بەرپرسانی عێراق بڕیاریانداوە پێداچوونەوە بەسەر هەموو كەرەستە مەترسیدارەكانی كە لە ئەمبارو كۆگاكانی بەندەرەكان و فڕۆكەخانەكاندا هەیە بكەن ئەمەش پاش تەقینەوەكەی ڕۆژی سێشەممەی لوبنان كە بەهۆی ماددەی نیتراتی ئەمۆنیۆم بوو كە لە ئەمبارێكی بەندەری بەیروتی پایتەخت هەڵگیرابوو.
لێژنەیەكی كە بەپەلە دامەزراووەو بە سەرۆكایەتی (عومەر عەدنان وائیلی) سەرۆكی دەستەی بەڕێوەبردنی خاڵە سنورییەكانی عێراق دەڵێت: ئەركی ئەنجامدانی ئەو كارەی پێسپێردراوەو (72) كاتژمێر بەخۆی دەدات بۆ تەواوكردنی كارەكە.
ئەو دەستەیە دەڵێت، ئامانجەكەیان ئەوەیە دڵنیابن ئەوەی كە لە لوبنان ڕوویدا لە عێراق ڕوونەداتەوە.
ئەو تەقینەوە گەورەیەی كە ڕۆژی سێشەممە سەرانسەری پایتەختی لوبنانی هەژاند بەهۆی تەقینەوەی (2750) تۆن ماددەی نیتراتی ئەمۆنیۆم, كە یەكسانە بە نزیكەی (1100) تۆن (TNT) بوو كە چەندین ساڵە لەو بەندەرەی شارەكە ئەمبار كرابوو.
كاربەدەستێكی ئاسایش رایگەیاندووە، ئەو ماددەیە لە ساڵی (2013) لە ناو كەشتییەك كە ئاڵای مۆلدۆڤیای پێوەبووەو لە گورجستانەوە بۆ مۆزەمبیق دەڕۆشت گیراوە.
چەند كاربەدەستێكی ئاسایشیش ڕایانگەیاندبوو، كاربەدەستانی بەندەرەكە ئەو ماددەی نیتراتی ئەمۆنیۆمەیان لەیەكێك لە ئەمبارەكانی كە دیوارەكەی درزی تێدابوو هەڵگرت.
كاربەدەستانی ئاسایش لە ساڵی (2019) لێكۆڵینەوەیان دەستپێكرد پاش ئەوەی بە پێی ڕاپۆرتان بۆنێكی نامۆی لێ دەهات و لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە بڕیاردرا ئەو ماددە مەترسیدارە لەوێ لابدرێت، بەڵام هیچ هەنگاوێك نەننرا.
لە ئێستادا توڕەبوونێكی زۆر لە لوبنان سەریهەڵداوە لەسەر ئەوەی چۆن بۆ ماوەیەكی ئەوەندە زۆر ئەو بڕە زۆرە ماددە مەترسیدارە لە ناوجەرگەی پایتەختدا هەڵگیراوە.
ئەو ڕووداوەی بەیروت لە كاتێكدایە ماوەیەكە خۆپێشاندانی ناڕەزایی لە لوبنان بەردەوامە دژ بە خراپی باری ئابوری و سیستەمی سیاسی وڵاتەكە.
عێراقیش لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا چەندین خۆپێشاندانی دژ بە سیستەمی سیاسی و گەندەڵی بەخۆوە بینیوە.
گەرمای هاوینی عێراق مەترسییەكانی ڕووداوێكی لەوجۆرە زیاتر دەكات ئەگەر ماددەی مەترسیدار بە خراپی هەڵگیرابێت.
تەقینەوەی عەمباری چەك لە ناوچەی دانیشتوان لە ڕابردوودا لە عێراق ڕووداوە، بەڵام ئەم جۆرە ڕووداوانە زۆربەی جار بەهۆی شەڕ پشتگوێ خراون.