تێگەیشتنی زانستیانە لە پرسی (گۆڕین)
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

تێگەیشتنی زانستیانە لە پرسی (گۆڕین)

 ئەم دۆخەی وەک ھاوڵاتی تێی کەوتوین، کە ھەریەک لە ئاستی خۆیەوە سکاڵایەتی بەدەستیەوەو، تەمەننای گۆڕینی دەکات، لەبەر خراپی و تێکچوونی کایەکانی ژیان ، بەھۆی لادانیان لەسەر باری ئاسایی خۆیان .

بێگومان، گۆڕین و گۆڕانکاری ھەردۆخ و ڕەوشێ تەنھا بە قسەو خواست و تەمەننا نابێت، بەڵکو گۆڕین پرۆسەیەکی زانستی جێگیرە، گەر وەک خۆی بەکار نەبرێت و کاری پێ نەکرێت ئەوا گۆڕینی ھەر شتێک لە واقعدا دەبێتە مەحاڵ.

جا لەبەر بایەخ و زەروری پرسی (گۆڕین) لەژیاندا، سەرنجی خوێنەری بەڕێز بۆ ئەم زانیاری و بنەما بنچنەییانە ڕادەکێشم، بەھیوام خزمەتێک بێت بە باری خراپی ھاونیشتمانیانم بە ئاڕاستەی چاککردنی.

چەمکی گۆڕین (تَغییر) لەڕوی زمانەوانیەوە، بە دەوری دوو بنچینەدا دەخوڵێتەوە، بەم شێوەیە: ـ شتێ دابێنی پێشتر ھاوشێوەی نەبوو بێت. ـ گۆڕینی شتێ، دۆخێ، بۆ بارێکی تر، کە وەک ئەوەی پێشووی نەبێت. گۆڕین لەڕووی زمانەوانیەوە: ڕاماڵینی شتێ، ڕەوشێ، لە بنچینەوە، بەگشت پێکھاتەی، لە بارو دۆخێکەوە بۆ بارو دۆخێکی تر. جا جاری وا ھەیە گۆڕین بەشێوەیەکی قووڵ و ڕیشەیی و گشتیرە، وە جاری واش ھەیە تەنھا چەند بەشێکی دەگرێتەوە.

دەسا بۆ ئەوەی ئەم پرس و پڕۆسەیە، زانستیانە ئەنجام بدەین، تاکو لە واقعدا بەرھەمدار بێت، ئەوا پێویستە سوود لە سەرچاوەی سرووش (قورئان)، وەربگرین، وەک دواین پەرتووکی زانستی ڕەھاو بێ خەوش و پارێزراو لەھەر خوارییەک، لەلایەن خاوەنیەوە (الله): (الْحَمْدُ لِلَّهِ الَّذِي أَنزَلَ عَلَىٰ عَبْدِهِ الْكِتَابَ وَلَمْ يَجْعَل لَّهُ عِوَجًا / الكهف: ١)، سوپاس و ستایش بۆ ئەو خوایەی ئەم کتێبەی بۆ سەر بەندەی خۆی دابەزاندووە، وە ھیچ جۆرە لاری و خواری و ناتەواویەکیشی بۆ ڕەوا نەداوە. جا ئەم زاراوەیە لە قورئانی موبارەکدا بەم چەند دەربڕینە ھاتووە: (يُغَيِّرُنَّ)، (يُغَيِّرُ)، (يُغَيِّرُوا)، (يَتَغَيَّرْ).

