كوردی‌و
وه‌زاره‌تی كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تیی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، دەوامی فەرمانگەیەک بەهۆی په‌تاى کۆرۆناوه بۆ ماوه‌ى یه‌ك هه‌فته راده‌گرێت.
ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه 9-8-2020 له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست (كوردی‌و) كه‌وتووه، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بڵاویكردووه‌ته‌وه: "لەسەر ڕاسپاردەی کوێستان محه‌مه‌د، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و بەهۆی تووشبوونی بەشێک لە فەرمانبەران بە کۆرۆنا، بڕیار درا دەوام لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر بۆ ماوه‌ى هەفتەیەک ڕابوەستێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، هاووڵاتییان بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانیان دەتوانن هەفتەی داهاتوو 16-8-2020 سەردانی فه‌رمانگه‌كه بکەن.
به‌پێی دوایین ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم، تائێستا له پارێزگای هه‌ولێر پێنج ھەزار و 920 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، له‌و ژماره‌یه‌ش سێ ھەزار و 511 كەس چاكبوونه‌ته‌وه و 162 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.