هۆڵەندا قەرەبووی هاوڵاتییەكی عێراقی دەكاتەوە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

هۆڵەندا قەرەبووی هاوڵاتییەكی عێراقی دەكاتەوە

 

 

هاوڵاتیەكی عێراقی كە لە ساڵی (2015) دا چوار ئەندامی خانەوادەكەی لە بۆمبارانێكدا لەلایەن فڕۆكەی جەنگی هۆڵەندییەوە كوژراون، نزیكەی (یەك ملیۆن یۆرۆ) بەگوێرەی هەندێك سەرچاوە كە بۆ رۆژنامەی هۆڵەندی ئێن ئار سی و دەزگای هەواڵی حكومی (ئێن ئۆ ئێس) قەرەبوو وەردەگرێت لەلایەن حكومەتی هۆڵەنداوە.

فڕۆكە جەنگییەكانی هۆڵەندا لە ئەیلولی ساڵی (2015)، دوو خانووی تەنیشت یەكیان لە موسڵ پێكا، خانوەكان هی خێزانەكانی باسم رەزۆو براكەی بوون.

بەهۆی بۆمبارانەكەوە ژن، كچ، براو برازاكەی باسم دەكوژرێن، باسمیش بە سەختی بریندار دەبێت؛ قاچی چەپ، حەوزی و چەند ئێسكێكی تری جەستەی دەشكێن و پارچەی بۆمب لەپشتی دەدات و توانای رۆیشتی نامێنێت، ئەوە بەپێی رۆژنامەی ئێن ئار سی.

هۆڵەندییەكان زانیاری هەواڵگریان لە ئەمریكییەكانەوە وەرگرتووە كە گوایە ئەو دوو خانووە لەلایەن چەكدارەكانی داعشەوە بەكارهێنراون.

(ئانك بایلەفێڵد) وەزیری بەرگری هۆڵەندا مانگی یازدەی (2019) بە میدیا دەڵێت: كە هەڵەكە لەلایەن دەزگا هەوڵگرییە ئەمریكییەكانەوە كراوە، وە هەرچەندە حكومەتی هۆڵەندا هەست بە بەرپرسیارێتی دەكات، بەپێی یاسا بەرپرسیاری كارەساتەكە نییە.

نە باسم و نە حكومەتی هۆڵەندی نایانەوێت ئاشكرای بكەن بڕی قەرەبوەكە بە تەواوی چەندە.

ئانك بایلەفێڵد، وەزیری بەرگری هۆڵەندا لە نامەیەكیدا بۆ پەرلەمانی وڵاتەكەی، كە چەند جارێك مشتومڕییان لەسەر ئەو مەسەلەیە هەبووە، نوسیویەتی: بڕیارمدا كە خۆبەخشانەو لەبەر هۆكاری مرۆیی، قەرەبوو پێشكەش بكەم، حكومەتی هۆڵەندا بەرپرسیارێتی ناگرێتە ئەستۆی خۆی.

لەو كاتەوەی بۆمبارانەكە كراوە، لە پێنج ساڵی رابردودا، باسم بۆ چەند دەزگایەكی هەواڵی قسەی كردووە، لە ساڵی (2017) رۆژنامەی ئەمریكی نیویۆك تایمز، راپۆرتێكی درێژی لەسەر بۆمبارانەكەو ژیانی باسم بڵاوكردەوە.

مانگی یەكی ئەمساڵ دەزگای هەواڵی حكومی هۆڵەندی (ئێن ئۆ ئێس) نوسیویەتی كە (60) كەس حكومەتی هۆڵەندا دەدەن بە دادگا، ئەوەش لەسەر بۆمبارانێك بۆ سەر قەزای حەویجە لە باشوری خۆرئاوای كەركوك و دوای ئەوەی بۆمبارانەكەی فڕۆكەی جەنگی هۆڵەندا بووە هۆی كوژرانی (70) كەس لە ساڵی (2015) دا.

ئامانجی بۆمبارانەكەی سەر حەویجە كارگەیەكی داعش بوو كە ئۆتۆمبێلی تیادا بۆمبڕێژدەكرا.

كارگەكە رێژەیەكی زۆری تەقەمەنی تێدابووەو تەقینەوەی بۆمبارانەكە هێندە گەورە بووە، گەڕەكێكی حەویجەی بە تەواوی وێرانكردووە.

بەپێی راپۆرتێكی كەركوك ناو، كاتێك (مارك ڕوتە) سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا لە پەرلەمانی وڵاتەكەی لێپرسینەوەی لێكرا، لەلایەن ئەندام پەرلەمانەكانەوە لەسەر ئەوەی گوایە مەسەلەكە لەلایەن كابینەكەیەوە دیزە بەدەرخونە كراوە، مارك ڕوتە نكۆڵی كرد، بەڵام دانیبەوەدا ناوە كە وەزیری بەرگری ئەوكاتە (ژێنین هێنیس – پلاسخارت) كە ئێستا نوێنەری سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكانە لە عێراق، هەڵەیەكی كردووە لە نامەیەكیدا، لە نامەكەدا نوسیویەتی كە گوایە هیچ هاوڵاتییەكی مەدەنی بەهۆی بۆمبارانەكەی سەر حەویجە نەكوژراون.

 

هه‌واڵی گرنگ