پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر شه‌ش خاڵ ڕێككه‌وتن
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر شه‌ش خاڵ ڕێككه‌وتن

كۆبوونەوەی شاندی بالای یەكێتی و پارتی لە دوكان كۆتایی هات و ده‌رئه‌نجام لەسەر 6 خاڵ ڕێككەوتن.

بەپێی ڕاگەیەنراوی هاوبەشی یەكێتی و پارتی، هەردوولا كۆك بوون لە سه‌ر خۆ دورگرتنی راگەیاندنی هەردوولا لە شێوازی نووسین و بڵاوكردنەوەی گرژ و زبر لەهەموو جۆرە كەناڵەكانی راگەیاندن.

بڕیاریشدرا كۆبوونەوەی فراوانی هەردوو مەكتەبی سیاسی لە داهاتوویەكی نزیكدا لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر ئەنجامبدرێت.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
راگەیاندراوی كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان

رۆژی سێ شەممە، رێكەوتی 11ی ئابی 2020، شاندی تایبەتی گفتوگۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری دوكان كۆبوونەوە و چەند تەوەرێكی پەیوەست بە پەیوەندییەكانی هەردوولایان خستە بەرباس و گفتوگۆ و بڕیاری پێویستیان لە بارەوە وەرگیرا.

یەكەم/ هەردوولا كۆكبوین لەسەر جێبەجێكردنی ناوەرۆكی رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتی و یەكێتی كە لە 4ی ئاداری 2019 ئیمزاكراوە و لە هەموو روێكەوه بەگشتی‌ و بەتایبەتی لە بابەتی پەرلەمان و حكومەت، بەشێوەیەك كە هاوكاری حكومەت و ئۆرگانەكانی بێت بۆ سەركەوتن بەسەر ئەو دۆخە تەندروستیەی كە پەتای كۆڕۆنا دروستی كردووە و هەروەها باری ئابووری و گوزەرانی هاوڵاتیان و باشتركردنی.

دووەم/ هەردوولا كۆك بووین لە پشتیوانیكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆحوكمڕانی لە سەرتاسەری كوردستان، بۆ ئەمەش بە پەسەند زانرا رێككەوتنی ئیداری نێوان هەردوولا جێبەجێبكرێت و هەروەها لە هەر شوێنێك گرفتێك بێتە پێش بە تەفاهوم و هاوكاری نێوان هەردوولا بە ڕەچاوكردنی لایەنه بەشدارەكانی دیكە لە حكومەت‌ چارەسەری بۆ بدۆزرێتتەوە و هەروەها شۆڕكردنەوەی بۆ تەواوی دەڤەرەكان لە ئایندەدا.

سێیەم/ راگەیاندنی هەردوولا خۆیان بەدوربگرن لە شێوازی نووسین و بڵاوكردنەوەی گرژ و زبر لەهەموو جۆرە كەناڵەكانی راگەیاندن.

چوارەم/ هەردوولا كۆكبووین لە پەلەكردن بۆ جێبەجێكردنی بڕگی ئەلف لە خاڵی شەشەمی رێككەوتنی سیاسی نێوان هەردوولا، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەی‌ تایبەت و پسۆڕ لە هەردوولا پێكدێت بۆ یارمەتیدانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و زیاتر خزمەتكردنی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان.

پێنجەم/ سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردن و هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق، بۆ هاوهەڵوێستی هەردوولا كۆكبووین كە دەزگاكانی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە هاوبەشی و بە راوێژ لەگەڵ تیمی هەردوولا لە حكومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دیراسەی بابەتەكە بكەن و پێشنیاری گونجاو بدەنە هەردوو مەكتەبی سیاسی.

شەشەم/ بۆ سودوەرگرتن لەكات و زوتر جێبەجێكردنی بڕیارەكان، بڕیاردرا كۆبوونەوەی فراوانی هەردوو مەكتەبی سیاسی لە داهاتوویەكی نزیكدا لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر ئەنجامبدرێت.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان

پارتی دیموكراتی كوردستان

 

هه‌واڵی گرنگ