هاتنی مستەفاکازمی بۆ کوردستان، چەندین پەیامی بۆ نوخبەی سیاسی کوردو خەڵکی کوردستان و ئێراق و دەرودراوسێ، تیایە .. پێویستە دەسەڵات و لایەنە سیاسیەکانمان لەلایەک و ئەکادیمی و کۆمەڵناس و دەروونناسەکانیشمان، بەچاکی دیراسەی بکەن و لێی بکۆڵنەوە. ئاخر ئەگەر دەسەڵاتی کوردی لە ٢٩ ساڵی پاش ڕاپەڕین ، یان ١٧ ساڵی پاش ڕوخانی بەعس، مامەڵەیەکی تەندروستی لەگەڵ ڕەعیەتەکەی خۆی بکردایەو ئیدارەیەکی دروستی هەرێمەکەی بکردایە، بۆ ئەبێ خەڵکی کوردستان لە دهۆک و لەسلێمانی و هەڵەبجەش، ئومێدیان بەکەسێکی وەکو کازمی هەبێ ، کە سوور ئەزانێ بێگانە هەربێگانەیەو کازمییش هەموو شتی پێناکرێ و عەسای موسای پێ نیە ،بۆ چارەسەری کێشەکان ،بەتایبەت کێشە گەورەکان.
ئەگەر نوخبەی حوکمڕانی کوردستان بەخزمەت و پڕۆژە متمانەی تەواوی جەماوەرەکەی بەدەس بهێنایە ، ئێستا بەشێک لەو جەماوەرە هانای بۆ کازمی و غەیری کازمی نەدەبرد و دڵسافانە بە فریاد ڕەسی نەدەزانی.
ئێستاش زەرەر لەنیوەی بگەڕێتەوە.. با ئەوەی هەیە نەکەوێتە بەر هەڕەشەی لە دەسچوون و پیلانی داگیرکەرە دڵڕەقەکان.
با دەسەڵاتی هەرێم خەمێکی جددی ڕەوشەکە بخواو دەرگا بەڕووی بەشێک لە پیلانەهەرێمیەکان لەدژی ئەم قەوارەیە داخات،کە بووەتە جێی ئومیدی گەلی کورد لە هەموو وڵاتانی دونیا.