سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: پێشبینی دەكرێت بەمزوانە مووچەی مانگی سێ دابەش بكرێت، بەڵام لەبەر بێ متمانەی نێوان هەرێم و بەغدا ناتوانین ڕۆژەكەی دیاری بكەین.
د.شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان بە كوردیوی ڕاگەیاند: بەپێی ئەو زانیارییانەی كە بەدەستمان گەیشتووە، هەواڵێكی دڵخۆشكەر لەسەر دابەشكردنی مووچەی مانگی سێی ساڵی 2020 هەیەو لەم ڕۆژانەدا ڕێككەوتنێك لەسەر چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغدا واژۆ دەكرێت.
هەروەها ووتیشی: بەپێی زانیارییەكان حكومەتی بەغدا بڕێك پارە بۆ مووچە دەنێرێت و حكومەتی هەرێمیش لە داهاتی ناوخۆ پارە ئامادە دەكات و بەو شێوەیە مووچەی مانگی سێی پێدابەش دەكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە ناتوانین بڵێین لەو ڕۆژەدا ڕێككەوتن دەكرێت و بەغدا پارەكە دەنێرێت بۆ هەرێم و مووچە دابەش دەكرێت، هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەردوولا جێگەی متمانە نین و دەكرێت لە هەر ساتێكدا بێت هەڵوێستەكان بگۆڕێن.