یەکەم: زاراوەی (يُغَيِّرُنَّ) لەسەر زاری شەیتانەوە تۆمارکراوە، پاش دوورخرانەوەی لە بەزەیی خوای مھرەبان و ، نەفرین لێ کردنی، بەھۆی سەرپێچی و یاخی بوون لە فەرمانی، دەڵێ: (ۆڵآمُرَنَّەُمْ فَڵیُغَیِّرُنَّ خَلْقَ اللَّەِ/ النساء:١١٩). فەرمانیان پێ دەدەم ئەوسا ئەوانیش دروستکراوانی خوا دەسکاری بکەن و بیگۆڕن. وە نموونە بۆ ئەم گۆڕینە، وەک گۆڕینی ئاینی خوا، ئەویش لەم چەند ڕووەوە: ١ـ تێکدان و شێواندنی دۆخی سرووشتی خەڵک بەپێی بەرنامەو پڕۆگرامی تایبەت و نەخشە بۆ کێشراو، ھەر لە باخچەی ساوایانەوە بۆ زانکۆو خوێندی باڵا، بەجۆرێک ئاین بەخاوێنی لەگەڵ سرووشتی پاکی مرۆڤ دا نەیەتەوە، ئەوەش بە دەسکاری کردن و شێواندنی ھەردووکیان (ئاین) و (سرووشت). کەئەمە پێچەوانەی خواستی خوایە بۆ بەندەکانی: (فَأَقِمْ وَجْهَكَ لِلدِّينِ حَنِيفًا فِطْرَتَ اللَّهِ الَّتِي فَطَرَ النَّاسَ عَلَيْهَا لَا تَبْدِيلَ لِخَلْقِ اللَّهِ ذَٰلِكَ الدِّينُ الْقَيِّمُ وَلَٰكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لَا يَعْلَمُونَ/ الروم:٣٠)، ئەی ئادەمیزاد، ڕووی خۆت ڕێک بکەرە ئاینی خوا، پاک و درووست، ئەملاولا مەکە، لەسەر ئەو سرووشتە خاوێنە بە، کەخوا خەڵکی لەسەر درووست کردووە، داھێنراوی خوا ھیچ گۆڕانی بۆ نییە، ئا ئەوەیە ئاینی ڕاست و درووست، بەڵام زۆربەی خەڵکی ئەم ڕاستیانە نازانن. پێغەمبەر (ﷺ)ی پێشەوا، لەم بارەوە ھۆشداری وردی داوەو دەفەرموێ: (ما مِن مَوْلُودٍ إلَّا يُولَدُ علَى الفِطْرَةِ، فأبَوَاهُ يُهَوِّدَانِهِ، ويُنَصِّرَانِهِ، أوْ يُمَجِّسَانِهِ/ صحيح البخاري (١٣٥٩)، واتە : ھەموو منداڵێ لەسەر فیترەت و سرووشتی خاوێن لەدایک دەبێت ، لەوەودوا دایک و باوک و کەس و دەزگای پەیوەندیدارن، دەیبەنە سەر بەرنامەی دەرەوەی ئەم سرووشتە پاکەی ئیسلام ، وە دەیکەن بە جولەکە و گاور و ئاگرپەرست. ٢ـ تێکەڵکردن و ئاڵۆزکردنی سەودای حەڵاڵ بە حەرام، گۆڕینی ماڵی پاک و ڕەوا بەپیس و ناڕەوا، بەجۆرێ ئاسان نەبێ مرۆڤ تیایدا سەردەربکات ، مەگەر بە لێبڕان و ویستێکی بەھێزەوە بێت. ٣ـ گۆڕینی سیفاتی حەزو ھەوەس و ئارەزووبازی، یانی ژنان پێیان خۆش بێت خۆیان بچوێنن بە پیاوان، یان بەپێچەوانەوە، بەوەی دەسکاری شێوەو ئەندام و لەش و لاریان بکەن، لەڕێی کاری نەشتەرگەرییەوە: (وَلَآمُرَنَّهُمْ فَلَيُغَيِّرُنَّ خَلْقَ اللَّهِ). دووەم: زاراوەی (يُغَيِّرُ)، کە بۆ گۆڕینی چاکە و بەخشش و ھۆی خۆشی و حەسانەوە (نِعْمَە) بەکار براوە . جا نیعمەت لە ڕواڵەتدا: مەبەست لێی ئەوەیە کە بەندەکان وان لەناو ئەو چاکەو بەھرانەی پێیان بەخشراوەو پێی خۆشحاڵ و حەساوە و ئاسوودەن ، لە چاکی و تەندروستی لاشە، فراوانی ڕۆزی، شکۆو سەربەرزی، تواناو جێگیری، حەساوەو ئاسوودەیی، فەڕو بەپیتی و بەبڕشتی كاتى . جا گۆڕینی ئەم دۆخە چ بە نەمانی کەسەکە خۆی بێت، یان بە لەدەستدانی سیفاتی چاکی نیعمەتەکە، یاخود کەم بوونەوەی پیت و بڕشتی، وەیان نەمان و کوێربوونەوەی لە بنچینەوە . جا ھۆکاری ئەم ڕۆین و نەمان و گۆڕین و کوێربوونەوەی چاکە و بەخشش و نیعمەت ، بۆ چەند شتێک دەگەڕێتەوە، لەوانە: ـ لەبەرانبەر نیعمەتەوە، داپۆشین و پێنەزانین و سپڵەیی و سەرپێچی نواندن ، ئەوجا ئیتر تاوان نییە کە لە شایستەیی (نعمة)وە بۆیان بگۆڕدرێ بە خەشم و ھەڕەشەو سزاو تۆڵەسەندن (نقمة). چوون خۆیان دەسپێشخەربوون، ئەگینا سوننەت و یاسای خواوەندی جیھانیان جێگیرە کە بریتی یە لە: (ذَلِكَ بِأَنَّ اللَّهَ لَمْ يَكُ مُغَيِّرًا نِعْمَةً أَنْعَمَهَا عَلَى قَوْمٍ)، واتە: ئەو سزایەش لەبەرئەوە تووشیان بووە، چونکە بەڕاستی خوا ھەر بەھرە و بەخششێکی بەھەر گەلێک دابێ ، لێی نەگۆڕیوەو، لێی تێک نەداوە: (حَتَّى يُغَيِّرُوا مَا بِأَنْفُسِهِمْ وَأَنَّ اللَّهَ سَمِيعٌ عَلِيمٌ/ الأنفال: ٥٣) ھەتا ئەوەی لە خۆیاندایە نەیگۆڕن، وە بەڕاستی خوا بیسەری زانایە. سێیەم: زاراوەی (يُغَيِّرُوا) يا (تغيير ما بأنفُس القوم)، باس لە گۆڕین دەکات لە باری خۆشی بۆ ناخۆشی، یاخود بە پێچەوانەوە. جا خواوەندی جیھانیان (اللە)، ئەم سوننەت و یاسایەی چەسپاندووەو ھەرگیز گۆڕانی بەسەردا ناێت، خەڵکى ئەرکیانە لەھەر بارو دۆخێک ناڕازین و بەجدی لێی ھەراسانن، ئەوا دەبێت خۆیان دەسپێشخەری بکەن و ئەوەی پشک و بەشی ئەوانە پێی ھەستن و ئەنجامی بدەن، واتە ھەتا ئەوان ئەوەی بەخۆیان دەکرێت نەیکەن و نەیگۆڕن، خواش ئەو دۆخەیان بۆ ناگۆڕیت. بە بەڵگەی: (إِنَّ اللَّهَ لَا يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُوا مَا بِأَنْفُسِهِمْ / الرعد:١١)، بەڕاستی خوا (بارو دۆخی) ھیچ گەلێک ناگۆڕێ ھەتا ئەوان (بارو دۆخی) خۆیان نەگۆڕن. کەوایە ھیچ گۆڕینێک لە ئارادا نیە، چ خۆشی و بەخشش و سەربەرزی و پایەداری و شکۆ بێت ، وە چ ناخۆشی و کەساسی و سووکی و ڕیسوایی بێت. مەگەر مرۆڤ خۆی ھەستێ بە گۆڕینی ئەوەی ئەرکیەتی و پێی دەکرێت . کەوایە خۆخەڵەتاندنە بەخۆڕایی بەتەمای خوا بین، وەیان گلەو گازندەمان بێ لێی ، وەیان چاومان لەدووی دەستێکی دەرەکی بێت، بەڵکو دەبێت لەخۆوە دەست پێبکەین، درووست وردۆبین ، کوێی کێشەکە خەتای خۆمانە و کەچی گوێمان لێی خەواندووە!! وە کامەی ئەرکی سەرشانمانە و کەچی پاڵمان لێی داوەتەوە و لێی بێباکین!! گەر بەجدی ناڕازی و ھەراسانین لەم بارودۆخە. 

 

هه‌واڵی گرنگ