كاریگه‌رى ئافره‌تان له‌سه‌ركه‌وتنى كۆچى پێغه‌مبه‌ردا
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

كاریگه‌رى ئافره‌تان له‌سه‌ركه‌وتنى كۆچى پێغه‌مبه‌ردا

 

له‌ دایكبوونى پێغه‌مبه‌ر (د.خ) مژده‌ ده‌رى ڕۆژێكى ڕووناك‌و نوراوى بوو بۆ سه‌ر زه‌وى، دواى ئه‌وه‌ى ئه‌م پیاوه‌ مه‌زن‌و ڕه‌وشت به‌رزو ئه‌مینه‌ له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه‌ ڕاسپێردرا كه‌ پێغه‌مبه‌رى ئاخر زه‌مانه‌، مرۆڤه‌كان ڕۆژ له‌دواى ڕۆژ به‌رگى ئارامى‌و یه‌كسانى‌و ئازادییان پۆشى...له‌م نێوه‌نده‌شدا ژنان ماف‌و ئازادییان هه‌روه‌ك پیاوان پێبه‌خشراوه‌ له‌ دوو جاركۆیله‌ بوون ڕزگاریان بوو.
ژن، له‌ سه‌رجه‌م قۆناغ‌و ساته‌كاندا پشتیوان‌و خزمه‌تگوزارى ئاین‌و پێغه‌مبه‌رى خوا بوو(د.خ)... هیچ هه‌نگاوێكى پێغه‌مبه‌ر نه‌بووه‌ ژن وه‌ك (هاوسه‌ر، كچ، پور، خزم، ژنانى موسڵمان...) هاوڕێى نه‌بووبن.
جێگه‌ى خۆیه‌تى له‌م بۆنه‌ گه‌وره‌و مه‌زنه‌ى مێژووى مرۆڤایه‌تى كه‌ ڕه‌وڕه‌وه‌ى مێژووى گۆڕى‌و گۆڕانكارى گه‌وره‌ى دروستكرد‌و ده‌ستورێكى گشتگیرى لێ له‌ دایك بوو، باسى كاریگه‌ر بوونى ژنان له‌ نه‌خشاندن‌و سه‌رخستنى ئه‌و پرۆسه‌ گه‌وره‌یه‌دا بكه‌ین، كه‌ پرۆسه‌ى كۆچكردنى گه‌وره‌ترین مرۆڤى سه‌رزه‌وى له‌ ده‌ست زوڵم‌و سته‌م‌و توندوتیژى بوو، بۆ بونیادنانى ئاشتى‌و ئارامى‌و ئازادى‌و یه‌كسانى‌و برایه‌تى..
هه‌روه‌ها ئه‌م ڕۆڵ به‌خشینه‌ به‌ ژنان‌و ئافره‌تان له‌و كاته‌ ناسك‌و هه‌ستیاره‌دا له‌ لایه‌ن پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ نیشانه‌ى كاریگه‌رى‌و پێویستى ژیانه‌ به‌ بوونى ژنان له‌ سه‌رجه‌م كایه‌و بواره‌كانى ژیاندا به‌بوارى سیاسیشه‌وه‌.
