له‌پرسه ‌ئیقلیمیه‌كه‌ی لوتكه‌ی عه‌ممان ‌، توركیا‌ له‌پێشتره‌یان ئێران
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

له‌پرسه ‌ئیقلیمیه‌كه‌ی لوتكه‌ی عه‌ممان ‌، توركیا‌ له‌پێشتره‌یان ئێران


(1)

به‌درێژایی زیاتر له‌چڵ ساڵی ‌سه‌ده‌ی ‌ڕابردوو ده‌سه‌ڵاته‌یه‌كـ له‌دوای یه‌كه‌كانی وه‌ڵاتانی عه‌ره‌بی ، ته‌نها ئیسرائیل وقه‌واره‌ی جووله‌كه‌به‌مه‌ترسی وهه‌ڕه‌شه‌ی پله‌یه‌كـ ده‌ناساند بۆ ‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی ! دواتریش له‌هه‌شتاكانی هه‌مان سه‌ده‌به‌هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وجه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان عێراق ئێران ، مه‌ترسی ئێران وهه‌ڕه‌شه‌كانی گواستنه‌وه‌ی شۆڕشی ئیسلامیی بۆ نێو وه‌ڵاتانی عه‌ره‌بی پله‌ی دووه‌می وه‌رگرت ، وه‌لێ پاش ڕووخاندنی حكومه‌تی به‌عس و له‌ناوچوونی ڕژێمی سه‌دام ، به‌حوكمه‌ی ئه‌وه‌ی ئێران ڕۆڵێكی كارا وكاریگه‌ری هه‌یه‌له‌عێراق و هه‌روه‌ها به‌هۆی بوونی پێكهاته‌ی شیعه‌له‌نێو وه‌ڵاتانی عه‌ره‌بیدا له‌وێشه‌وه‌بۆ په‌یوه‌ندی ستراتیژی له‌نێوان ئێران وچه‌ندین گروپ وحزب و لایه‌نی سیاسی شیعه‌ی عێراقی وبه‌شێكـ له‌وه‌ڵاتانی تری عه‌ره‌بی‌، ئیدی ئێران به‌ناچاری وله‌ژێر فشار وهه‌میش هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رپرسه‌كانی وه‌كـ ئه‌مری واقیع قبوڵكراو خۆی سه‌پاند !
له‌ئێستادا به‌حوكمی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی به‌شێكـ له‌وه‌ڵاتانی عه‌ره‌بی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل وئه‌و واقیعه‌داسه‌پاوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێرانیه‌كان به‌سه‌ر جیهانی عه‌ره‌بیدا ، هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌كی وبه‌زاندنی سه‌روه‌ری وه‌ڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌وڵه‌تی توركیا پله‌ی یه‌كه‌می وه‌رگرتوه‌و ئێران وئیسرائیل له‌دوای دواوه‌وه‌ن ! وه‌كـ مه‌علوومه‌هه‌ژموونی‌ئێستای توركیا و پێشڕه‌ویه‌كانی سوپای توركیا له‌‌سوریا وعێراق ولیبیا وسودان وقه‌ته‌ر وپشتگیریه‌كانی ئه‌نكه‌ره‌له‌شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی وهاندانی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن ، به‌ته‌واوی به‌شێكـ له‌وه‌ڵاتانی عه‌ره‌بی نیگه‌ران كردوه‌و به‌لای ئه‌وانه‌وه‌توركیا مایه‌ی مه‌ترسی وهه‌ڕه‌شه‌ی جیددیه‌نه‌كـ ئیسرائیل وئێران ! هه‌ر بۆیه‌له‌پرسه‌ئیقلیمیه‌كانی ئه‌م لوتكه‌یه‌ئه‌وه‌نده‌مه‌به‌ستیان ده‌وڵه‌تی توركیایه‌كه‌متر له‌خه‌می ئێران وده‌ستێوه‌ردانی تارانن !
