سلێمانی ... شوێنێك دادەخرێت
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

سلێمانی ... شوێنێك دادەخرێت


بەهۆی هەبون و فرۆشتنی دەرمانی قەدەغەكراو، لیژنەی هاوبەشی تەندروستی قائیمقامیەتی سلێمانی پێشانگایەك دادەخات.
ئەمڕۆ چوار شەممە، د.پەرست نەقشبەندی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، رایگەیاند: بەهۆی هەبون و فرۆشتنی دەرمانی قەدەغەكراو لە پێشانگاكەیدا، لەلایەن لیژنەی تەندروستی قائیمقامیەتەوە پێشانگای ستایش لە بازاڕی كاسۆمۆڵی شاری سلێمانی دادەخرێت.
وتیشی: ئەو دەرمانانەی پێشانگای ستایش بە كڕیارەكانی فرۆشتوە، پێویستی‌ بە پزیشكی پسپۆڕ و رێنمایی دەرمانساز هەیە، چونكە هەڵە بەكارهێنانی زیان بە تەندروستی ئەوكەسە دەگەیەنێت كە بەكاریدەهێنن.
رونیكردەوە: ئەو دەرمانانەی بۆ زیاد كردن و كەمكردنەوەی كێش و سپیكردنەوەی پێست و بەهێزبونی جەستە لە پێشانگاكاندا بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت، دورە لەراستیەوە، ئەو پێكهاتەی دەرمانەكانی لێدروستكراوە زیانی بۆسەر جەستە و تەندروستی بەكارهێنەرانی هەیە.
راشیگەیاند: لەكاتی داخستنی پێشانگاكە، ژمارەیەك هاوڵاتی گلەییی و گازندەی ئەوەیان لە پێشانگای ستایش‌ هەبو، لەگەڵ ئەوەی دەرمانی بەنرخێكی زۆر گران پێفرۆشتون ماوەی بەكارهێنانیشی چەن ساڵێكە بەسەرچوە، بەڵام خاوەنەكەی ساغیكردەتەوە بەسەریاندا.
د.پەرست نەقشبەندی، داوا لەهاوڵاتیان دەكات دەرمانە قەدەغەكراوەكان بۆ زیادكردن یان دابەزاندنی كێش و سپیكردنەوەی پێست و بەهێزبونی جەستە بەكارمەهێنن، هەركاتێكیش پێیوستیان بەبەكارهێنانی دەرمان هەبو، سەرەتا سەردانی پزیشكی پسپۆڕ و دواتر دەرمانخانە فەرمییەكان و رێنماییەكانی پزیشكی دەرمانساز لەبەكارهێنایدا جێبەجێبكەن، تا لە زیانەكانی بەكارهێنانی دەرمانەكان بەدوربن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی پێشانگای ستایش دادەخرێت و خاوەنەكەشی روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.
لیژنەی هاوبەشی تەندروستی، یەكێكە لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، رۆژانە سەردانی دەرمانخانە و نەخۆشخانە و ئەو شوێنانە دەكات هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی چارەسەر روی تێدەكەن، لەكاتی هەبونی سەرپێچی و پابەند نەبون بە مەرجەكانی كاركردن شوێنەكە دادەخات و خاوەنەكەشی روبەروی رێكاری یاسایی دەكاتەوە، لیژنەكە لە كەسانی پسپۆڕی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی و تەندروستی، ئاسایش، پۆلیس، كوالێتی كۆنترۆڵ، چاودێری بازرگانی و سەندیكاكانی دەرمانسازان و كارمەندانی تەندروستی پێكهاتون، كە بەدواداچون دەكەن بۆ كوالێتی و سەرچاوەی هاوردەكردنی و دەرمان و پێداویستی پزیشكی هەروەها رێگری لە گرانفرۆشی و ساغكردنەوەی دەرمانی خراپ و ماوەبەسەرچو بەسەر هاوڵاتیاندا دەكەن.

 

هه‌واڵی گرنگ