دەرئەنجامێك لە دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندندا
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

دەرئەنجامێك لە دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندندا

فەهمی حەمەتۆفیق ـ توێژەر و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

بەخوێندنەوەی واقیعی ئێستای هەرێم و لەژێر رۆشنایی ئەو بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەیەی لە ماوەی رابردوو بەئەنجامم گەیاند، ئەتوانین بگەینە ئەم دەرئەنجامانەی كە لە خوارەوە ئاماژەی پێ دەدەم، بەهیوای ئەوەی تیشكم خستبێتە سەر بەشێك لە خاڵە سەرەكییەكانی چارەسەر بۆ گرفتەكانی ساڵی رابردوو و، چەند رێوشوێنێكی پێویست بۆ دەستپێكی ساڵی نوێ، لەگەڵ هیوای كۆتایی هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ساڵێكی پڕ ئارامی بۆ پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستاندا..
لەگەڵ تێبینی ئەوەی دەقی توێژینەوەو دەرئەنجامەكان و پێویستییەكانی ساڵی داهاتوو، مانگێك پێش ئێستا ئاراستەی بەڕێز وەزیری پەروەردە كرا، هەروەك هیوادارم وەك چۆن وەزارەتی پەروەردە كۆبوونەوەی تایبەتی لەو بارەیەوە ئەنجامداوە، ئاواش بە هۆشیاری زیاتر و ووریاییەوە بەدەم خەمی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنەوە بێت، پێش ئەوەی بگەینە خاڵی كۆتایی و نەتوانرێت چارەسەر بكرێت، تا ساڵی نوێ بەبێ گرفت و قەیران دەست پێ بكات..

دەرئەنجامی توێژینەوەكە:

1- كەڵەكە بوونی گرفتەكانی ساڵی رابردوو و كاریگەرییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر كۆمەڵگاكەمان، شوێن پێی خۆی جێهێشتووەو بە بێ ویستی خۆمان زۆرینەی خێزانەكان لە پەروەردەو فێركردن دابڕاون، بۆ هاتنەوە سەر هێڵی دروستی ئەو بوارەش ماندووبوونی زۆری دەوێ..

2- زۆرینەی منداڵان و گەنجان كە قوتابی و خوێندكاری قۆناغە جیاجیاكانن، ئەوەندەی سەرقاڵی یارییە ئەلیكترۆنییەكان و تەلەفزیۆن و سۆشیاڵمیدیا بوون لە ماوەی وەستاندنی خوێندنی ساڵی رابردوو و پشووی هاویندا، زۆر بە كەمی خۆیان سەرقاڵی خوێندنەوەو پرسی پەروەردەو فێركردن كردووە، ئەمەش زەحمەتییەكی ترە كە لە دەستپێكی ساڵی نوێدا بەرەو ڕووی پەروەرشیاران دەبێتەوەو، كارگێڕی ناوەندەكانی خوێندن و مامۆستایان زیاتر لە هەر ساڵێك ماندوو دەبن بۆ ئاشناكردنەوەی قوتابیان و خوێندكاران..


3- نزیكەی نیوەی پرۆگرامەكانی خوێندن لە ساڵی رابردوودا نەخوێنراون، ئەمەش یەكێكە لە زیانە گەورەكانی پرۆسەی فێركردن و پێگەیاندن لە هەرێمی كوردستاندا، قەرەبووی ئەم حاڵەتەش كە پێویستییەكی حەتمییە، بە دوو شێواز دەبێ:
1. پێشخستنی دەستپێكی ساڵی نوێ بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو پرۆگرامە نەخوێندراوانە، ئەگەرچی پۆلەكانی بازنەی یەكەمی بنەڕەتی بەتایبەت باسدەكرێت، بەڵام بۆ سەرجەم پۆل و قۆناغەكان گرنگ و پێویستە، ئەمەش بە دڵنیاییەوە قەرەبووی ناچارییە و وەك پێویست نییە.
2. گۆڕانكاری لە پرۆگرامەكاندا بۆ سەرجەم قۆناغەكان و بەشەكانی خوێندن، ئەمەش كەمێك لەو مەترسییە دوورمان دەخاتەوە كە بەهۆی نەخوێندنی ئەو بەشەی پرۆگرامەكانەوە توشی پرۆسەی فێركردن بووە، ئەگەرچی ئەمەش پرۆسەیەكی دوورخایەنەو بەم ساڵەی خوێندن ناگاتە مەبەست، بەڵام بە هەنگاوی یەكەمی ئەو كارە ئومێدێك بۆ چارەسەی كێشەكان دروست دەبێت..
لەگەڵ ئەم دوو خاڵەدا ئەگەری سێیەمیش دوور نابێت، كە پرۆگرامەكان دەستكارییەك بكرێن بە كورت كردنەوەیان بەشێوەیەكی كاتی بۆ تەنها ئەمساڵەی خوێندن، ئەمەش لەپێناو گرتنەبەری ڕێگای دووەم كە گۆڕانكاری پرۆگرامەكانە، تا لە ماوەی ساڵێكدا ئەو گۆڕانكارییانە بە شێوەیەكی قۆناغبەندی جێبەجێ دەكرێت..

4- بیركردنەوە لە پرۆسەی خوێندنی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین بیركردنەوەیەكی دروست و هاوچەرخانەیە، بەڵام نابێ بە بڕیاری بەپەلە بسەپێنرێت، چونكە دەرهاویشتەی نەرێنی و پەرچەكرداری خراپ بەدوای خۆیدا دەهێنێ، دەكرێ بۆ چەند بابەتێكی دیاریكراو، یان چەند رۆژێكی دیاریكراو بێت بەشێوەی ئەزموونی، تا لە داهاتوودا باشتر سودی لێ ببینرێت..