(2)
ئه‌گه‌رچی حكومه‌‌تی ئێستای عێراق به‌سه‌رۆكایه‌تی موسته‌فا كازمی له‌لایان شه‌قامی شیعه‌ی عێراقیه‌وه‌تۆمه‌تباره‌كه‌ده‌ستی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا تێكه‌ڵكردوه‌وئامانجی له‌ناوبردنی گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیه‌، یاخود سنوورداركردنی ڕۆڵی گروپه‌كانه‌له‌ناو داموده‌زگاكانی حكومه‌ت ودوورخستنه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئێرانه‌له‌كاروباری ناوخۆی وه‌ڵات ! به‌ڵام وه‌كـ بینیمان له‌یه‌كه‌م گه‌شتی موسته‌فا كازمی بۆ ده‌ره‌وه‌ی عێراق ڕووی له‌ئێران ودیدارو كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئێرانی بوو هه‌تا ئه‌مریكا ، دواتریش پێش گه‌شته‌كه‌ی بۆ ئه‌مریكا وكۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ تڕڕه‌مپ ، ئیسماعیل قائانی به‌رپرسی فه‌یله‌قی قودس گه‌یشته‌به‌غداو چاوی به‌كازمی كه‌وت وتێڕوانینی وه‌ڵاته‌كه‌ی به‌كازمی گه‌یاند ، لێره‌وه‌هه‌موو ئه‌مانه‌پێكه‌وه‌ئاماژه‌یه‌كی ڕوونن كه‌ئه‌وه‌ی ده‌وترێت له‌باره‌ی كازمی و په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان كازمی وئه‌مریكا و ڕۆڵی ئێران له‌عێراقدا شتێكی تره‌!
ڕه‌نگه‌له‌لایه‌كی تره‌وه‌ترسی كازمی وحكومه‌تی داهاتووی عێراق له‌ئه‌گه‌ری ده‌رچوونی جۆبایدنی دیموكراته‌كان سه‌رچاوه‌بگرێ ، چونكه‌به‌پێی زۆرینه‌ی ڕاپرسیه‌كان وخوێندنه‌وه‌ی چاودێرانی سیاسی جۆبایدن له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا ده‌بێته‌سه‌رۆكی ئه‌مریكا و براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ده‌بێ ، ئه‌مه‌ش واته‌هه‌رچی ئه‌وه‌ی له‌نێوان ئه‌مریكا و ئێراندا ڕوویدا له‌سه‌رده‌می تڕڕه‌مپ وجیددی بوونی ئه‌مریكا له‌ته‌مبێكردنی ئێرانیه‌كان ، به‌هاتنی جۆبایدن وگه‌یشتنی به‌كۆشكی سپی جارێكێتر ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌عێراق و ڕۆڵی سه‌ره‌كی ده‌گێڕێته‌وه‌له‌هاوكێشه‌كانی ناوخۆی عێراق وله‌وێشه‌وه‌بۆ ڕێگریكردن‌له‌به‌رده‌م هه‌وڵه‌چاكسازیه‌كانی كازمی ! له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ش‌ئامانجی كازمی بێ له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی عێراق بۆ كۆشی وه‌ڵاتانی عه‌ره‌بی ودووركه‌وتنه‌وه‌له‌ئێران ، دیسان له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی وپه‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و میسر وئه‌رده‌ن یه‌كـ ناگرێته‌وه‌ئه‌م دوو وه‌ڵاته‌به‌پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی گشتی ئه‌مریكا له‌ناوچه‌كه‌هه‌ڵوێست بگرن !
(3)
میسر وئێران له‌ئێستاو ڕابردوودا كێشه‌و قه‌یرانێكـ له‌نێوانیاندا نه‌بووه‌هه‌تا به‌هۆیه‌وه‌له‌یه‌كتر نیگه‌ران بن ، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌سیاسه‌تی گشتی سه‌رۆكی میسر عبدالفتاح السیسی له‌نێوان هاوكاری وبێده‌نگیدا له‌گه‌ڵ ئێران مامه‌ڵه‌ی كردوه‌، بۆ نمونه‌به‌درێژایی شه‌ش ساڵی ڕابردووی شه‌ڕی نێوان سعودیه‌و حوسیه‌كانی یه‌مه‌ن ئه‌گه‌رچی میسر هاوپه‌یمانی ئیمارات وسعودیه‌بووه‌، وه‌لێ له‌و جه‌نگدا ته‌نها ڕۆڵی ته‌ماشاكاری گێڕاوه‌، هه‌روه‌ها به‌م دواییانه‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌واڵ دووپاتیانكرده‌وه‌ژماره‌یه‌كـ له‌هێزێكی تایبه‌تی میسر به‌هه‌ماهه‌نگی ئێران بۆ هاوكاری سه‌ربازی ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د گه‌یشتونه‌ته‌سوریا ونایه‌وێت هاوپه‌یمانه‌كه‌ی ئێران شكست بێنێت ! ئه‌وه‌ش په‌یوه‌سته‌به‌په‌یوه‌ندیه‌كانی ‌نێوان میسر وئیسرائیل نه‌كـ شه‌ڕو ناكۆكی له‌نێوانیاندا نیه‌، به‌ڵكو له‌چه‌ند ڕوویه‌كه‌وه‌به‌فه‌رمی ودوور له‌شاردنه‌وه‌هاوكاریه‌سیاسی وهه‌واڵگیری وئابوریه‌كانی نێوانیان په‌ره‌ی سه‌ندووه‌‌!