له‌ هیجره‌تتدا ژنان‌و ئافره‌تان شانبه‌شانى پیاوان خۆیان كرده‌ قوربانى، ئه‌ویش كاتێك پێغه‌مبه‌رى خوا ده‌یزانى وده‌یبینى ئه‌زیه‌ته‌كانى قوره‌یش بۆ هاوه‌ڵان ڕۆژ به‌ڕۆژ له‌ زیادبوندایه‌ له‌لایه‌ك هه‌وڵى ئه‌دا جێگه‌یه‌ك بدۆزێته‌وه‌ وه‌ك په‌نایه‌ك بۆ پاراستنیان له‌و ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌یه‌و له‌لایه‌كى تره‌وه‌ بۆگه‌یاندنى بانگه‌وازه‌كه‌ى، ئه‌وه‌بوو له‌ مه‌وسیمى زیاره‌تى ماڵى خودا، (یه‌سریبیه‌كان) هاتبوون بۆ زیاره‌ت، پێغه‌مبه‌ر له‌گه‌ڵیان گفتۆگۆى كرد له‌ عه‌قه‌به‌دا‌و په‌یمانیاندا ساڵى داهاتوو بێنه‌وه‌....هتد، دواى ئه‌وه‌ ساڵى دواتر هاتنه‌وه‌ (75)كه‌س بوون (2) له‌وانه‌ ئافره‌ت بوون، له‌ عه‌قه‌به‌ى دووه‌مدا په‌یمانیان به‌ پێغه‌مبه‌ردا به‌ پاراستنى خۆى‌و ئاینه‌كه‌ى‌و سه‌ر و ماڵ بكه‌نه‌ قوربانى، ئه‌و دوو شێره‌ ژنه‌ (نوسه‌یبه‌ى كچى كه‌عب‌و ام مه‌نیع) بوون، كه‌ بۆ ئه‌كاته‌ له‌و په‌یمانه‌ گه‌وره‌و مه‌ترسیداره‌، گه‌وره‌یی ژن‌و بوونى پێگه‌ى ته‌واوى ژنان ده‌رده‌خات، په‌یمانى عه‌قه‌به‌، په‌یمانى پشتیوانى كردن‌و خۆبه‌خت كردن بوو بۆ خواو پێغه‌مبه‌رى خوا، ئه‌م ژنانه‌ دوو ژنى خاوه‌ن ئیراده‌و ویستى سه‌ربه‌خۆبوون، هه‌روه‌ها به‌هۆى ئه‌مانه‌وه‌ ماڵ‌و مناڵیان باوه‌ڕیان هێنا، نوسه‌یبه‌ى شێر به‌رده‌وام چاوى له‌ ڕێگه‌ بوو بۆ هاتن‌و قدومى پیرۆزى پێغه‌مبه‌رى خوا (د.خ).
هه‌روه‌ها ئه‌و دایكه‌ به‌ڕێزه‌ى هه‌واڵى كۆبونه‌وه‌ى قوره‌یش‌و پلانه‌ گڵاوه‌كه‌یاندا به‌ پێغه‌مبه‌ر(د.خ) و پاشان پارێزگارى كردنى ئه‌و نهێنییه‌ قورسه‌ له‌ لایه‌ن خاتوو ئه‌سما‌و عایشه‌و نه‌دركاندنى لاى هیچ كه‌س ته‌نانه‌ت دواى ئازاردانیشیان له‌لایه‌ن دڕنده‌ترین پیاوى قوڕه‌یشه‌وه‌، بردنى خواردن به‌و ڕێگه‌ پڕ مه‌ترسیه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌سمائه‌وه‌ بۆ پێغه‌مبه‌رو باوكى، كه‌ له‌و ساته‌وه‌خته‌دا پیاویش نه‌یده‌وێرا به‌و ڕێگه‌یه‌دا بڕوات بۆیه‌ له‌ لایه‌ن پێشه‌واى مرۆڤایه‌تییه‌وه‌ نازناوى (ذات النطاقین)ى پێبه‌خشرا، په‌سه‌ندكردن‌و ناسینى ڕه‌وشتى جوانى پێغه‌مبه‌ر (د.خ) له‌ لایه‌ن (ام معبد) له‌ چادره‌كه‌یدا‌و خزمه‌تكردن وه‌سفكردنى به‌ جوانترین شێوه‌ بۆ هاوسه‌ر و پاراستنى ئه‌م نهێنیه‌ لاى خۆیان ئه‌مانه‌و له‌ چه‌ندان نموونه‌ى تردا، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئافره‌تان بۆ ئه‌م (كۆچه‌)
