کوڕە دار
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

کوڕە دار

تەماشای کوڕە دارەکانی نیشتیمان کەن لەگەڵ ئەوەی کۆڵەکەو دەستباری حکومەتن، دەمڕاست و پشکی شێری دەسەڵاتن، خاوەنی خەرمان و داهات و گومرگن، سەرە ڕمی دروستکردنی بنکەنو خانە نشینن.
کەچی لێرەو لەوێ بەناوی بەرەی میللەتەوە دەم لە چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و مافی خوراوی هاوڵاتیان دەکوتن.ئەوە لە کاتێکدایە خۆیان و هەرخۆیانن کەبوونەتە سەرچاوەی هەموو ئەو مەینەتی و نەگبەتییەکانی میللەتی کوردو زرواسای دەستکەوت و بەرکەتەوتەکان بوونە.
هەرلە بڕینی موچەو قوتی تاک بەتاکی هاوڵاتیەوە بگرە تادەگاتە ناشەفافی داهاتوو دزینی نەوت و بەهەدەردانی سامانی نیشتیمانی بەلەناو بردنی زۆرێک لە دەستکەوتەکانیشەوە
کورد زۆر جوانی ووتوە کە دەڵێ : لەناڵیش دەداو لە بزماریش
ئێوەیەک کەسەرچاوەی ئەم هەموو برین و ئازارانەن، سوارچاکی هەموو ناخۆشی و قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریەکانن،
ئێوەیەک سەرچاوەی بێ هیوایی تاکی کوردو سەرهەڵگرتنی ڕۆڵە کانی نیشتیمانن بەرەو هەندەران.
لەولاشەوە ئەندازیاری بێپلانی و کەم ئەزموونی و بێباکی قوربانیەکانی خەباتی چەندین ساڵەی میللەتی کوردن.
ئاخر چۆن و بەچی ڕوویەک سواری شەپۆلی بەشێک لە ناڕەزاییەکانی هاوڵاتیان دەبن و بەناوی بەرگریکردنەوە تاکە ئومێدی خۆپیشاندەران بۆ بەدەستهێنانی خەونەکانیان لەگۆڕ دەنێن.
بەسە ئیتر سوپاس بۆخوا میللەت وشیارەو ئێستای ئێوە لەهەمووکات زیاتر دەستان لای میللەت ئاشکرایەو چی دی بڕوا بەفرمێسکی تیمساحیتان ناکەن.

ڕاستە کوڕە دارن بەڵام نەک بۆدار بۆدەوروبەریش 30ساڵە بوونەتە خۆرەو زوحاکی دەستکەوتەکان و هەرجارەی بەدرۆیەک میللەت لەخشتە دەبەن و دەیانکەنە قوربانی دەستکەوت و بەرژەوەندییە حیزبی و کەسیەکانتان.

بەڵێ ڕاستە کوڕەدارن بەڵام لاوازن لەبەرامبەر بەرژەوەندییە گشتییەکان و بەدەستهێنانەوەی مافە ڕەواکانی میللەتەکەتان.

ڕاستە کوڕە دارن بەڵام وەرزین و بەسیاسەتی ڕۆژ مامەڵە لەگەڵ میللەتی بێنازو کەساسی خۆتان دا دەکەن و دووڕووی سەد دراون.
ڕاستە کوڕەدارن بەڵام بێ سێبەرن بەجۆرێک خەڵکانی ناوچە دابڕاوەکان ڕۆژانە ئیهانە دەکرێن، لەبەین دەبرێن، ماڵ دزراوو پۆڕان خوراو دەکرێن، تەکزیم و تەرحیل و تەعریب دەکرێن کەچی ئێوەش هێندە بێ ئەرزشن لەتەماشاکەرێک زیاتر هیچی دیکە نین. وەستای قسان و کۆڵەواری دەستانن.

ڕاستە کوڕەدارن بەڵام بێ بەرهەموو خەجاڵەتن بەرامبەر ئەم میللەتە بەش مەینەتە ڕۆژانە لەبری خزمەت دەیان دۆشن و هەرجارەی بەلەونێک و لەژێر پەردەو پەرتوویەکدا سزایان دەدەن و گەمارۆیان بەسەردا دەسەپێنن یانیش فیکرو بەهاو نەریت و دینیان دەشێوێنن.

ڕاستە کوڕەدارن بەڵام بێسەرو بەرن تاهەنوکە نەتانتوانیوە نوکە دەرچەیەک بۆڕزگاربوون لە قەیرانەکان بدۆزنەوە، کەچی شارەزاو پسپۆڕی بەرژەوەندییەکانتان و کورد ووتەنی شەیتان گرەوتان لێناباتەوە.
ئەمانەو چەندانی تر مەدالیای ڕەشی 30ساڵەی کارو خەباتتانە کەچی وەک ئەوەی نەباتان دیبێ و نەباران بوونەتە سورەی بەر لەشکر لەکاتێکدا بەو هەموو لەشکرەی هەتان بوو هیچتان پێنەکراو توخاڵی دەرچوون.

تێبینی/ کوڕە دار بەو نەمام و دارانە دەوترێت لەسایەی سێبەری داردا گەشەی کردووەو بەرهەمێکی جوان و ناوازەو بەتین دەدات جیاواز لە کوڕەدارەکانی دەسەڵات.
سیروان سەید

 

هه‌واڵی گرنگ