گواستنەوەی ڤاكسینەكان سەدان فڕۆكەیان پێویستە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

گواستنەوەی ڤاكسینەكان سەدان فڕۆكەیان پێویستە

 

 

یەكێتی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ئاسمانی ئاشكرای دەكات، گواستنەوەی ئەو ڤاكسینانەی كە پەسەند دەكرێن بۆ وڵاتانی جیهان گەورەترین ئاڵنگاری مێژووی فڕۆكەوانی دەبێت.

ئەو یەكێتییە ئاشكرایدەكات، پرۆسەی گواستنەوەی ڤاكسینەكە بۆ هەموو وڵاتانی جیهان پێویستی بە (8000) فڕۆكەی زەبەلاحی جۆری بۆینگ (747) دەبێت و ئەمەش دەبێتە گەورەترین ئاڵنگاری لە مێژووی فڕۆكەوانی جیهانیدا.

هەرچەندە تاكو ئێستا هیچ ڤاكسینێك بۆ ئەو پەتایە نەدۆزراوەتەوە كە بەهۆی ڤایرۆسی (كۆڤید – 19) ەوە تووشی ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانی جیهان بووە، بەڵام یەكێتی نێودەوڵەتی گواستنەوەی جیهانی وەك ئامادەكارییەكی پێشوەختە بە تەواوی كەوتۆتە خۆیی و لەگەڵ كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی و فڕۆكەخانەكان و دامەزراوە تەندروستییە نێودەوڵەتییەكان‌ و كۆمپانیاكانی دەرماندا كار بۆ دروستكردنی پردێكی ئاسمانی جیهانی دەكات.

بەپێی ئەو بەرنامەیەی كە ئەو دەزگا نێودەڵەتییە خستویەتییەڕوو گریمانەی ئەوە دانراوە كە هەر كەسێك پێویستی بە بڕێكی كەمی ئەو ڤاكسینە هەیە.

(ئەلێكسندەر دی جونیاك) سەرۆكی جێبەجێكاری یەكێتییەكە وتی: گەیاندنی سەلامەتی ڤاكسینەكە یەكێك دەبێت لە ئەركە گرنگەكانی ئەم سەدەیەی بواری پیشەسازی باركردنی ئاسمانی نێودەوڵەتی، ئەمەش ناكرێت گەر پێشوەخت پلانێكی بۆ دانەنرێت و كاتی گونجاوی بۆ تەرخان نەكرێت.

سەرەڕای ئەوەی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی ئێستا سەرنجیان لەسەر گواستنەوەی شمەكە لەكاتێكدا گواستنەوەی سەرنشین زۆر كەمبۆتەوە، بەڵام باركردنی ڤاكسین یەكێكە لە كارە زۆر قورس و ئاڵۆزەكان.

بە پێی ناوەندە زانستییە پسپۆڕەكان، گواستنەوەی دەرمان پێویستی بە پاراستنی پلەی گەرمایە لە نێوان (8 – 2) سەدیدا، هەندێك ڤاكسینی تریش پێویستی بە پلەیەكی گەرمای زۆر نزم هەیە كە دەگاتە پلەی بەستن، لەمەشدا هەموو فڕۆكەیەك ناتوانێت ئەو ڤاكسینانە بگوێزێتەوە.

لەمبارەیەوە (گلین هیوز) لێپرسراوی باركردن لە یەكێتی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ئاسمانی وتی: ئەوەی دەبێت بیكەین بەرفراوانكردنی مەودای گواستنەوەكانمانە بۆ ئاستی پێویست، چونكە گەشتی ئاسمانی بۆ هەندێك ناوچەی دیاریكراوی جیهان، لەوانەش هەندێك ناوچەی باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا، زۆر پێویست دەبێت، چونكە ئەو ناوچانە ناتوانن هیچ جۆرە ڤاكسینێك بەرهەم بهێنن.

یەكێتی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ئاسمانی دەڵێت: بە ڕەچاوكردنی لاوازی باركردن و قەبارەی ناوچەكەو ڕێوشوێنە دژوارەكان لەڕێرەوە سنوورییەكاندا، دابەشكردنی ڤاكسین لە هەموو ئەفریقیادا زۆر ئەستەم دەبێت، لەبەر ئەوەی گواستنەوە پێویستی بە وردەكاریی زۆرو بوونی دامەزراوەی ساردكردنەوە هەیە لە ڕێگەی تۆڕێك لە شوێنی هەمباركردن بۆ ڤاكسینەكە.

ئێستا نزیكەی (140) ڤاكسین لە قۆناغە جیاجیاكانی گەشەپێداندان و (14) یان لەسەر مرۆڤ تاقیدەكرێنەوە.

هەر بۆیە یەكێتی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ئاسمانی داوای لە حكومەتی وڵاتانی جیهان كردووە پلانێكی ورد دابنێن بۆ ئەوەی تا سەركەوتنی ئەو ڤاكسینانەو بە دەستهێنانی ڕەزامەندی بڵاوكردنەوەیان وڵاتان ئامادەبن بۆ وەرگرتنی بەشی پێویستی خۆیان.

بەپێی بابەتێكی بڵاوكراوەی كەشتی نووح، یەكێتییەكە ئەوەش دەخاتەڕوو كە هاوشانی گرەنتی مامەڵەكردنی سەلامەتانە لەگەڵ ڤاكسینەكە لە ڕووی تەندروستییەوە، پێویستە حكومەتەكان كار بۆ ئەمنییەتی پاراستنی ئەو ڤاكسینانەش بكەن، چونكە ڤاكسینەكە وەك شمەكێكی زۆر گرانبەها وایەو پێویستە ڕێوشوێنی پاراستنیان بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی ئەو ڤاكسینانە نەدزرێن و مامەڵەی نایاساییان پێوەنەكرێت.

 

هه‌واڵی گرنگ