ئایا كه‌سێك دوو جار تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌بێت ؟
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئایا كه‌سێك دوو جار تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌بێت ؟

پزیشكێك له‌ باره‌ی دوباره‌ توشبونه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ پێشتر توشی په‌تای كۆرۆنا بونه‌و له‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ چاك بونه‌ته‌وه ده‌ڵێت،بە لێكدانەوەی نزیكی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ به‌ به‌راورد به‌ ڤایرۆسەكانی ترەوە، دەكرێت بۆ ئەم ڤایرۆسەش هەمان ئەنجامی هەبێت، واتە هەر كەسێك تووشی پەتاكە بێت، جاری دووەم یان تووش نابێتەوە، یانیش ئەگەر تووشبێت زۆر بەسووكی تووشی دەبێت، كە لەوانەیە جاری دووەم هیچ نیشانەیەكی تێدا دەرنەكەوێت.

د.سه‌ڵاح باڵه‌كی له‌ باره‌ی په‌تای كۆڕۆنا چه‌ند نهێنییه‌‌ك ئاشكراده‌كات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت،‌ پەتای كۆڤید–19 نەخۆشییەكی نوێیە لە جیهانی تەندروستی مرۆڤدا، پێشتر هیچ كەسێك بەرگری لەشی تایبەت بەم ڤایرۆسە نەبووە، چونكە پەتایەكی تازەیە لەناو خەڵكدا. شاره‌زایانی بواری نه‌خۆشیيه ڤایرۆسيیەكان زیاتر بەرەو ئەو راستییە دەچن، كە بەرگری لەش كلیلی سەرەكییە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم پ،ەتایە و ئاساییبوونەوەی ژیان. تێگەیشتن لە چۆنیەتی كاركردنى سيسته‌مى بەرگری لەش بۆ ئەم جۆرە پەتایانە زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتنمان لە داهاتووی خۆمان، بۆ ئەوەی بزانین چی دەگوزەرێت و بەرەو كوێ هەنگاو دەنێین.

ئه‌و پزیشكه‌  لێرەدا هەردوو بەشی بەرگری لەش بۆ میكرۆبە زیانبەخشەكان بە كورتی روون ده‌كاته‌وه‌:

1- بەرگری لەشى بنچینەیی (Innate Immunity)

بریتییە لەو بەشە بەرگریەی، كە هەر كاتێك تەنێكی نامۆی وەك میكرۆبە زیانبەخشەكان بچێتە ناو لەشی مرۆڤ، ئەو بەشەی بەرگری لەش هەندێك ماددەی كیمیایی دەردەكات، وەك وەڵامێك بۆ ئەو دوژمنە بێگانەیە و هەندێك جۆری خڕۆكە سپییەكان هێرش دەكەنە سه‌ر ئەو تەنە بێگانانە لە خانە تووشبووەكان و هەوڵی لەناوبردنیان دەدەن. ئەو جۆرە بەرگرییە كاریگەریه‌كى ئه‌وتۆى نییە بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

2- بەرگری لەشی دروستبوو:

بریتییە لەو بەرگریەی كە لە وەڵامی چوونە ژوورەوەی تەنی نامۆ بۆ ناو لەشی مرۆڤ دروست دەبێت و هەڵدەستێت بە بەرهەمهێنانی دژە تەنەكان، كە تایبەت بەو میكرۆبە زیانبەخشانەی كە هاتوونەتە ناو لەش. ئەو دژەتەنانە لەلایەن خانەی تایبەتی خڕۆكە سپییەكانەوە دروست دەبن، پێیان دەڵێن "بی سێل"، واتە خڕۆكە سپییەكانی بی، ئەم دژەتەنانە كە دروست دەبن، بە ڤایرۆسەكەوە دەلكێن و بە مەبەستی كرداری لەناوبردنیان بەهۆی هەندێ خڕۆكەی سپیی دیكەی وەك مایكرۆفیج، كە دەبنە هۆی شیكردنەوە و لەناوبردنی ڤایرۆسەكە.

واتە بۆ لەناوبردنی ئەو میكرۆبە زیانبەخشە "لێرەدا مەبەستمان ڤایرۆسی كۆرۆنا SARS COVID 2" كۆمەڵێك كرداری هێرشبەر روو دەدەن، كە سیستەمی بەرگری لەشی مرۆڤ رێكیان دەخات بۆ لەناوبردنی دوژمنەكە، كە دەكرێت سەركەوتوو بێت یان دۆڕاو.

