وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند ، نەخۆشخانەی رۆژئاوای شاری هەولێر تەرخان كراوە بۆ تووشبووانی كۆرۆنا و تا ئێستا پێنج نەخۆش لەم نەخۆشخانەیە خەوێنراون.
پەیامنێری كوردیو لە شاری هەولێر رایگەیاند ، دۆخی تەندروستی شارەكە لە مەترسیدایە و ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا رۆژ لەدوای رۆژ لەبەرزبوونەوەدایە ، لەئێستادا 1666 كەس ڤایرۆسەكە لەلەشیان چالاكە و چارەسەر وەردەگرن.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، لەشاری هەولێر (4981) كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا هاتوون ، لەو ژمارەیە (136) كەس گیانیان لەدەستداوە ، (3179) كەسیش چاكبوونەتەوە.
پەیامنێری كوردیو رایگەیاند ، تا ئێستا ئامادەكارییەكانی نەخۆشخانەی رۆژئاوا بەتەواوی نەكراوە بەڵام پێنج تووشبووی نوێ لەم نەخۆشخانەیە خەوێنراون و لەرۆژانی داهاتوو پێشوازی لە نەخۆشی دیكە دەكەن، نەخۆشخانەكەش توانای لەخۆگرتنی (165) نەخۆشی هەیە.