دەزگا راگەیاندنەكان گێڕانەوەیەكی تر بۆ هۆكارەكانی تەقینەوە بەهێزەكەی بەیروت دەكەن، رایانگەیاندووە، كەشتییەك كە هۆكاری روودانی تەقینەوەكە بووە لە بەندەری باتومییەوە لە جۆرجیا دەستی بە جوڵەكردووەو بە ئەنجام لە بەندەری بەیروت لەنگەری گرتووە.
بەپێی ئەو گێڕانەوەیە، كەشتییەكە كەناوی "Rhosus"بووەو، ئاڵای وڵاتی موڵدافیای هەڵگرتبوو، لە 3ـی 9ـی 2013 لە بەندەری باتومی لە وڵاتی جۆرجیا دەستی بە جوڵەكرد، 2750 تەن مادەی نیترانی ئەمۆنیۆمی هەڵگرتبوو، كە مادەیەكە لە دروستكردنی پەینی كیمیایی و هەروەها دروستكردنی تەقەمەنیشدا بەكاردێت و مادەیەكی هەستیارە، مادەكە لەئاودا دەتوێتەوەو زووش گڕدەگرێت.
پاش دەستپێكردنی بە جوڵە كەشتی "Rhosus" رووەو وڵاتی مۆزەمبیق رۆشتووه، بە ئەنجامیش هاتووەو لە بەندەری بەیروت لەنگەری گرتووە.
بەپێی ئەو زانیارییانە، كەشتییەكە پاش لەنگەرگرتنی لە بەندەری بەیروت، لەلایەن پسپۆڕانەوە پشكنینی بۆ كراوە، وەك چۆن بۆ هەموو كەشتییەكی تر دەكرێت، بەڵام ئەنجامی پشكینینەكان دەریخستووە كە كەشتییەكە كێشەی تەكنیكی زۆری تیایەو نابێت پرۆسەی خاڵی كردنی ئەنجامبدرێت.
پاشانیش ستافی كەشتییەكە نێدراونەتەوە بۆ وڵاتەكانی خۆیان، جگە لە كابتنەكەی و سێ هاوەڵانی.
بەپێی ئەو گێڕانەوەیە كە ئاژانسی روسیا تودەی بڵاویكردوەتەوەو بەشێك لە میدیا جیهانییەكان گرینگییان پێداوە، تەواوی هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەشتییەكە شكستی هێناوە پاش ئەوەی چەندین جار پەیوەندی كراوە بە خاوەنەكەیەوە، رێگریش كراوە لەوەی كە ستافی كەشتییەكە بچنە خاكی لوبنانەوە.
پاش مانەوەی كەشتییەكە بەو حاڵەوەو شكستهێنانی تەواوی هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی گرفتەكەی و دابیننەكردنی سوتەمەنی و پێداویستییەكانی تری، كێشەكە گەورەتر بووەو مەترسی روودانی كارەساتی مرۆیی گەورەی لێكراوە، بەتایبەتی هەموو هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو كەشتییە شكستی هێناوەو خاوەنەكەشی نەهاتوەتە سەرخەت.
پاش ئەوەی كە مەترسییەكان گەورەتر بوون و ژیانی ستافی سەر كەشتییەكە دەكەوێتە مەترسییەوە ئەوانیش دەنێدرێنەوە بۆ وڵاتەكانی خۆیان ئەوەش بە بڕیاری لەناكاوو خێرای دادگا.
هەوڵی زۆریش درابوو بۆ ئەوەی باری كەشتییەكە لە بازاڕی ئازاددا بفرۆشێت كە دەسەڵاتداران وەك رێگایەك بۆ رەواندنەوەی مەترسییەكان لێیان ڕوانیبوو، بەڵام ئەو هەوڵەش شكستی هێنابوو، هیچ كۆمپانیاو لایەنێك زاتی ئەوەیان نەبوو كە ئەو مامەڵە بازرگانییە ئەنجامبدەن، تا ئەو كاتەش خاوەنی كەشتییەكە بێدەنگی هەڵبژاردبوو، دەسەڵاتدارانیش هیچ رێگاو چارەسەرێكیان شك نەدەبرد.
بەپێی ئەو گێڕانەوەیە، پاش هەوڵێكی زۆر چەند تەنێك لەو مادەیە لە نێوان ساڵانی 2014ـو 2015 فرۆشراوە، بەڵام باقی مادەكە وەك خۆی لەناو كەشتییەكەدا مابووەوە، دۆخی كەشتییەك وەك خۆی بە مەترسییەوە ماوەتەوە.
تا دوێنێ 4ـی ئابی 2020 بەهۆی لەحیمكردن لە نزیكی كەشتییەكە ئاگر لە كەشتییەكە كەوتوەتەوەو بە ئەنجامیش بووەتە هۆی روودانی تەقینەوەیەكی گەورە كە بەپێی نوێترین ئامار، 100 كوژراوو 4 هەزار برینداری لێكەوتەتەوەو رووبەرێكی زۆری شاری بەیروتی وێرانكردووەو بەپێی هەواڵی ئاژانسی رۆیتەرز دەنگی ئەو تەقینەوە بەهێزە لە دووگەری قوبرس بیستراوە.