لەبارەی بارودۆخی باشوری عێراقەوە
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

لەبارەی بارودۆخی باشوری عێراقەوە

ئە‌وه‌ى له‌ به‌سره‌ و پارێزگاكانی تری باشورى عێراق ده‌گوەزەرێت، شه‌ڕى به‌رژه‌وه‌ندى ده‌سته‌ و تاقم و حزبه‌كانی عێراقه‌ له‌سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌ دارايى و سياسييه‌كان..
به‌سره‌ پارێزگايه‌كى ده‌وڵه‌مه‌ندى عێراقه‌، سه‌رچاوه‌ى دارايى و شاده‌مارى پێكهێنه‌رى بودجه‌ى وڵاته‌، له‌سه‌رووى ئه‌وه‌شه‌وه‌ ئێستا سه‌رچاوه‌ى دارايى هه‌موو حزبه‌كانى ده‌سه‌ڵات و گروپه‌ چه‌كدارييه‌كانە‌، له‌ماوه‌ى 17 ساڵى رابردووى بشێوييه‌كانى ئه‌و پارێزگايه‌دا، لايه‌نه‌كان شه‌ڕى وه‌رگرتنى ده‌سه‌ڵات و دابه‌شكردنى خێر و بێرى ئه‌و پارێزگايه‌يه‌كان له‌ رێگه‌ى خه‌ڵكه‌ ره‌شوڕوته‌ بێده‌رماته‌كه‌يه‌وه‌ كردووه‌.

ئه‌و شه‌ڕه‌ى له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندييه‌ سياسى و دارايى و ئابوورييه‌كان ده‌كرێت، ئێستا بۆ ناو ته‌ون (نسيج)ه‌ كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كه‌ى ئه‌و پارێزگايه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌، دوايين ده‌ركه‌وته‌ى ئه‌و شه‌ڕه‌ عەشایەرییەی به‌ناخى ته‌ونه‌كه‌دا رۆچووه‌ و ره‌گى داكوتاوه‌، هه‌ڕه‌شه‌ى عه‌شيره‌تى عيدانييه‌ له‌ خه‌ڵكى خۆپيشانده‌ر و ناڕازيى پارێزگاكه‌، دواى ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى خۆپيشانده‌ر و ناڕازى هێرشيان كرده‌سه‌ر ماڵى ئه‌سعه‌د عيدانى پارێزگارى به‌سره‌ و هه‌ڕه‌شه‌ى شه‌ڕ و تۆڵه‌ى عه‌شايه‌رييان له‌و خه‌ڵكه‌ كرد..

له‌پاڵ ئه‌و شه‌ڕه‌ى لايه‌نه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆيان و له‌زيانى خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌يكه‌ن، له‌باره‌ى دروستكردنى بشێوى و گێره‌شێوێنييه‌وه‌ په‌نجه‌ى تۆمه‌ت بۆ دەزگا ھەواڵگرییەكان و كونسوڵخانه‌ى وڵاتانى درواسێ و دورەدەست راده‌كێشرێت، كه‌ گوايه‌ گروپ و ده‌سته‌ى تايبه‌تيان هه‌يه‌ و له‌ دژى يه‌كترى و به‌رژه‌وه‌ندى تايبه‌ت به‌كاريان ده‌هێنن، شه‌ڕى شكاندنى مه‌چه‌كى يه‌كترى ده‌كه‌ن، ململانێی فراوانتر كردنی رووبەری ئەو ھەژموونەی ھەیانە و قایمكردنی پێگەی كۆمپانیاكانیان دەكەن، قسه‌يه‌كيش هه‌يه‌ كە گوایە ژماره‌يه‌ك خه‌ڵك چه‌ند وڵاتى ترى بۆ هه‌مان مه‌به‌ست رهێنرابن و ئێستا به‌كاريان ده‌هێنن..

