سۆنار شەپۆلیكی دەنگییە، ئایۆنازەیشن( كارلێك) ناكات لەگەڵ ئەندامەكانی لەشی مرۆڤدا، هیچ زەرەرێكی نییە، یاخود تاوەكو ئێستا هیچ زیانێكی نەدۆزراوەتەوە و باسنەكراوە، جگە لە ڕووە مادیەكەوە نەبێت، كە مرۆڤ دەبێت پارە بدات بۆ پشكنینی سۆنار.
لێرەدا بۆچوونی دوو قوتابخانە دەخەینە ڕوو سەبارەت بە زەرورەت و پشكنینی سۆنار، یاخود چەند پێویست دەكات كە سۆنار ئەنجام بدرێت بەتایبەت بۆ ئافرەتی دووگیان.
- قوتابخانەی بەریتانی؛ بەریتانییەكان پێیانوایە كە مادام پشكنینی سۆنار زیانی نییە، ئەگەر گرفتی ماددی (پارە)ت نەبوو چەند پشكنین دەكەیت كێشە نییە، بەتایبەت بۆ ئافرەتی دووگیان، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەریتانییەكان زیاتر سۆزیان بەلای منداڵەكانیانەوە هەیە.
- قوتابخانەی ئەمریكی؛ ئەمریكیەكان دەڵێن ئەگەرچی سۆنار هیچ زەرەرێكی نییە، بەڵام ڕەنگە هەیبێت و تا ئێستا نەدۆزرابێتەوە، هەر بۆیە احتیاتی خۆیان وەردەگرن.
وا بەباشیشی دەزانن ئەگەر ئافرەتێك دووگیانیەكەی ئاسایی بوو، دوو سۆنار یاخود سێ سۆنار ئەنجام بدات لە ماوەی دووگیانییەكەیدا، سۆناری یەكەم لە سەرەتای سكپڕییەكەیی و دووەم لە ناوەڕاست و سێهەم لە كۆتایی دووگیانییەكەیدا.
بەڵام ئەگەر ئافرەتەكە كێشەیەكی هەبوو، وەك؛ كەمخوێنی، شەكرە، یان زەختی هەبوو، یان ئەگەر كێشەیەك لە كۆرپەكەدا هەبوو، بۆ نمونە ئاوی دەوری منداڵەكە زۆرە، خوێنی كەم بۆ دەچێت، یاخود تەسكیەك لە دەمارەكانی منداڵەكەدا هەیە، لەو كاتەدا پێویستە سۆناری زیاتری بۆ بكرێت.
سەرچاوە/ د.فەرەیدون سەعید
پزیشكی تیشك و سۆنار