كوردی‌و
به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌باره‌ی ڕه‌وشی ته‌ندروستیی هه‌ولێر هۆشداری ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت: "ئەو ماوەیه لە هەموو کەسێک دوور بن".
د. خاڵس قادر ئه‌حمه‌د، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، له هه‌ژماری تایبه‌تیی خۆی، له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك)، چه‌ند زانیارییه‌كی له‌باره‌ی ڕه‌وشی ته‌ندروستیی هه‌ولێر بڵاو كردووه‌ته‌وه و نووسیویه‌تی: "بەداخەوە ئێستا لە هەولێر کۆرۆنا لە لووتکەی بڵاوبوونەوەی خۆی دایە، چەند ڕۆژێکی دیكه‌ی دەوێت تاوەکوو دادەبەزێت و کەم دەبێتەوە، زۆر ئاگاداری خۆتان بن، سەلامەتترین شوێن ماڵەوەیە".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، "ئەو ماوەیه لە هەموو کەسێک دوور بن، جگە لە ئەندامانی ماڵەوە، دووریی دوو مەتر لەگەڵ هەر کەسێکی دیكه لە دەرەوە بپارێزە و ماسک بەکار بهێنە، زوو زوو دەستتان بشۆن، ئەگەر هەستت بە ناساغی کرد، لە ماڵەوە خۆت کەرەنتین بکە و مەچۆ لای کەس و کەس نەیەتە لات بۆ چەند ڕۆژێک".
روونیشیكردووه‌ته‌وه، "زۆربه‌ی حاڵەتەکانی تووشبوون به كۆرۆنا ئەگەر پشوو بدەن و لە ماڵەوە بمێننەوە، بە سووکی تێدەپەڕن، جووڵان و گەڕان و هاتوچۆ نەخۆشییەکە قورس‌تر دەکات، پشوودانی ناو جێگا زوو تێیدەپەڕێنێت".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هۆشداریش ده‌دات "ئەگەر بەتەمەنی یان نەخۆشیی درێژخایەنت هەیە، یاخود تایەکەت زۆر قورسە و بە پاراستۆڵ دانابەزێت، یان هەناسەت تەنگە، یاخود کۆکەکەت زۆرە و ڕێگە نادات پشوو بدەیت، لەو حاڵەتانە بۆ پشکنین و چارەسەر سەردانی نەخۆشخانە بکە".
به‌پێی دوایین ئاماره‌كانی وه‌زاره‌ت ته‌ندروستی هه‌رێم، تائێستا له پارێزگای هه‌ولێر چوار ھەزار و 737 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، له‌و ژماره‌یه‌ش سێ ھەزار و 97 كەس چاكبوونه‌ته‌وه و 131 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.