توێژینەوەیەكی نوێی ئەمریكی ئاشكرایدەكات، نیشانە سووكەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی (كۆڤید – 19) بەرگرییەكی درێژخایەن دروست دەكات.
تیمێكی توێژینەوەی پزیشكی ئەمریكا ڕایانگەیاندووە، ئەوانەی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبن و نیشانەی سووكیان هەیە وەك كەسانی بەختەوەر تەماشا دەكرێن، چونكە ئەو كەسانە دوای چاكبوونەوەیان بەرگرییەكی باشترو درێژخایەنیان دەبێت لەبەرامبەر دووبارە تووشبونەوەیان بەو ڤایرۆسە.
بەرگری دوای چاكبوونەوەی توشبوانی كۆرۆنا ماوەیەكە بۆتە جێگەی مشتومڕی توێژەرەوەكان و هێشتا ناوەندە پزیشكییەكانی جیهان زۆر دڵنیانین لەو مەسەلەیە، چونكە پەتاكە تازەیەو توێژەرەوەكان باس لەوە دەكەن كە زۆر قورسە بڕیار لەبارەی سیستەمی بەرگری چاكبووەوەكان بدەن.
ئەوەی تا ئێستا زانراوە كە دژە تەنی ناو لەشی چاكبووەكان دەتوانن دوای چەند مانگێك لە چاكبوونەوە ڤایرۆسەكە بناسنەوە، بۆیە باسی چەند مانگێكیش كراو، چونكە خودی ڤایرۆسی هۆكاری پەتاكە كەمتر لە ساڵێكە بڵاوبۆتەوە، ڕەنگە ئەو بەرگرییە زیاتریش بەردەوام بێت.
ئەم كورتە زانیارییە زانستییە دەتوانێت بەشێكی ئەو مەترسییە تەندروستییانە بڕەوێنێتەوە كە پێشتر هەبوون سەبارەت بە دووبارە تووشبوونەوەی چاكبووەكان و لەمبارەیەوە پسپۆڕیكی زانستی بەرگری لە زانكۆی واشنتۆن دەڵێت، ئەوانەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە لەشیاندا نامێنێت بەرگرییەكی چارەسەركاریان بۆ دروست دەبێت.
بەپێی راپۆرتێكی سكای نیوز، لەلایەكی ترەوە، پسپۆرانی زانستی بەرگری لە زانكۆی كالیفۆرنیا توێژینەوەیەكیان كردووە، لە بارەی كارلێكی كۆئەندامی بەرگری لەشی مرۆڤ لەگەڵ ڤایرۆسی (كۆڤید – 19) و گەیشتوونەتە ئەنجامێكی دڵخۆشكەر بەوەی كە ڕەنگە لەشی مرۆڤ جۆرە بەرگرییەك وەربگرێت كە لە دواجاردا كاریگەری ئەرێنی هەبێت و جۆرێك لە بەرگری بە كۆمەڵ دروست بكات، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگ دەبێت بۆ لە ناوچوونی یەكجارەكی ڤایرۆسی (كۆڤید – 19) كە تا ئێستا بە هەزاران كەس لە جیهاندا تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون و بە سەدان كەسیش بە هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.