به‌شێك له‌ بشێوييه‌كان له‌ دژى كاروانى ئه‌و ئۆتۆمبيلانه‌ى هاوكارى لۆجسيتى بۆ هێزه‌ ئه‌مريكييه‌كان له‌ به‌سره‌ وكوه‌يته‌وه‌ بۆ به‌غدا و باكور ده‌گوێزنه‌وه‌، پەنجەی تۆمەت بۆ هێز و ميليشياكانى سه‌ربه‌ ئێران درێژ دەكرێت كە گوایە ئەوان له‌پشتيانه‌وه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ ھیچ ھێزێك به‌ ئاشكرا به‌رپرسيارێتى خۆيان له‌ هێرشانه‌ ده‌رنه‌بڕيوه‌، به‌ڵام له‌ لێدوان و به‌ياننامه‌كانى به‌رپرسه‌كانی میلیشیا و گروپە چەكدارەكان مافى به‌رگرى لەدژی (داگيركه‌ر) به‌خۆيان ده‌ده‌ن، ھەروەك ئه‌و هێرشانه‌ گه‌يشتونه‌ته‌ ئاستێك، هه‌فته‌ی زياتر له‌ سێ بۆ چوار هێرش ده‌كرێنه‌سه‌ر ئه‌و كاروانانه‌..

لەكایەكی ترەوە ئێستا ئاستى تيرۆر و رفاندنى خه‌ڵكى هاوڵاتيان گه‌يشتۆته‌ ئاستێك ته‌نها له‌ماوه‌ى ئه‌م مانگه‌دا یانزە كەس لە بەغدا و پارێزگاكانی باشوری عێراق تیروركراون كە شه‌ش كه‌س لەوانە له‌ به‌سره‌ بووە، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌يه‌كى مه‌ترسيداره‌ پێگه‌ى عێراق و حكومه‌ته‌كه‌ى له‌ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تى و ديبلۆماتييه‌كاندا خستۆته‌ ژێر پرسيار، پێرێ ھەینی رابردوو زياتر له‌ 15 وڵاتى ئه‌وروبوپى كه‌ باڵوێزخانه‌يان له‌ به‌غدا هه‌يه‌، به‌ياننامه‌يه‌كيان له‌باره‌ى ديارده‌ى تيرۆر و تۆقاندنه‌وه‌ ده‌ركرد. هه‌ر ئه‌وه‌ش وايكردووه‌، كازمى پێش ئەوەی لە واشنتۆن بگەڕێتەوه‌، به‌ته‌له‌فۆن و لە ڕێگه‌ى وه‌زيرى ناوخۆوه‌، فه‌رمانده‌ى پۆليس و به‌رپرسى ئاسایشی نیشتمانی ئه‌و پارێزگايه‌ى له‌سه‌ر كارلادا، دواى گه‌ڕانه‌وه‌شى له‌ ئه‌مريكا، يه‌كسه‌ر به‌سه‌رۆكايه‌تى شاندێكى ئه‌منى خۆى گه‌يانده‌ به‌سره‌، ھەڕەشەی توندی لە بەرپرسانی مەیدانی كرد.

توندوتیژی و تۆقاندنەكان ھەرچۆن بن و ھەر كەس و لایەن و وڵاتێك لە پشتیانەوە بن، ئەو راستییە ناشارنەوە، پارێزگاكانی باشور بەگشتی و بەسرە بەتایبەت سەرباری دەوڵەمەندی پڕ خێر و بێریان دانیشتوانەكانیان لەوپەڕی نەداری و بێخزمەتگوزارییان، ئەوەش وایكردووە وەك پوشی ھاوینی ناوچەكە و ئەو نەوتەی ئەوان خێریان لێنەدیوە بە بچوكترین بزوسكی ئاگر گڕبگرن و بخرۆشێن و دانەمركێنەوە، تا توندوتیژی و زبریشیان لە دژ بنوێنرێت توڕەتربن.

 

هه‌واڵی گرنگ