ژمارەیەك تانكەر كە 100 هەزار بەرمیل گازوایلیان هەڵگرتووە و لەسەر داوای حكوومەتی عێراق رەوانەی لوبنان كرابوون، گەیشتنە ئەو وڵاتە.
میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە ئەو تانكەرانەی كە 100 هەزار بەرمیل گازوایلیان هەڵگرتووە لەڕێگەی سووریاوە ،گەیشتوونەتە لوبنان.
دوای ئەو تەقینەوە بەهێزەی كە رۆژی سێشەممەی رابردوو لە بەندەری شاری بەیروت روویدا، سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی داوای كردبوو سووتەمەنی رەوانەی لوبنان بكرێت.
دوێنێ چوارشەممە شاندی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی وەزیری نەوت، ئێحسان عەبدولجەبار سەردانی لوبنان-ی كرد و هاوخەمی خۆی بۆ كەسوكاری قوربانییانی تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت نیشان دا.
رۆژی سێشەممەی رابردوو تەقینەوەیەكی بەهێز لە بەندەری شاری بەیروت رووی دا كە بەهۆیەوە تا ئێستا 135 كەس كوژراون و پێنج هەزاری دیكەیش برینداربوون، هەروەها تەقینەوەكە زیانێكی زۆری ماددیشی لێكەوتەوە.