لەبارەی شوێنەواری تەخت سلێمانی ئەم زانیاریانە بزانن
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

لەبارەی شوێنەواری تەخت سلێمانی ئەم زانیاریانە بزانن

 

 

تەخت سلێمان شارێكی سیحراوی مێژووییە كە لە سەردەمی شكۆی خۆی، شوێنی دانیشتنی دەسەڵاتدارانی جیاواز لەوانە مادەكان، هەخامەنشییەكان، ئەشكانییەكان، ساسانییەكان و مە‌ولەكان بووە.

تەخت سلێمان بە شوێنی لەدایك بوونی زەردەشت بەناوبانگە، تەخت سلێمان بریتییە لە كۆمەڵە باڵەخانەیەكی كۆنی بێ وێنەو پڕ لە ڕەمزو راز كە پێنج دەوری مێژوویی و شارستانیەتی بە خۆوە بینیوەو لە دڵی خۆیدا جێگەی گرتووە، ئەو كۆمەڵە بەنرخە لە دڵی كوێستانەكانی زاگرۆس هەڵكەوتوو لە دووری (40) كیلۆمەتری باشووری ڕۆژهەڵاتی تەكاب هەڵكەوتوە.

(تەخت سلێمان) كۆمەڵێك شوێنەواری كۆنی مێژوویی و سروشتییە كە تێكەڵ بوون و شوێنەوارێكی بێ وێنەی جوانیان پێكهێناوە، بەختەوەرانە ئەو گەنجینە بەنرخە وەكوو چوارەمین شوێنەواری كۆنی گرنگی ئێران لە یۆنیسكۆ تۆماری جیهانی كراوە.

(تەخت سلێمان) شارێكە كە لە دۆڵێك بە بەرزایی (3000) مەتر هەڵكەوتووە كە بە هۆی بوونی كەشوهەوای لەباری ناوچەكە زۆر سەرسەوزو جوانە.

(تەخت سلێمان) بە درێژایی مێژوو، شوێنی مانەوەی مرۆڤەكان لە سەردەمی مادەكان، هەخامەنشییەكان، ئەشكانییەكان، ساسانییەكان و مەغۆلەكان بووە، پاش هێرشی عەرەبەكان و مەغۆلەكان تەنیا وێرانەیەك لەو هەموو شكۆو شارستانییەتە ماوەتەوە، تا بە ئەمرۆكە تەنیا پاشماوەكانی لە قەڵاو وێرانەكانی ئەو شوینە بەشكۆیە ماوەتەوە.

ئەوەی كە لە كتێبە مێژووییەكان دەركەوتووە، ئەوەیە كە لە هەزار ساڵ پێش میلاد تاكو سەدەی (11) ی كۆچی مانگی ئەو ناوچە شوێنی ژیانی مرۆڤەكان بووە، كەواتە لەو ماوە دوورو درێژەدا گۆڕینی دەسەڵات و گۆڕینی ئایینی جیاواز پێكهاتەی تەخت سلێمانی گۆڕیوە.

قەڵای تەخت سلێمان : قەڵای تەخت سلێمان، بەشەكانی جیاواز لەوانە ئاگردانی شاهانە، ئەیوانی خەسرەو، پەرستگەی ئاناهیتاو دەروازەو دیواری پتەوی هەبووە، ئەو كۆمەڵە لە سەردەمی شكۆی خۆی بریتی لە ئاگردانی بچووك و گەورە بووە كە ئەمڕۆكە تەنیا نیشانەكانی گەلێك لە ئاگردانی ئازەرگشسب بەجێماوە، ئەو ئاگردانە كە هۆڵێكی چوارگۆشە لە ناوەڕاست بە دیوارەكانی ئاجۆری و میچی گومەزی هەبووە، بەپێی چیرۆكێكی كۆن هۆكاری ناونیانی ئەو ئاگردانە بە ناوی ئازەرگشسب (ئاگری ئەسپی نێر) دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی كەیخەسرەو؛ كاتێك كە كەیخەسرەو لە نیوەڕۆیەكدا لەگەڵ هێزی جادووگەری شەوانە بەرەوڕوو دەبێتەوە، باڵی ئەسپەكەی خۆی ئاگر دەدات تا دووبارە جیهان ببینێت و پاس ئەوە بە سەر هێزی جادوو سەردەكەوێت و دەتوانێت دەركەی قەڵای بەهمەن بكاتەوەو بۆ سوپاسگوزاری لە ئەهوورامەزاد كە لە ئەو سەركەوتنە یاریدەدەری بووە تا لەو شوێنە، جێگایەك بۆ ئاگر دابنێت، كە پێی دەڵێن ئازەرگشسب.

