بۆچی دوای وەرزشكردن ئازاری ماسولكەو گرژبوونت بۆ دروست دەبێت ؟؟
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

بۆچی دوای وەرزشكردن ئازاری ماسولكەو گرژبوونت بۆ دروست دەبێت ؟؟

 

 

چۆن ئازارو گرژی ماسولكەكان كەمدەكەینەوە كەلەئەنجامی وەرزش كردنەوە تووشمان دەبێت ؟

ئەوەی ڕوونە هەموو پزیشكێكی پسپۆڕی ئازارشكێن لەدوای هەر چارەسەرێك كە بۆ چارەخوازەكانی دەكات، داوای ئەوەیان لێدەكات كە پاش هەفتەیەك یان دە ڕۆژو كەمبوونەوەی ئازارەكە دەست بكەن بە وەرزش، زۆربەی جار چارەخوازەكان لەترسی ئەو ئازارەی لە ماسولكەكانیاندا بۆیان دروست دەبێت وەرزشەكان فەرامۆش دەكەن.

زۆرجاریش كە یەكێك بۆ یەكەمجار دەستدەكات بە وەرزش یاخود لەدوای وەرزش و مەلەكردنێكی زۆرو ماندوكەر، ئازارو گرژبوونێكی زۆر لەماسولكەكانیدا ڕوودەدات، كە هەندێك جار ڕاستەوخۆ نیەو لەوانەیە لەدوای (24 – 72) كاتژمێر لە وەرزشكردنەوە ڕووبدات، كە ئەمەش زۆربەی جار لەئەنجامی تێكشكاندنی ڕیشاڵی ماسولكەكان ئەم ئازارە ڕوودەدات.

لەكاتی دروستبوونی ئەم ئازارە چی بكەیت باشە ؟؟ 

1. هەوڵ بدە (پرۆتین) بەڕێژەیەكی زیاتر بخۆ بۆ زووچاكبوونەوەی ئەو ماسولكانەی ئەزێتیان پێگەشتووە، پرۆتینیش دیارە بەڕێژەیەكی زۆر لە گۆشتی سوورو مریشك و پاقڵەمەنی و شیرەمەنیەكاندا هەیە. 

2. ئاو بەڕێژەیەكی زیاتر بخۆرەوە بۆ ڕێگری لەووشكبوونەوەی ماسولكەكان و هەروەها ئەو پاشەڕۆیانەی لەماسولكەكاندا كۆدەبنەوە زووتر پاكدەكرێنەوەو دەكرێتە دەرەوەی جەستە. 

3. شەربەتی گێلاس یاخود گێلاس بەڕێژەیەكی زۆر بخۆرەوە كەدژە هەوكردن و دژە ئۆكسیدی تێدایە. 

4. دەتوانیت مۆز یاخود كێوی بخۆیت، كەڕێژەیەكی زۆر پۆتاسێومیان تێدایەو گرژی ماسولكەكان ناهێڵن. 

5. كافایین : هەندێك لەتوێژینەوەكان سەلـماندویانە ئەو كەسانەی كافایین و كاربۆهیدرات دوای وەرزش وەردەگرن ماددەی گلایكۆجین كەسووتەمەنی ماسولكەكانە تا چوار كاتژمێر زیاتر دەبێت لەماسولكەكانداو یارمەتی دروستبوونی ماسولكە دەدات، دەتوانیت چایەكی ڕەش یان قاوەیەك بخۆیت پێش وەرزش. 

6. خۆشوشتن بە خوێی ئینگلیزی : ئەمیش جۆرە خوێیەكە كەزبرو گەورەیە دەتوانیت بیكەیتە ئاوی شلەتێن و خۆتی پێ بشۆیت. 

7. ئەو میوانە بخۆ كەڤیتامین (سی) یان تێدایە، كەناهێڵێت تووشی گرژی ماسولكە بیت وەكو مزرەمەنی و بیبەری سوور. 

8. خەوتن و پشوودان : بینراوە خەوتن لە دوای دوو سەعات لە وەرزشكردن ڕێژەی هۆرمۆنی گەشە زیاد دەكات لە لەشداو یارمەتی چاكبوونەوەی گرژی ماسولكەكان دەدات. 

9. بەستن بە باندج و یاخود سپلینتی تایبەت بۆ زووچاكبوونەوەی ماسولكەكان و هەروەها مەساج كردن بۆ ئەو ماسولكانەی ئازاریان هەیە، دەشتوانیت پێش وەرزشكردن ئەو كرێمانە بەكاربهێنرێت كە ماددەی مینتۆڵیان تێدایە بۆ ڕێگری لەكرژبوونی ماسولكەكان. 

10. ئەگەر ئازاری بەردەوام و گرژبونت هەبوو دەتوانیت وەرزشەكەت بگۆڕیت بۆ دوو سێ ڕۆژو پاشان دەستبكەیتەوە بەوەرزشە ڕۆتینەكەی خۆت، یاخود وەرزشی كاردێۆو سترێچینگ بكەیت تا ماسولكەكانت بەتەواوی چاك دەبنەوە.

(د. هەڤین كەمال شاهـ موحەمەد – پسپۆڕ لە زانستی ئازارو بەنج)

 

هه‌واڵی گرنگ