هه‌موو بوونى خۆیان پێشكه‌ش به‌ پێغه‌مبه‌رو سه‌ركه‌وتنى ئه‌م ئایینه‌ كرد، به‌بێ پاشكۆیه‌تى‌و چاوه‌ڕوانى بۆ فه‌رمانى گه‌وره‌تر...له‌ هه‌مانكاتدا پۆله‌ ژنێكى تر دلێرانه‌و سه‌ربه‌رزانه‌ ماڵ‌و حاڵى خۆیان‌و زێدى باوباپیرانیان به‌ ئومێدى سه‌ركه‌وتنى ئاینى ئیسلام‌و پارێزگارى كردن له‌ بیر‌وباوه‌ڕى خۆیان به‌جێهێشت، له‌و لاشه‌وه‌ چه‌ندان ژنى تر له‌ لایه‌ن كه‌س‌و كارو بنه‌ماڵه‌كه‌یانه‌وه‌ ڕێگریان لێكراو به‌ند كران‌و له‌ مه‌ككه‌ هێڵرانه‌وه‌، ام سلمه‌ نموونه‌ى ژنێكى خاوه‌ن باوه‌ڕى به‌توانا بوو ئه‌و كۆچى كردبوو بۆ حه‌به‌شه‌و پاشان گه‌ڕابویه‌وه‌، له‌ كۆچى پێغه‌مبه‌ردا بۆ مه‌دینه‌ كه‌س‌و كارى ڕێگریان لێكردو نه‌یانهێشت له‌گه‌ڵ هاوسه‌ریدا بڕوات‌و منداڵه‌كه‌شیان لێ سه‌نده‌وه‌، پاش یه‌ك ساڵ له‌ چاوه‌ڕوانى‌و شین‌وزارى له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگه‌یه‌ دڵى كه‌س‌وكار نه‌رم بوو به‌ ته‌نها‌و له‌گه‌ڵ سه‌لمه‌ى كچیدا كۆچیان كردوو (500) كیلۆمه‌تریان به‌ته‌نها بڕى به‌ره‌و لاى پێغه‌مبه‌ر(د.خ) و هاوسه‌ره‌كه‌ى تا دڵى ئاسوده‌و ئارام بوو..ئه‌م سه‌ربورده‌ مێژوویه‌ بۆ پێگه‌ى ژن له‌ كۆچى پێغه‌مبه‌رى خودا‌و هاوكاریان بۆسه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌كه‌ كه‌ جێگه‌ى نرخاندن‌و هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌ر كردنه‌ له‌ چه‌ند ڕویه‌كه‌وه‌..
* هه‌رچه‌نده‌ له‌ ڕابردوودا ژنان‌و ئافره‌تان كۆیله‌ى ده‌ستى پیاوان بوون خاوه‌نى هیچ شتێكى خۆیان نه‌بوون، به‌ڵام به‌شدارى‌و پێگه‌دان پێیان له‌ ئیسلامدا، به‌ ئازایانه‌و دلێرانه‌ وه‌رگرت، له‌سه‌رو هه‌موو ده‌سه‌ڵاتدارو گه‌وره‌كانیانه‌وه‌ ئه‌ژماردیان.
*هه‌رچه‌نده‌ سته‌مى زۆریان له‌لایه‌ن ڕه‌گه‌زى به‌رامبه‌ره‌وه‌ لێ كرابوو، به‌ڵام به‌هۆى دروستكردنى برایه‌تى‌و یه‌كسانیان‌و یه‌كتاپه‌رستى، ئه‌مجاره‌ بوونه‌ هاوكارو ته‌واوكارى ئه‌وان، كارى ده‌سپێكراوى ئه‌وانیان ته‌واو ده‌كرد، یان بوونه‌ سه‌ره‌تای كارى دیندارى بۆ كه‌س‌و كارى بنه‌ماڵه‌كه‌یان.
*ژنان ئه‌و متمانه‌ى كه‌ ئه‌م ئایینه‌ پێى به‌خشین، زۆر خۆویستانه‌‌و هیمه‌ت به‌رزانه‌ شانیان دایه‌ ژێرو له‌سه‌رجه‌م قۆناغه‌كاندا نه‌مرییان بۆ خۆیان تۆماركرد.