بەگوێرەی ئەو تویژینەوانەی لەسەر كۆڤید19 كراون، كۆئەندامی بەرگری لەش پێویستی بە 1 تا 2 هەفتە هەیە، بۆ ئەوەی دژەتەنەكانی تایبەت دروست بكات بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ. ئەو نەخۆشانەی باری تەندروستیان زۆر خراپ دەبێت، دوای چاكبوونەوەیان بەرگرییەكی بەهێزتر دروست دەكەن لەوانەی بە سووكی تووشی پەتاكە دەبن، واتە لە هەردوو حاڵەتدا بەرگری دروست دەبێت، بەڵام بە رێژەی جیاواز. هەروەك ئەنجامی توێژینەوەكان دەریدەخەن كە هەموو ئەو تووشبووانەی دژە تەنیان دروست كردووە "تی سێل"ـیشیان هەیە، كە رۆڵێكی گرنگیان هەیە بۆ لەناوبردنی خانە تووشبووەكان. لێرەدا پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە، كە بەرگری لەش بۆ كۆڤید19 دروست دەبێت، بۆ ماوەی چەند دەمێنێتەوە و بۆ ماوەی چەند ساڵ چاكبووەكە پارێزراو دەبێت لە پەتاكە؟

میمۆری یان بیرخەرەوەی كۆئەندامی بەرگری لەش زۆر لە میمۆری مرۆڤەكان ده‌چێت، واتە دەكرێت هەندێك شت لە بیرمان بە شێوەیەك تۆمار بكرێت، كە هەرگیز لەبیریان نەكەین، بەڵام زۆر شتیش هەیە كە زۆر بە ئاسانی لەبیریان دەكەین، به‌هەمان شێوە كۆئەندامی بەرگریی لەش هەندێ نەخۆشی بەباشی تۆمار دەكات، كە جاری دووەم نایگرێتەوە، نموونەش بۆ ئەوە سۆریكە، كە مرۆڤ تەنها یەك جار تووش دەبێت یان پێكوتەی لێ دەدرێت و دواتر تووش نابێتەوە، چونكە بەرگریی لەشی بەهێز لە دژی دروست دەبێت بۆ تەواوی ژیانی. لە هەمانكاتیشدا نەخۆشی دیكە هەیە كۆئەندامی بەرگری لەش زۆر بە ئاسانی لەبیریان دەكات و چەندین جار مرۆڤ تووشیان دەبێت، بۆ نموونە ڤایرۆسی ئەنفلۆوەنزا وەرزییەكان، كە جاری وا هەیە مرۆڤ لە یەك وەرزی سەرمادا 2 تا 3 جار تووشیان دەبێت.

ده ربارەی ئەم ڤایرۆسە نوێیە SARS COV 2

لەبەر ئەوەی نوێیە و هێشتا ماوەی چەند ساڵێكی بەسەر نەچووە تا بەتەواوی بزانرێت، كە ئایا بەرگری لەش بۆ ئەم ڤایرۆسە ئەوەندە بەهێزە، كە جارێكی دیكە كەسی تووشبوو تووش نەبێتەوە، ئەگەر واشبێت ئایا ماوەیەك تووش نابێتەوە یان بۆ تەواوی ژیانی؟ لێرەدا هەندێك ڤایرۆسی كۆرۆنای دیكە كە سەر بە هەمان خێزانن و ساڵانێكیشە تووشی مرۆڤ دەبن و لە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێوە نزیكن، كە دەكرێت بەراوردكردنی نێوانیان بەرچاوڕوونییەكمان بداتێ بۆ كۆڤید19.

هەندێك توێژینەوە لە زانكۆی كینگ كۆلیژ لەندەن دەریانخستووە، كە دژە تەنە تایبەتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ دوای 3 مانگ زۆر لاواز بوونە بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسەكە، هەرچەندە خانەكانی بی سێل دەمێنن، كە بەشێوەیەكی ئاسانتر و خێراتر لە جاری یەكەم ئەم دژە تەنانە دروست دەكەنەوە.

بۆ نموونە خانەكانی B بۆ ئەنفلۆوەنزای ئیسپانی "پەتایەك بوو لە ساڵی 1918 لە ئیسپانیا سەری هەڵدا و لە سەرانسەری جیهان نزیكەی 500 ملیۆن كەس تووشی پەتاكە بوون و نزیكەی 50 ملیۆن كەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا" تا دوای 90 ساڵیش لەناو لەشی تووشبووەكان مانەوە.