5- پرسی چارەسەری ریشەیی كێشە و گرفتەكانی مامۆستایان لە ئەولەویەتی چارەسەری كێشە پەروەردەییەكاندایە، لە هەر بڕیار و ڕێنمایی و گۆڕانكارییەكدا بۆ خزمەتی پرۆسەی فێركردن و پەروەردەو، هەروەها چارەسەری كێشەكانی ساڵی رابردوو و پلانی داهاتوودا، ئەگەر حاڵەتی دەروونی و بژێوی مامۆستایان لەبەرچاو نەگیرێت، هەنگاوەكان سەركەوتوو نابن و، پلانەكان ئامانجی دروستی خۆیان ناپێكن، ئەمەش شتێكی حەتمییە و دەبێت لە پلانە سەرەتاییەكانی وەزارەتی پەروەردە بێت بۆ ساڵی داهاتوو..


6- پرسی پرۆژەی (پەرەپێدانی تواناكان ـ بریتیش كاونسڵ) پێداچونەوەی جددی پێویستە و، بەو چارەنوسە بێ ئەنجامەی ساڵی رابردوو توشی هات، ناكرێت بە هەمان ستاندارد و پێوەر و نیشاندەر و، هەروەها بەرنامەو بڕیارەوە بۆ ساڵی داهاتوو جێبەجێ بكرێت، ئەگەرچی بە خوێندنەوەی بەندە رەدكردنەوەی یەكجاری یان هەڵپەساردنیش هەر دروست نییە، بەڵام بە پێداچوونەوەیەك و دەستكارییەك كە بگونجێت لەگەڵ ساڵی داهاتوودا، پێدەچێت پرۆژەكە بپارێزێت لە هەڵدێر و لەباربردن..

7- كۆبوونەوەیەكی جددی و بەرهەمدار یان سازدانی كۆنفرانسێكی بچوك، پێویستییەكی سەرشانی وەزارەتی پەروەردەیە، كە لە نیوەی یەكەمی مانگی (ئاب) تێپەڕ نەكات، ئەویش بە بەشداری كۆمەڵێك لە سەرپەرشتیار و شارەزا و بەرپرسی نێو پرۆسەكە، تا بە ڕاسپاردەی دانانی پلانێكی خێرا و تایبەت كۆتایی بێت بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی ئەگەرەكانی بەردەم پرۆسەی خوێندن لە ساڵی داهاتوودا..


8- لە ئەگەری بوون یان نەبوونی خاڵی (7)دا، پێویستە وەزارەت بە ووردەكارییەكی دووربینانە پلانی(A) و (B) و (C) دابنێت، بە شێوەیەك كە خودی وەزارەت و دەزگا و بەڕێوەبەرێتییە گشتییەكانی سەربە وەزارەت بە گونجاو و گرنگی دەزانن و، ئەگەری جێبەجێكردنیان زۆرە..

9- لە هەموو ئەگەر و بڕیارێكدا بۆ شێوازی خوێندن لە ساڵی داهاتوودا، ڕاهێنانێكی خێرای یەك رۆژە بۆ سەرجەم مامۆستایان كارێكی گرنگ دەبێت، ئەو ڕاهێنانەش خۆی ببینێتەوە تەنها لە دوو بابەت و وانەی پێویستدا:
1. لایەنی كارگێڕی كە شیكاری ئەو بڕیارانە بكات كە دەدرێن یان دراون بۆ ساڵی داهاتوو و هۆكاری بڕیارەكان و رەچاوكردنی هەموو ڕەهەندەكان، ئەم موحازەرەیە لەلایەن بەرپرسێكی باڵای وەزارتەوە بوترێتەوە كە لە بەرێوەبەرێكی گشتی یان ڕاوێژکار و ڕاسپێدراوی وەزارەت كەمتر نەبێت..
2. موحارەزەی دووەم تایبەت بێت بە لایەنی دەرونی و كۆمەڵایەتی، كە مامۆستایان بخاتە سەر بیركردنەوەی بەرپرسیارانە و پیشەییانە، لەلایەك بۆ پێگەیاندنی خۆیان و جێبەجێكردنی ئەركیان، لەلایەكی تر بۆ ئەو قوتابیانەی لەبەردەستیاندان و چۆن لە بارودۆخێكی وا نەخوازراودا مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن..

10- بڕیارەكان سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن و ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزی، بڕیاری یەكجاری و جێگیربن و، مامۆستا و قوتابی و كەسوكاریان لە دڵەڕاوكێ و ڕاڕاییدا نەهێڵنەوە، ئەمەش بە بیركردنەوەیەكی ووردی دووربینانە و بریاردان لەسەر بنەمای بەرچاوڕوونی دەبێت، هەروەك شێوازی خۆپارێزییەكانە پێش هاتنە ژوورەوە بۆ ناو باڵەخانەی ناوەندی خوێندن..
بەهیوای گوڵێكی پڕ، بۆ سەر خەرمانێكی جوانی پرۆسەی پەروەردەو فێركردن لە هەرێمی كوردستاندا، بەپشتیوانی خوای گەورەو هاوكاری و دڵسۆزی بەرپرسان و پسپۆڕان و شارەزایانی پرۆسەكە..

 

هه‌واڵی گرنگ