*ئاماده‌یى ژنان پێویسته‌ بۆ سه‌ركه‌وتن له‌ پرۆسه‌كاندا، چونكه‌ گه‌ر ڕه‌گه‌زى به‌رامبه‌ر نه‌بێت ئه‌وا ژیان به‌رده‌وام نابێت، پێغه‌مبه‌رێك (د.خ) بۆ گه‌وره‌ترین‌و هه‌ستیارترین وێستگه‌كانى ژیانى بانگه‌وازه‌كه‌ى ژن به‌شدارى جددى پێبكات كه‌ پشتیوانى له‌ لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه‌ ده‌كرا، ئاخۆ ئێستا له‌ ڕاپه‌ڕاندنى كاره‌كاندا زیاتر پێویست به‌ ئاماده‌یى‌و به‌شدارى ژنان نییه‌!؟
*ئه‌وان ژن بوونیان نه‌كرده‌ له‌مپه‌ر له‌ به‌رده‌م به‌ده‌مه‌وه‌ هاتنى ئاین‌و خواپه‌رستى‌و خزمه‌تكردنى دینى خوا، به‌ڵكو به‌شانازیه‌وه‌ به‌ ژن بوون‌و مێینه‌ى خۆیان‌و مرۆڤبوونیان له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا‌و هه‌ڵبڕینى ده‌نگى زوڵاڵى نه‌هێشتنى سته‌م‌و به‌كه‌م سه‌یركردن‌و داواكردنى ماف‌و پاراستنى شوێن‌و پێگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى خۆیان‌و له‌خزمه‌تى پێغه‌مبه‌ردا ده‌ركرد، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌سه‌ده‌ى بیست‌ویه‌كدا، تازه‌ ڕه‌وشى ژنان به‌ره‌و خراپ‌و خراپتر ده‌ڕوات، متمانه‌ى پێناكرێت‌و مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى زۆر جار لێ زه‌وت ده‌كرێت، به‌ناوى ئازادى‌و یه‌كسانیه‌وه‌ هه‌رزان بازاڕى پێده‌كرێت‌و تاڵانفرۆشى ده‌كرێت، له‌م ڕۆژگاره‌دا مێینه‌ بوون به‌كه‌م‌و عه‌یبه‌ سه‌یر ده‌كرێت وه‌ك پێش ئیسلام هه‌ڵه‌و تاوانه‌كان كێشى له‌خۆى زیادى پێده‌درێت، پێویسته‌ ژنان‌و ئافره‌تانى دونیا بێین وببینن‌و ببیستین كێ ڕزگاركه‌ریانه‌، كێ خه‌مخۆرو چاره‌سازى برین‌و ساڕێژكارى هه‌توانه‌كانیانه‌، كێیه‌ ئه‌وان له‌ژێر ساباته‌كه‌یدا مافى ته‌واویان پێ ئه‌به‌خشرێ‌و ئازادى مرۆیی‌و یه‌كسانى‌و دادپه‌روه‌رى له‌ماف‌وئه‌ركدا، دابین ده‌كات؟!
باساڵیادى كۆچى پێغه‌مبه‌ر(د.خ) بكرێته‌ وێستگه‌یه‌ك بۆ كۆتایی هێنان به‌ توندوتیژى و ژنانیش چیتر خۆیان به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ده‌ن له‌به‌رامبه‌ركێشه‌كان، به‌ڵكو ئازایانه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كى دروست‌و ته‌واوى بكه‌ن‌و، هه‌روه‌ها هه‌وڵبده‌ن وه‌ك مرۆڤ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن نه‌ك وه‌ك مێینه‌، تابتوانن ڕۆڵ‌و پێگه‌ى سه‌ركه‌وتن له‌ دونیاو كۆچكردن له‌تاوان‌و ناڕه‌حه‌تى‌و ناسۆرى به‌ره‌و خۆشى‌و ئاسوده‌یی ده‌رون لاى په‌روه‌رێنه‌رى خۆیان بدۆزنه‌وه‌...

هه‌واڵی گرنگ