گەمەی مانەوەی دەسەڵات لای پارتی و یەكێتی
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

گەمەی مانەوەی دەسەڵات لای پارتی و یەكێتی

پارتی و یەكێتی لە ئەنجامی موعادەلەیەكی نێودەوڵەتی هاتونەتە سەرشانۆی دەسەڵات، بۆ هێانەخوارەوەشیان لەسەر عەرشی دەسەڵات، بەهەمان شێوە پێویستی بەموعادەلەیەكی تری نێودەوڵەتی هەیە، چونكە ئەوان كاریان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی دیموكراسی و مۆدێڕن نەكردوە تا وەك خۆیان دەڵێن بە گەمەیەكی هەڵبژردن یان ڕاپەڕینێك یان كودەتایەك لە عەرشی دەسەڵات بهێنرێنە خوارەوە، لە 100ساڵی ڕابردوودا كورد هیچ كاتێك هەلی ئاوای بۆ دەسەڵات و فەرمان ڕەوایی و سەربەخۆیی بەخۆیەوە نەبینیوە وەك ئەو هەلەی بۆ ئەوان هاتۆتەپێش، بەڵام ئەوان زیرەكانە كاریان بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی حیزب و دروستكردنی ئەمارەتی بنەماڵەكردووە، بەجۆرێك هەموو دەسەڵات و بەرژەوەندیەكانیان بەستۆتەوە بە خودی سەرۆك و بنەماڵەكانیانەوە، هەر جۆرەلادانێك و دژایەتیەكی ئەو مەبادیئانەیان بە خیانەت و ناپاكی دێتە هەژمار.

یەكێتی و پارتی پێیان وایە ئەوان هەرچی بڵێن و هەرچی بكەن هەر ئەوە ڕاستە، نەیارەكانیشیان هەرچی بڵێن و هەرچی بكەن ناڕاست و هەڵە و ناپاكییە.

ئیتر ئایا ئەم دەسەڵاتە جوت بنەماڵەییە بە هەڵبژاردن و خۆپیشاندان دێنەخوارەوە لەسەر كورسی دەسەڵات؟ لەكاتێكدا بەهەمو كەموكوڕیەكیانەوە كۆ دەنگیەكی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەبێت بۆ مانەوەیان لە سەردەسەڵات!

ئەگەر كلیلی خەزێنەی دەوڵەت و فەرمانی ئاراستەكردنی لولەی چەكی هێزی پێشمەرگە و ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن لە دەست سەركردەی هەردوو حیزب و بنەماڵەكانیاندابێت، ئیتر گۆڕانكاری چۆن و بەچی، بێجگە هێزێكی لەوان بەهێزتر؟

پێموایە ئەوە نەشەرعیەتی شۆڕشگێڕی و نە شەرعیەتی هەڵبژاردن نیە ئەوانی هێڵاوەتەوە، بەڵكو ئەو پشتگیریە نێودەوڵەتیەیە كە لەئەنجامی موعادەلە نێودەوڵەتیەكە هاتۆتە ئاراوە ئەوانی هێڵاوەتەوە و پاراستونی لە نەمان و تیاچون.

بۆیە لێرەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی كە نەمانی هەردوو حیزب و بنەماڵەكانیان لە لەلوتكەی هەرەمی دەسەڵات پەیوەنیان پێكەوەیە، ئەوەش دیسان پەیوەندی بە موعادەلە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیەكەوە هەیە، تا بەرژەوەندی مانەوەیان هاوتەریبی بەرژەوەندی زلهێزان بێت ئەوان فەرمانڕەوای بێ چەندوچونی هەرێمی كوردستان دەبن، بەڵام كاتێك بەرژەوەندی ئەوان لە نەمانی ئەماندا بوو، لە كورتترین كاتدا كۆتایی بەگەمەكە دێت، لە مێژوی خەباتی 100 ساڵی ڕابردوماندا ئەو سیناریۆ و گەمە و هاوكێشە نێودەوڵەتیانە چەندجارێك دووبارە بۆتەوە.

هه‌واڵی گرنگ