەوە ، كە لە سنوری ئێرانەوە دەستپێبكات تا دەگاتە سنوری سوریا.
جەبار یاوەر ، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند : " هەموو كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ سوپای عێراق لەنێویان كۆبوونەوەی كۆتایی كە لەم مانگە بەرێوەچوو هیچ كامێكمان باسمان لە بڵاوكردنەوەی هێزەكانمان لەچەند ناوچەیەكی جیاواز نەكردووە".
وتیشی : " ئێمە لەسەر سێ پرس رێككەوتووین ، لەوانە پێكهێنانی ناوەندی هاوبەشی سەربازی و ئەمنی ، چۆنیەتی بڵاوكردنەوە هێزەكان لەنێوان هەردوولا ، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ رووبەرووبوونەوە و كۆتاییهێنان بە جموجۆڵەكانی داعش".
جێی باسە لەكۆتاییەكانی ساڵی (2017) عێراق بەفەرمی ئازادكردنەوەی تەواوی خاكەكەی لەدەستی چەكدارانی داعش راگەیاند ، ئەمەش دوای سێ ساڵ داگیركردنیان لەلایەن ئەم چەكدارانەوە.