به‌ڵام ئه‌مه‌بۆ توركیا ته‌واو پێچه‌وانه‌وه‌یه‌چونكه‌ناكۆكی وململانێی قووڵ له‌نێوان ئه‌و دوو وه‌ڵاتدا بوونی هه‌یه‌، هه‌ر له‌پرسی شه‌رعیه‌تی سیسی وكوده‌تا سه‌ربازیه‌كه‌ی به‌سه‌ر دكتۆر محمد مورسی و په‌نادان وله‌خۆگرتنی ئیخوانه‌هه‌ڵهاتووه‌كانی میسر له‌توركیا ، هه‌تا ڕووبه‌ڕووبووه‌نه‌كانی له‌ئه‌سیوبیا و لیبیا و ده‌ریای ناوه‌ڕاست ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ زیاتر په‌ره‌ئه‌سێنێت و هه‌موو كاتێكـ له‌لێواری ته‌قینه‌وه‌دایه‌، خۆ ئه‌گه‌ر پرسی ‌ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی له‌م لوتكه‌دا جیددی وگشتگیربن ده‌بوو ئه‌م لوتكه‌یه‌له‌نێوان ( ئه‌رده‌ن ومیسر وسودان ) گرێدرابا دژ به‌كاریگه‌ریه‌كانی داهاتووی به‌نداوی نه‌هزه‌ی ئه‌سویبا له‌سه‌ر میسر وسودان نه‌كـ له‌گه‌ڵ عێراق و دژ به‌ئێران !
(4)
ئه‌رده‌ن وپێگه‌ی شای ئه‌رده‌ن‌له‌هاوكێشه‌نێوده‌وڵه‌تی وئیقلیمیه‌كاندا جگه‌له‌وه‌ی دووه‌م وه‌ڵاته‌پاش میسر له‌نێوان وه‌ڵاتانی عه‌ره‌بیدا په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا ئاساییكردۆته‌وه‌وكێشه‌و گرفتێكـ له‌ئارادا نیه‌، ئه‌رده‌ن زیاتر ڕۆڵی مه‌تبه‌خی سیاسی وئاماده‌كاری وسازدانی پرسه‌هه‌ستیارو گرنگه‌كانی ناوخۆی وه‌ڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌گێڕێت ، هه‌روه‌ها له‌زۆربه‌ی قه‌یران وكێشه‌كانی تایبه‌ت به‌جیهانی عه‌ره‌بی و ململانێی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسێۆندا ده‌ستێوه‌ردانی نه‌بووه‌و وه‌ڵاته‌كه‌ی به‌دوورگرتووه‌له‌هه‌ر پرسێكی ده‌ره‌كی كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر ناوخۆی وه‌ڵاته‌كه‌ی به‌جێبێڵێ یاخود به‌شێوه‌یه‌كی سه‌لبی به‌سه‌ر دیبلۆماسێتی ده‌ره‌وه‌یدا بشكێته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ جگه‌له‌نێوه‌ندگیری وگه‌یاندنی عێراق به‌میسر وسه‌رپه‌شتی كردنی ماجه‌رای كۆبوونه‌وه‌كان و سه‌نته‌ری مامناوه‌ند له‌نێوان هه‌موواندا ، توانا سه‌ربازی و ئابوریه‌كانی ئه‌رده‌ن ڕێگری حه‌قیقن بتوانێت له‌یه‌كـ كاتدا ڕووبه‌ڕووی كێشه‌كانی ‌وه‌ڵاتانی عه‌ره‌بی بێته‌وه‌ كه‌ له‌عێراق ویه‌مه‌نه‌وه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌بۆ سودان ولیبیا !

هه‌واڵی گرنگ