نموونەی دیكە لە توێژینەوەكانی دیكەدا باس كراون، وەك ڤایرۆسی كۆرۆنای سارس لە ساڵی 2002 لە چین بڵاوبووەوە، خانەكانی ((T Cell دوای 17 ساڵ لە لەشی هەندێك تووشبوو مانەوە.

بە لێكدانەوەی نزیكی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە ڤایرۆسەكانی سەرەوە، دەكرێت بۆ ئەم ڤایرۆسەش هەمان ئەنجام هەبێت، واتە هەر كەسێك تووشی پەتاكە بێت، جاری دووەم یان تووش نابێتەوە، یانیش ئەگەر تووشبێت زۆر بەسووكی تووشی دەبێت، كە لەوانەیە جاری دووەم هیچ نیشانەیەكی تێدا دەرنەكەوێت.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی "WHO" زۆر بە روونی باسی ئەوە دەكات، كە دژەتەنی چالاك لەناو پلازمای خوێنی چاكبووەكان زۆرە و دەكرێت وەك چارەسەریش بەكاربهێنرێت، بە تایبەت لە قۆناغی سەرەتای تووشبوون.

لێرەدا پرسیارێكی دیكە دێتە پێشەوە، ئەویش: بەرگری لەشی هاوبەش

"Cross Immunity" واتە بەرگری لەش لە دژی ڤایرۆسێك ببێتە بەرگری لە دژی ڤایرۆسی دیكە، بۆ نموونە له ناو ئەندامەكانی هەمان خێزانی ڤایرۆسی وەك خێزانی كۆرۆنا؟

خێزانی كۆرۆنا كۆمەڵێك ڤایرۆس دەگرێتەوە، هەندێكیان لە مێژوودا نەخۆشی و پەتای دیكەیان بۆ مرۆڤ هێناوە. لەوانەش 4 جۆریان كۆرۆنای 229E، NL63، OC43، HKU1 كە بەرپرسن لە 15 تا 30%ی هەڵامەتە وەرزییەكان لە جیهان.

دوانیان كەOC43، HKU1 لە هەمان گروپی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێن SARS COV2 كە گروپی بێتا كۆرۆنایە.

لە رابردوودا توێژینەوە لەسەر دوو جۆره‌كەی OC43، HKU1 كراون، كاتێك تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنای OC43 دژە تەنی تایبەتی دروستكردبوو، دوای 20 مانگ ئەو دژە تەنانە رۆڵیان لە بەرگری لەشی نەخۆشەكە لە دژی ڤایرۆسی HKU1

هەبوو. لێرەدا دەكرێت بگەینە ئەو ئەنجامەی كە تووشبوو بەم ڤایرۆسانەش دەكرێت بەرگری لەش لە دژی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ دروست بكەن، چونكە هەرسێكیان لە هەمان گروپ و هەمان خێزانی كۆرۆنان.

بە ئەنجامی ئەمەش لەوانەیە بگەینە ئەو راستیەی كە بۆچی تووشبووانی كۆڤید19 بە رادەی جیاواز نیشانەكانیان تێدا دەردەكەوێت، نەخۆشی وا هەبووە تەمەنی 50 ساڵ بووە و زۆر بە توندی گرتوویەتی و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی، لە هەمان كاتدا نەخۆشی وا هەبووە كە تەمەنی 100 ساڵ بووە، كەچی بە لاوازی گرتوویەتی و چاكبووەتەوە.

دەكرێت هۆكاری جیاوازی لە توندی نەخۆشیەكە وا لێك بدرێتەوە، كە ئەوانەی بە لاوازی دەیگرن لەوانەیە بەرگری لەشیان لە ڤایرۆسەكانی دیكەی هه‌مان خيزان بۆ مابێتەوە و ئەوانەش كە بە توندی دەیگرن، زۆر كەمتر یان هەر تووشی ڤایرۆسەكانی هەڵامەتی نزیك لە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ نەبووبن.

توێژینەوەكان بەردەوامن لەسەر هەموو لایەنەكانی ئەم پەتایە نوێیە، بە تایبەت لەسەر لایەنی كۆئەندامی بەرگری لەش، كە دڵنیام لە داهاتوو وەڵامی رۆنترمان دەست دەكەوێت بۆ هەموو ئەو پرسیارانەی لەسەر ئەم ڤایرۆسە نوێیە دەكرێن.

هه‌واڵی گرنگ