بەكتریای زەوی سێ ساڵ لە بۆشایی ئاسماندا دەژی
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

بەكتریای زەوی سێ ساڵ لە بۆشایی ئاسماندا دەژی

 

 

توێژینەوەیەكی نوێ دەیسەلـمێنێت بەكتریای زەوی دەتوانێت بۆ ماوەی سێ ساڵ لە بۆشایی ئاسماندا بژی.

زانایانی ژاپۆنی لە وێستگەی فەزایی نێودەوڵەتی تاقیكردنەوەیەكیان ئەنجامدا بە ناوی (تانبوبو) كە تایبەت بوو بە توانای مانەوەی بەكتریا لە دەرەوەی گۆی زەوی و ئەنجامی ئەو تاقیكردنەوەیەش ئەوەی سەلـماند، كە بەكتریا دەتوانێت ماوەی سێ ساڵ لەبۆشایی ئاسماندا بمێنێتەوە.

ئەو زانایانە ئاماژە بەوە دەدەن كۆلۆنی بەكتریاییەكان كە ئەستورییان (0.5) ملیمەترەو لە كاغەزیش تەنكترن دەتوانن بەرگەی سەرمای زۆرو ئاستی بەرزی تیشكە فەزاییەكان بگرن و تەنها ئەوانە لە ناو دەچن كە لە بەشی سەرەوەی كۆلۆنییەكەدان، چونكە قوربانی بە خۆیان دەدەن و چینێكی پارێزەر بۆ كۆی كۆلۆنییەكەیان دروست دەكەن.

ئەم ئەنجامانەش مانای ئەوەیە كە ڕەنگە ئەم كۆلۆنی بەكترییانە لە نێوان زەوی و مەریخ یان هەر بەشێكی تری گەردوندا لە ڕێگەی كۆبوونەوەیان لەسەر تەنۆلكەكان بێن و بچن.

زاناكان بۆ ئەم توێژینەوەیەیان پشتیان بە پلێتی نمایشی جۆرە بەكتریایەك بەستووە كە بە (Deinococcus) ناسراوەو لە دەرەوەی وێستگەكە دانراوە بۆ ماوەی سێ ساڵ و خودی ئەنجامەكانیش لە ڕێگەی تیۆرێكەوە پشتیوانی لێدەكرێت كە بە تیوری (panspermia) ناسراوەو ئەوەش ئەو بیرۆكە پڕ مشتومڕەیە كە باس لەوە دەكات زیندەوەرەكان لە نێوان هەسارەو مانگەكانی سیستەمە خۆرییەكاندا كۆچ دەكەن.

دكتۆر (ئەكیهیكۆ یاماگیشی) توێژەری سەرەكی (تانبۆبۆ) دەڵێت، بنەڕەتی ژیان لەسەر زەوی گەورەترین ڕازە كە مرۆڤی سەرسامكردووەو ڕەنگە زانایان تێروانینی تەواو جیاوازیان هەبێت لەسەر ئەو مەسەلەیە.

ئەو دەڵێت، بۆ ئەوەی (panspermia) واتە بڵاو بوونەوەی گشتگیر شتێكی كردەیی بێت دەبێت ژیان لە زۆر شوێن هەبێت، ئەمەش شتێكە پێچەوانەی ئەوەیە كە پێشتر زاناكان بڕوایان پێی بوو.

هەندێك لە زانایان پێیان وایە كە ژیان زۆر دەگمەنەو یەكجار لە گەردووندا دروست بووە، هەندێكی تریشیان لەو بڕوایەدان دەكرێت ژیان لەسەر هەر هەسارەیەكی گونجاو هەبێت.

زانای بەناوبانگ (ستیڤن هۆكینگ) لەو زانایانە بوو بڕوای بە بڵاوبوونەوەی گشتگیر هەبوو، ئەو زیاتر لە جارێك وتوویەتی، دەكرێت ژیان لە هەسارەیەكەوە بڵاو بێتەوە بۆ یەكێكی تر یان لە سیستەمێكی ئەستێرەیی و بۆ یەكێكی تر بگوازرێتەوە، ڕەنگە ئەوە بە هۆی تیرە ئەستێرەیەك یان نەیزەكێكەوە ڕووبدات.

ئەو ئاماژەی بەوە داوە ڕەنگە بەو شێوازە ژیان لەسەر زەوی دروست بووبێت، بەڵام ئەم جۆرە بۆچوونانە لەسەر ئاستێكی بەرفراوان ڕەخنەی لێگیراوە.

شایانی باسە ئەو تاقیكردنەوانەی تیمە ژاپۆنییەكەی ناو وێستگەی فەزایی نێودەوڵەتی بەمەبەستی لێكۆڵینەوەیە لە ئەگەری هاتوچۆی سروشتی ژیانی مایكرۆبی لە نێوان هەسارەكاندا.

بەپێی هەواڵێكی كەشتی نووح، پێشتریش لە نێوان ساڵانی (2015 – 2018) لە دووریی (250) میل لەسەر ڕووی زەوییەوە تاقیكردنەوەیەكی دیكە كرا بە ناوی (كیبۆ) و بە هۆیەوە زانایان بۆیان دەركەوت كە زیندەوەرانی مایكرۆسكۆبی گەر بارودۆخی گونجاویان بۆ برەخسێت دەتوانن لە لایەكی تری گەردوونەوە دووبارە زۆرببنەوە.

 

هه‌واڵی گرنگ