سیاسەتی نائومێدی
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

سیاسەتی نائومێدی

ئەگەر راگەیاندن رەوتی رووداوەکان نەگۆڕێت، رای گشتی ئاڕاستەنەکات، کاریگەری لەسەر دەسەڵاتی سیاسی نەبێت، پیشەی و بابەتیانە مامەڵە نەکات، رۆڵی سەرەکی خۆی لەدەست داوە و بۆتە سێبەر!

ئەگەر کۆمەڵگا ھۆشیاری تاکی گەشەی نەکرد، بنەماکانی دیموکراسی و ئازادی و ئازادی رادەربڕین و مافەکانی مرۆڤی نەچەسپاند و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەرکی خۆیان نەبینی وھەستی بە بەرپرسیاریەتی و ئەرک و مافەکانی نەکرد، کۆمەڵگایەکی نەخۆش و دواکەوتووە!

ئەگەر حیزبەکان، سیاسیەکان ھەر خەریکی تێرکردنی خۆیان بوون، نیشتمانیان کردە کاڵایەک بۆ بەردەوامی دەسەڵاتیان متمانە لەدەست دەدەن، لەبری ھیوا سیاسەتی نائومێدی بەرپادەکەن، ئەگەر شۆڕشگێری دوێنێش بووبوون، ئەمڕۆ دەبنە بار بەسەر خەڵک و مۆری گەندەڵی لە رووخساریان دەدرێت، بۆ مانەوەیان ھەموو رێگەیەک دەگرنەبەر و دواجار دەبنە ئەو دوژمنەی کە خۆیان شۆڕش و راپەرینیان دژی ھەڵگیرساند!

ئەگەر نووسەر و شاعیر و رۆشنبیرەکان سەری نوکی پێنوسەکانیان شۆڕکرد، ناپاکیان لە وشە و نووسین و ویژدان کرد چاوەڕوانی کارەسات بن!

ئەگەر دادوەر و دادگاکان یاسایان لارکردەوە، سوێندی درۆیان وەک پولی سەرنوسێنی داواکاری خستەبەردەم ھەموو کەسێک و پیشەکەیان ھەڕاج کرد، ھیچ جیاوازیەک لە نێوان تاوانبار و بێتاوان نامێنێت، جیاوازی لە نێوان راستگۆ و درۆزن، ئابڕوو و بێ ئابڕوو، دەستپاک و دز و لە نێوان ھەق و ناھەق نامێنێت!

ئەگەر مامۆستا پەروەردەشکار بە پاکی لە(اقراء) وە دەستی پێنەکرد، نەوەیەکی نەخوێندەوار دەخەنەوە، لەبری پێنووس دەیان دەست و قاچ ماچ دەکەن بۆ ئەوەی بکرێنە پاسەوانی بەرپرسێکی داوێن پیس! دواتربە قۆنداغە کڵاشینکۆف و کلکە دەمانچە لە مامۆستاکەی خۆی دەدات کاتێ داوای مووچە پاشەکەوتەکانی دەکاتەوە!

ئەگەر زانا و دانا و مامۆستای ئاینی بوونە حیزبی و چوونە بەردەم بارەگا و کۆشکی سالار، لەباتی وشەی ھەق بەرامبەرتاغوت، چەمانەوە و بوونە کۆیلە، دەبێت فاتیحە بۆ خۆیان و میللەت بخوێنن !

ئەگەر پشتکرا لە ھونەر و ئەدەبی رەسەن، ئەگەر گەنج و لاوەکان ھەر خەریکی چاولێکەری بێگانەبوون تەمبەڵ و تەوەزەل دەکەونەوە، ئەگەر پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس وەلائیان بۆ حیزب و بنەماڵە بوو لەبری نیشتیمان، ھەر رۆژەی پارچەیەک لە خاکمان لەدەست دەدەین !

ئەگەر پشتکرا لە خودا چاوەڕوانی مەرگی گەل بن تا بە نائومێدی سەردەنێتەوە!

هه‌واڵی گرنگ