وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە ئاماژە بەوەدەكات، بەهۆی ئەوەی كە ژمارەی نەخۆشەكان كەمبووەتەوە ماوەی سێ ڕۆژە هیچ جۆرە پشكنینێكی تایبەت بە كۆرۆنا لە پارێزگاكە ئەنجامنەدراوە.
د. شاناز نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە ڕایگەیاندوە: ماوەی سێ ڕۆژە پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەڵەبجە ئەنجامنەدراوە بۆ گومانلێكراوانی كۆرۆنا، ئەوەش بەهۆی كەمیی ژمارەی نەخۆشەكان و كەمیی ژمارەی كارمەندانی تاقیگە، كە لەئێستادا بەهۆی جەژنی قوربانەوە لە پشوودان.
ئەوەشی راگەیاندوە"ئەگەر لەم ماوەی سێ ڕۆژەی ڕابردووشدا سامپڵ وەربگیرایە لە گومانلێكراوان ئەوا ئەنجامی پشكنینەكان هەر دەكەوتە پاش پشووی جەژن."
ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەنجامنەدانی پشكنینی كۆرۆنا لەماوەی ئەم سێ ڕۆژەدا بەو مانایە نایەت ئێمە هیچ رێكارێكارێمان نەگرتبێتەبەر بەرامبەر بەو كەسانەی كە گومانی تووشبوون بە نەخۆشییەكەیان لێدەكرێت، بەڵكو هەر هاووڵاتییەك نیشانەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنای هەبووبێت، بۆ ماوەی 24 كاتژمێر نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەڵەبجە كراوە بووە و ئەو نەخۆشانەی گومانی كۆرۆنایان لێ دەكرێت لە بەشی دابڕگەی تەندروستی (عزل) داخڵ دەكرێن و لە لایەن پزیشكی پسپۆڕی هەناوی ئیێشكگرییەوە دەبینرێن و پشكنینیان بۆ دەكرێت.
وتەبێژەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە جەختی لەوەشكردەوەتەوە، ئەگەر باری تەندروستی ئەو كەسانەی گومانی تووشبوون بە كۆرۆنایان لێبكرێت و باری تەندروستییان ناجێگیر بێت ئەوا بە ئامێری سیتی سكان پشكنینی كۆرۆنای بۆ ئەنجام دەدرێت و نەخۆشییەكەی دەستنیشاندەكرێت و چارەسەری پێویست وەردەگرێت تا ئەو كاتەی ئەنجامی پشكنینەكان دەردەچێت.
د. شاناز نەقشبەندی راشیگەیاندوە "سبەینێ سێشەممە جارێكی دیكە دەستدەكەینەوە بە ئەنجامدانی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە".