ڕێککەوتنی ئیمارات لەگەڵ ڕژێمی زایۆنی لێدانی خەنجەرێکە لە پشتەوە لە پرسی فەڵەستین ڕاپۆرت و وتووێژ 21 ئاب 2020
جام کوردی: سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە چاوپێکەوتن لەگەڵ جام کوردی، وێڕای ئاماژە بەوەی کە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی نێوان ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لەگەڵ ڕژێمی زایۆنی لە سەر دەستی ترەمپ، هەوڵێکی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانە بۆ مانەوە لە کۆشکی سپی بۆ چوار ساڵی دیکە، هاوکات ئەو ڕێککەوتنەی به لێدانی خەنجەرێک لە پشتەوە لە پرسی فەڵەستین و گەلی فەڵەستین وەسف کرد. بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێککەوتنی نێوان ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ڕژێمی زایۆنی کاردانەوەی بەربڵاوی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و لەم نێوەدا کەسایەتی سیاسی و ئایینی لە هەرێمی کوردستان لەمەڕ ئەم بابەت و گۆڕانکارییە بێ هەڵوێست نەبوون. هادی عەلی، سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە چاوپێکەوتن لەگەڵ جام کوردی، باسی لە لێکەوتە خراپەکان و مەترسییەکانی ئەم ڕێککەوتنە بۆ سەر ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناڤین کرد.
هادی عەلی سەبارەت بەم ڕێککەوتنە و کاریگەرییەکانی لە سەر هاوکێشەکانی ناوچەکە، وتی: وەکوو خۆم لەمێژە ئەو تێڕانینەم هەبووە کە هەمیشە بەرامبەر بە ڕژێمی زایۆنی و دەوڵەتی ئیسرائیل؛ جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان هەڵوێستی ڕژێمە عەرەبییەکان لەگەڵ هەڵوێستی میللەتەکان و گەلانی عەرەبی. واتا لە زۆرێک لە ولاتانی عەرەبی و ئیسلامی جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان سیستەمە سیاسییەکان لەگەڵ میللەتانی خۆیان.
بە داخەوە زۆر جار ڕژێمە عەرەبییەکان سوودمەند بوون لە بوونی ڕژێمی زایۆنی لە ناوچەکەدا. بە بۆنەی هەبوونی ڕژێمی زایۆنییەوە درێژەیان بە مانەوەی خۆیان داوە. درێژەیان بە سیاسەتە خراپەکانیان داوە. میللەتانی خۆیان سەرکوت کردووە. پاساویان بۆ دیکتاتۆریەت و شکستیان لە بوارەکانی خزمەت کردنی وڵات و هێنانەدی خوشگوزەرانی هێناوە، بەڵام گەلانی عەرەبی و ناوچەکە هەڵوێستی پێچەوانەیان بووە.
هەڵوێست و سیاسەتی حکوومەتەکانی عەرەبی بۆتە هۆی ئەوەی کە لە ماوەی 50 بۆ 60 ساڵی ڕابردوودا ڕژێمی زایۆنی توانیویەتی هەمیشە پێگەی خۆی بەهێز بکات. ناوبراو سەبارەت بە ئیمارات و سیاسەتی ئەوم وڵاتە لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنی و ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکان لەگەڵ ئەم ڕژێمە و واژۆکردنی ڕێککەوتن لە نێوانیاندا، وتی: پێوەندیی لە نێوان وڵاتی ئیمارات و ڕژێمی زایۆنی دەمێکە و ساڵانێکە بوونی هەیە.
پێوەندی لە نێوان ئیمارات و ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل بووە، بەڵام ئێستا و ئەم ڕێککەوتنە کە لەم ڕۆژانە لە واشنتۆن و لە سەر دەستی ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕاگەیێندرا بە تەنیا ڕاگەیاندنی ئەو پێوەندییە چەندین ساڵە بوو. پێوندیێک کە چەندین ساڵە بە شێوەی ژێربەژێر و ناڕاستەوخۆ بووە و بە تەنیا ئیعلام کردنەکەی بوو کە کرا.
کەسایەتی سیاسی و ئایینی دیاری هەرێمی کوردستان و عێراق جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە: پاش شکستی ڕاپەڕینەکانی وڵاتانی عەرەبی لە میسر و لیبیا و یەمەن و بە گشتیی لە ناوچە کە لە ساڵی 2011 دەستێپکرد و بە بەهاری عەرەبی ناسرا، میحوەرێک لە نێوان سەعوودی و ئیمارات و سیسی کە لە میسر بە کودەتا هاتە سەر حوکم پێکهێنرا و ئیسرائیلیشی لە خۆگرت و بێ گومان ئەمریکا و ڕۆژئاوایان لەگەڵ بوو، نێزیک بوونەوەی نێوان سیستەمە عەرەبییەکان لەگەڵ ئیسرائیل چۆتە پێشەوە و بۆتە هۆی ئەوەی کە ڕژێمێک وەکوو ئیمارات شەرم ناکات و ئیعلامی ڕێککەوتن لەگەڵ زایۆنییەکان دەکات و بە تەمایە خەڵکیش پیرۆزبایی لێی بکات.
هادی عەلی سەبارەت بە دەوری ئەمریکا بۆ کردنە ئامانجی تەبایی و یەکگرتویی نێوان موسڵمانان و ئەوەی کە ساڵی ڕابردوو، ئیدارەی ترەمپ قودسی پیرۆزی بە پایتەختی فەرمی و هەمیشەیی ڕژێمی زایۆنی ناساند، وتی: خۆی هەموو سەرۆکە ئەمریکییەکان کە دێنە سەر حوکم، هەوڵ دەدەن ئیسرائیل و لۆبی زایۆنی لەو ویلایەتە یەکگرتووەکان لە خۆیان ڕازی بکەن و ئەمە شتێکی دیارە و لەسەر ئەمەی کە کامەیان زیاتر خزمەت بە ئیسرائیل بکات و پشتگیریی ئەو ڕژێمە بکەن، پێشبڕکێی لەگەڵ یەک دەکەن.
هەرچەند هەندێ لە سەرۆکەکان لەم بابەتە خۆپارێزی دەکەن،. بەڵام سەرۆکێک وەکوو ترەمپ گوێ بە هەندێ بابەتی هەستیار و تەنانەت یاساش نادات و بینیمان کە چۆن قودسی بە پایتەختی هەمیشەیی ئیسرائیل ناساند.
تەنانەت پەلەی ئێستای ترەمپ بۆ ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی ئیمارات و ئیسرائیل و هەوڵدانی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوچەشن لە نێوان سەعوودی و ڕژێمی زایۆنی بۆ ئەوەیە کە ببێتە کارتێکی ئینتیخابی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەکاری بێنێت، چونکە لە ئێستادا هەڵوێست و پێگەی جەماوەریی لە بەرامبەر دیموکراتەکان و جۆ بایدنی کاندیدی ئەوان، لاوازە و دەیەوێت لەم ڕێگە و بە ڕێککەوتنی ئاوەها پێگەی خۆی بەهێز بکات، بەڵکوو لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە کۆتایی ئەمساڵ دەکرێت، سەرکەوێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان هاوپێوەند بەو لێکەوتە و ئەو مەترسیانەی کە ڕێککەوتنی نێوان ئیمارات و ڕژێمی زایۆنی دەتوانێت ڕووبەڕووی ئاسایشی ناوچەکە بکاتەوە، وتی: بێ شک ئەم ڕێککەوتنە کاریگەریی و لێکەوتەی خراپی هەیە، چونکە پاش ئەو شکستەی کە هێنرا بە سەر ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی وڵاتانی عەرەبی ناسراو بە بەهاری عەرەبی ، وەزعێکی نەخوازراو و با بڵێین ناهەوسەنگ لە ناوچەکە دروست بوو کە لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل و ئەمریکا و ڕۆژائاوا بە گشتی و ئەو ڕژێمانەی ناوچەکە کە دەکرێت بە بەرەی شەڕ ناویان ببەین شکایەوە. بەرەی شەڕ پێکهاتووە لە ئیمارات و سەعوودی و ڕژێمی میسر و ئیسرائیل.
بێ گومان ڕژێمێکی وەکوو ئیمارات ئەو جورئەتە دەدات بە خۆی کە لەم قۆناغەدا پێوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە و ڕێککەوتنی لەگەڵ واژۆ بکات، ئاماژەیەکی زۆر خراپ و ترسناکی هەیە و دەتوانین بڵێین ڕێگەخۆش دەکات بۆ وڵاتانی تری ناوچەکە وەکوو بەحرەین و دیکەی وڵاتانی عەرەبی و غەیرعەرەبی کە ئیعلامی ئیتیفاق بکەن لەگەڵ زایۆنیسم.
بێ گومان ئەمە حاڵەتێکی خراپ و ناهاوسەنگ لە ناوچەکە دێنێتە دی کە لە بەرژەوەندیی میللەتانی موسڵمان و سەرجەم میللەتانی ناوچەکە نییە. هادی عەلی لەبارەی پێویستیی بەردەوامیی پشتگیریی لە گەلی فەڵەستین و پرسی فەڵەستین لەلایەن وڵاتان و گەلانی ناوچە و جیهانەوە، جەختی لە سەر ئەوە کردەوە: ڕاستە پرسی فەڵەستین، پرسی میللەتێکی زوڵملێکراوە، بەڵام ڕەهەندێکی ئیسلامیشی هەیە و تەبیعەتی وایە ئەم پرسە. لەبەر ئەوەی کە قودس و مزگەوتی ئەقسا هەموویان لە ژێر چەپۆکی داگیرکاریی ڕژێمی زایۆنی دان.
لە هەمان کاتیشدا ململانێیەک لە نێوان ڕۆژئاوا و ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە لە ئارادایە. لەبەر ئەوە لەو بارەیەوە ئەم ڕێککەوتنە لێدانی خەنجەرێکە لە پشتەوە لە پرسی فەڵەستین و خەڵکی فەڵەستین.