فریاگوزاری سەرەتایی بۆ سوتانی پێست چۆن دەكرێت ؟؟
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

فریاگوزاری سەرەتایی بۆ سوتانی پێست چۆن دەكرێت ؟؟

 

 

پێست ئەندامێكی زۆر گرنگ و گەورەیە كە كاری داپۆشینی لەش، بەرگری لە میكرۆب، ڕێكخستنی پلەی گەرمی لەش وە هەستكردن ئەنجام دەدات.

پێست لە سێ چین پێكهاتووە :

چینی دەرەوە (كە چینێكی تەنكە لە چەند ڕیزێكی خانە پێست پێكهاتووە)

چینی ناوەڕاست (كە چینێكی پانەو پێكهاتووە لە شانەی بەستەرو ڕیشەی مووەكان و ڕژێنەكانی چەوری وە دەركردنی ئارەقی تێدایە)

چینی ژێرەوە: (لە چەوری پێكهاتووەو مولولەكانی خوێنی تێدایە)

هۆكارەكانی سوتانی پێست بریتیە لە :

1. ئاگرو شتی گەرم كراو. 

2. ماددەی كیمیایی. 

3. كارەبا. 

4. تیشكی ئەتۆمی. 

جۆرەكانی سوتانی پێست:

بەپێی سوتانی چینەكانی پێست دەكرێت بە چوار جۆر:

1. پلەی یەكەم تەنها بەشی دەرەوەی پێست : چینێكی تەنكە لە چەند ڕیزێكی خانەی پێست پێكهاتووە (وەكو سوربوونەوە بەهۆی تیشكی خۆر) كە دوش گرتن بە ئاوێكی سارد باشترین چارەسەرە. 

2. پلەی دووەم : كە هەردوو چینی دەرەوەو ناوەڕاستی پێست دەسوتێت وە دەبێتە هۆی سوربوونەوە، لاچوونی چینی دەرەوەو دروست بوونی تەڕی و بڵقی ئاو كە ئەم جۆرە زۆر بە ئازارە. 

3. پلەی سێیەم : كە هەر سێ چینەكانی پێست (دەرەوە، ناوەڕاست، ژێرەوە) ی پێست دەگرێتەوە وە ڕەنگی لە نێوان سپی و قاوەیی دەبێت وە ئازاری نیە یا كەمە. 

4. پلەی چوارەم : كە هەموو چینەكانی پێست و ژێر پێست (ماسولكەكان، ئێسك) دەسوتێت.

فریاگوزاری سەرەتایی بۆ سووتانی پێست :

بەزۆری سوتانی بچووك بریتیە لە سوتانی پلەی یەكەم وە دووەم كە گرنگترین شت بریتیە لە :

1. سارد كردنەوەی شوێنی سوتانی پێست بە ئاوێكی ساردو بەخوڕ (وەكو ئاوی بەلوعە) یا هەر شلەیەكی تر بێت وەكو (بیبسی) بە بەردەوامی بۆ ماوەی (10) خولەك كە ئەم كارە سوتانەكە ڕادەگرێت و ئازارەكە دەشكێنێت. 

2. لێدانی كرێمی دژە میكرۆب لە شوێنی سوتان. 

سوتان و چەند خاڵێكی گرنگ ...

1. ئاوسانی شوێنی سوتان زوو ڕوودەدات لەبەرئەوە پێویستە خێرا لە شوێنی سوتان ئەنگوستیلە، بازنە یان جل و بەرگ لاببرێت. 

2. ئەگەر جل نوسابوو بە شوێنی سوتانەكە ئەوا نابێت لێی بكرێتەوە بەڵكو تەنها دەوروبەری بە مقەست دەبڕدرێت. 

3. نابێت سەهۆڵ بخرێتە سەر شوێنی سوتان وە هەروەها نابێت سەهۆڵاو بەكاربهێنرێت بۆ ساردكردنەوە بەڵكو ئاوێكی سارد بەسە. 

4. بڵقی شوێنی سوتان نابێت بتەقێنرێت وە ئەگەر خۆی تەقیبوو نابێت لێی بكرێتەوە. 

5. بۆ سوتانی پلەی سێیەم نابێت هیچ جۆرێكی مەڵهەم بەكاربهێنرێت، بەڵام بۆ سوتانی پلەی دووەم دەكرێت لە مەڵهەمی دژەمیكرۆب وەكو فیوسیدین، سوود وەربگیرێت. 

6. نابێت دەست بدرێت لە شوێنی سوتان وە هەروەها نابێت ماددەی تر وەكو كەرە، یان زەیتی لێ بدرێت، خاوێن ڕاگرتنی زۆر گرنگە. 

7. لەكاتی سوتان ڕاكردن دەبێتە زیادبوونی ئاگرەكە وە باشترە كە تەپاوتل بكرێت. 

8. نابێت ئاو بكرێت بەسەر ئاگری زەیت یان ڕۆن بەڵكو دەبێت بە پرژاندنی پەرداخێك خوێ یا سۆدە وە داپۆشینی بە شتێك وەكو سەرەقابلەمە، بەتانی یان خاولی تەڕ بكوژێنرێتەوە. 

9. خۆشبوونەوەی شوێنی سوتانی پلەی دووەم دوو تا سێ هەفتە دەخایێنێت وە لەوانەیە سوتانی پلەی سێیەم پێویستی بە نەشتەرگەری وەرگرتنی پێست لە شوێنێكی تری لەش وە چاندنی لە شوێنی سوتان بكات. 

10. نابێت ئاو بكرێت بەسەر سوتانی زۆری لەش، چونكە لەوانەیە ببێتە هۆی دابەزینی پلەی گەرمی لەشی كەسی سوتاو. 

كام جۆری سوتان دەبێت سەردانی نەخۆشخانە بكات ؟؟

1. هەموو جۆرێكی سوتانی پلەی سێیەم واتە ئەوەی كە پێست بەتەواوی سوتاوەو ڕەنگی شوێنی سوتان لە نێوان سپی تا قاوەییە. 

2. سوتانی پلەی دووەم كە لە (10%) لەش زیاتر بێت. 

3. سوتانی دەموچاو : مەترسی ئاوسانی دەم و لوت و قوڕگ و بۆریەكانی هەناسە هەیە كە لەوانەیە گرفتی سەرەكی لە هەناسەدانی كەسی سوتاو دروست ببێت وە یا لە خواردنی. 

4. سوتانی دەست : كە دەست ئەندامێكی زۆر گرنگە. 

5. سوتانی پێ. 

6. سوتان لە منداڵ و بەساڵاچوان. 

7. سوتانی تەواوی دەوروبەری باسك یان لاق كە بەهۆی هەڵاوسانی و ئەستوربوونی لەوانەیە ببێتە هۆی گیرانی چونی خوێن بۆ دەست یان پێ وە ڕەشبونیان وە لەبەرئەوە لەوانەیە پێویستی بە كاری نەشتەرگەری هەبێت بۆ لابردنی ئەم پەستانە لەسەر بۆری خوێن. 

8. سوتانی ناو شوێنێكی داخراو كە ئەگەری هەڵمژینی گازی یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن هەیەو هەروەها سوتانی بۆرییەكانی هەناسە. 

9. سوتانی نێوان هەردو ڕان كە ئەگەری دروست بوونی هەوكردنی میكرۆبی زۆرە. 

10. سوتانی جومگە گەورەكان وەكو ئەژنۆ، شان.

هه‌واڵی گرنگ