کۆمیسەری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایدهگهیهنێت،ئەو سزایەی دادگایەکی سعوودیە بەسەر تۆمەتبارانی دۆسیەی خاشقجی-دا سەپاندوونی لە ئاست گەورەیی تاوانەکەدانین
روبێرت کۆلڤیڵ لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ سازی کردبوو، باسی لە سزادانی تۆمەتبارانی کەیسی کوژرانی رۆژنامەنووس جەمال خاشقجی کرد و ڕایگهیاند،هەرچەندە نەتەوە یەکگرتووەکان دژبە سزای لەسێدارەدانە، بەڵام ئەو سزایەی دادگایەکی سعوودیە بەسەر تۆمەتبارانی دۆسیەی خاشقجی-دا سەپاندوونی لە ئاست گەورەیی تاوانەکەدانین و پێویستبوو ماوەی زیندانی تۆمەتباران زۆر لەوە درێژتربوایە.
دوێنی دوو شهممه 7 ی ئهیلولی 2020 وتەبێژی فەرمیی دادگای گشتیی سعوودیە ڕایگهیاندبو، حوکمی کۆتایی بۆ تاوانباران به کوشتنی راگەیاندکاری سعوودی جەمال خاشقچی دەرچوو ،دادگا بەپێی مادەی 210 حوکمی بەسەر 8 تاوانبار لە کەیسی کوشتنی خاشقچی دەرکرد، بۆ 5 تاوانباریان هەر یەکەی حوكمی 20 ساڵ بەندكردن، بۆ 3 تاوانباری دیكهیان هەر یەکەی به 10 ساڵ بەندكردن
رۆژی دووی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ جەمال خاشقجی رۆژنامەنووسی سعوودیی، بۆ ئەنجامدانی کاروباریی یاسایی تایبەت بە هاوسەرگیری سەردانی کۆنسولخانەی وڵاتەکەی كرد لە شاری ئیستانبوڵ، بەڵام لە بینای کۆنسولخانە نەهاتەدەرەوە و دواتر هەواڵی کوژرانی بڵاوبووەوە، تا ئێستا تەرمی ناوبراو نادیارە.