بەهۆی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەولێر باری تەندروستی ژمارەیەكی زۆر لە تووشبووان ناجێگیرەو دكتۆر و كارمەندانی كەرتی تەندروستی داوا لە هاوڵاتیان و چین و توێژە جیاوازەكان دەكەن پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەكان بن، چونكە بارودۆخەكە خراپەو ڕۆژانە حاڵەتی ناجێگیر تۆمار دەكرێن.
(د. عیماد ئەحمەد) سەرۆكی پزیشكانی گشتی نەخۆشخانەی رزگاری بۆ دەنگی ئەمریكا وتی: پێشتر لە مانگێكدا سێ تۆن ئوكسجینی شل بەكاردەهێنرا، بەڵام لە ئێستادا ڕۆژانە سێ تۆن بەكاردەهێنین، نەخۆش زۆرەو حاڵەتەكان ناجێگیرن، ڕێژەی مردن بەراورد بە وڵاتانی زلهێز و پێشكەوتوو زۆر باشترە بەردەوام دكتۆرو كارمەندەكان لەناو نەخۆشخانەن لای نەخۆشەكان، بەڵام كۆنتڕۆڵ ناكرێت، كۆنتڕۆڵی ئەو ڤایرۆسە كوشندەیە بە كەس نەكراوە لە جیهاندا، بەڵام ئەوەی ئێمە كردوومانە هەست ناكەین لە شوێنی تر كرابێت هەموو جیهازمان دابینكردووە، نەخۆشخانەی رزگاری هەموو قاتەكانی بوونەتە عینایە، زۆربەی ئەو حاڵەتانەی كە دێن ناجێگیرن و حاڵەت زۆر زۆرەو لە دوو هەفتەی داهاتوو هەست دەكەین خراپتر دەبێت لەبەر ئەوەی دەگاتە پیكەكەی ئەوەی گرتی و ئەوەی لێ رزگاربوو.
سەرۆكی پزیشكانی گشتی نەخۆشخانەی رزگاری وتیشی: وەزیری تەندروستی زۆر هاواری دەكردو بەڕیوەبەری تەندروستی و ئێمە هەر قسەمان دەكرد كەس باوەری بە ئێمە نەبوو پابەند نەبوون بە رێنماییەكانی تەندروستی دەیانوت كۆرۆنا راست نیەو سیاسیەو بابەتی موچەیە تا وایلێهات، تەنها لە نەخۆشخانەی ڕۆژهەڵات 50 كارمەندو دكتۆر تووشی كۆرۆنا بوونە و لە رزگاریش تا 40 كارمەندو دكتۆر تووش بوونە و زۆر خەڵكیش هەیە لە ماڵەوە خۆیان كەرەنتینە دەكەن.
دكتۆر عیماد ئەحمەد سەرۆكی پزیشكانی گشتی نەخۆشخانەی رزگاری دەڵێت، ڕێژەی (18%) ی دانیشتووانی ناو سەنتەری شاری هەولێر تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە، وتیشی: ئێمە لەناو بارودۆخەكەداین خەڵك لە دەرەوەیە ئێمە دەزانین بارودۆخەكە چەندە ناجێگیرەو بارودۆخی نەخۆشەكانمان چەند خراپە.
بەپێی داتاكانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان كۆی گشتی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە (15,577) كەس لەو ژمارەیەش (597) كەس گیانیان لە دەستداوە.