(تەخت سلێمان) پێش لە هاتنی ئیسلام بۆ ئێران شوێنی كۆبوونەوەی ئایینی و پەرستگەیەكی بەناوبانگ بووە، كە بەداخەوە لەلایەن ڕۆمییەكان و پاش ئەوان لەلایەن عەرەبەكانەوە هێرشی كرایە سەرو پاشان لە سەردەمی ئاباقاخان لەسەر وێرانەكانی ئەو شوێنە مزگەوتێك كرایەوە، ئەڵبەت ئەو مزگەوتە خعشی دواتر ڕووخاو تەنیا بەشەكانی لە كاشی كارییەكانی مزگەوتەكە لە مۆزەخانەی ڕەزا عەباسی دانراوە.

زیندانی تەخت سلێمان : سەبارەت بە زیندانی تەخت سلێمان چیرۆكی زۆر باس كراوە، بڕوای خەڵكی خۆجێی ناوچەكە كە هەر لەو چیرۆكە كۆنەوە سەرچاوە دەگرێت ئەوەی كە كێوێكی خرت هەڵكەوتوو لە سێ كیلۆمەتری ڕۆژاوای تەخت سلێمان، زیندانی سلێمانە كە لەوێ ئەو دێگەلە كە لە فەرمانەكانی لایان بدایە، لەوێ زیندانی دەكران.

لێكۆڵینەوەكان لەلایەن گرووپێكی شوێنەوارناسی ئەڵمانییەوە باس لەوە دەكات كە ئەو كێوە خرتە گڕكانێكی چاڵاك بووە، پاش ناچاڵاك بوونەوەی كێوەكە، لە سەردەمی ساسانییەكان لەو كێوە وەكوو زیندان كەڵك وەردەگیرا، چونكە لەو كێوە نەژیارڤانی تایبەت و شوێنەكانی بۆ چاودێری هەیە، هەلًبەت لێكۆڵینەوەكان لەم دواییە باس لەوە دەكات كە كێوەكە گڕكانی نەبووە، دەریاچەیەك لەناو دڵی كێوەكە هەبووە كە دواتە وشك بووەو لە ئەو شوێنە خاڵیە وەكوو زیندانی كەڵك وەرگیراوە.

دەریاچەی تەخت سلێمان : یەكێك تر لە چیرۆكەكان كە لە زاری خەڵكی ناوچەكەوە گێڕدراوەتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ دەریاچەی تەخت سلێمان، بۆ نموونە هەندێك كەس پێیان وایە كە دەریاچەكە لە لێدانی گۆچانی حەزەرەتی سلێمان دروست بووەو ئەو ئاوە لایان پیرۆزە، ئەوان پێیان وایە كە لە سەردەمی زەردەشت ئیلاهەی پیرۆز لەوێ ژیاوە، بەو بۆنەوە لە سەردەمی زەردەشت خەڵاتەكێكی زۆریان دەخستە ناو ئاوەكەوە، هەندێك كەس پێیان وایە هێزێكی سیحراوی لە ناو دەریاچەكەیە، كە هەموو شتێك هەڵدەڵووشێت.

جودا لە چیرۆكە وتراوەكان سەبارەت بە دەریاچەی تەخت سلێمان، بوونی دوورگەیەكی جووڵەری بێ وێنە لە جیهان لەسەر ئەو ئاوە كە لە زمانی ناوچەكە پێی دەوترێت چەمەلی گۆل، سەرنجی هەر گەشتیارێك بۆ لای خۆی ڕادەكێشێت، چەمەلی گۆل بە واتای دوورگەیەكی پێكهاتوو لە چەمەن لەسەر گۆلەو لە ژمارەیەك زەلی جووڵەری لكاو پێك هاتووە كە ڕیشەكانی لە ئاوكەدا ئازادەو نەلكاوە بە زەوینەوەو بە هەڵكردنی بایەك لە سەر ئاوەكە دەجووڵێت.

ئاوی دەریاچەی تەخت سلێمان لە هەڵقوڵینی ئاوی ژێرزەوی بۆ ناو دەریاچەكە دابین دەبێت، ئاوی هەڵقوڵاو لە بنی دەریاچەكە سەرەتا (40) پلەیە كە بە هاتنی بۆ بانەوە پلەی گەرماكەی دەگاتە (21) پلە، هەر ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە پلەی گەرمای ئاوەكە لە هەموو وەرزەكان یەكسان بێت، قووڵایی دەریاچەكە لە لێوارەكاندا دەگاتە (40) بۆ (45) مەترو لە بەشی ناوەڕاستی دەگاتە (80 – 85) مەتر، بەڵام بە بەشی باكووری ڕۆژهەڵاتی تاكو (110) مەتریش دەگات، ئەو دەریاچە بە درێژایی مێژووی خۆی چەند ناوێكی جیاوازی لەخۆ گرتووە لەوانە گنزك یا كنزك، گنزە، گنجك، جیس، گەنجە، جنزر، گزن و گنگی لەسەر نراوە.

 

هه‌واڵی گرنگ