(ئەم نوسینە رەخنە نیە لە ئازادییەکان و بیری ئازاد بەڵکو تەنها پرسیارێکە ! )
ههندێك لە شارەزایان و تهنانهت رهنگه کەسانی ئاساییش، پێیان وایە کە لە دوای کۆرۆنا ئیتر ژیانمان بەو شێوەیە نابێت کە پێش کۆرۆنا هەمان بووە! و مێژووش پێمان دەڵێت کە چۆن هەر سەد ساڵ جارێک جۆرێک لە ڤایرۆس ژیانی مرۆڤەکان و زەوی خستۆتە مەترسیەوە، كۆرۆنا ش رهنگه ههمان شت بكات.
وێرای هەموو ئەو جیاوازی تێروانینانهی لەسهر هۆکاری دروستبوونی ڤایرۆسەکە دروست بوون، کە هەندێك لەو باوەرەدان کە دروستکراوە و دەستی مرۆڤ لە دروستبوونیدا هەیە، هەندێکی تر دەڵێن نەخێر ئەمە کاری سروشتە و هەندێکی تر به جۆرێک لە خهشمی خودا بۆ سهر مرۆڤەکانی دەبینن ! بهڵام خاوەنی هەموو ئەم بیروبۆچوونە جیاوازانە یەک دهرهنجام و یەک بەرکەوتە رووبەروویان دەبێتەوه.
یەکێک لە گرنترین و سەرەکیترین لێکەوتەکان، بابەتی ئازادیەکانی مرۆڤە ! ئازادی جەستەیی و ئازادی بیر !
دەمەوێت لێرەدا باسی ئەو ئازادییە (بیری)یە بکەم کە سەردەکێشێت بۆ جۆرێک لە باسکردنی ئازادی جەستەیی و بەرکەوتنی مرۆڤەکان!
هەموو ئەوانەی بانگەشەی ئازادی جەستەیی و فکرییان دەکرد، ئیستە لە زەمەنی کۆرۆنۆدا چی دەڵێن ؟! لە سەردەمێکدا نزیک بوونەوە لە یەکترو بەریەککەوتنی جەستەیی و گەرانی ئازادانە و تەنانەت هەناسەدانیش باجی خۆی هەیە، ئایا لەمەوە بۆمان دەرناکەوێت کە مرۆڤ ئازادی رههای نیە لە بنەرەتدا؟ ئایا بانگەشەی ئازادی بەتەنها بەسە بۆ ئەوەی مرۆڤ بریاری ئازادی بدات؟
له ساتی هەموو ئەو هەوڵانەی كه مرۆڤ دەیدات بۆ گەیشتنی بە هەموو بنجێکی ئەم گەردونەو گەیشتن بەهەموو ئەو ئازادیانەی کە دەیەوێت بگات پێی! لەم کاتەدا بەربەستێکی نادیار دێت و هەموو ئەو رێگایانە دەگرێت.
!
لەوانەیە ئیتر پێویستمان بە گفتوگۆیهكی توندی ئازادیەکان نەبێت! چونکە کە تەماشای ژیانی رۆژانەی خۆمان دەکەین زۆربەی ئازادیەکانمان لێ زەوت کراوە!
ئەوە ئایین نیە کە ئەو رێگرییەی داناوە، ئەوە بیروبۆچونی باو و کلتور نیە ئەو رێگرییەی داناوە، بەڵکو ئەوە شتێکە کە باوەردارەکان و بێ باوەرەکانیشی چۆک پێ داوەو یەک جۆرە ژیانی داوە بە هەردوولا بیانەوێت یان نەیانەوێت!
پرسیارەکە ئەوەیە!
من ئەگەر نەتوانم هەناسەدانێکی ئازادانەو سەربەرزانەو بێ سنورانە بدەم، دەتوانم باسی یان داوای ئازادیەکی رەها بکەم و تەنها بیری مرۆڤەکانی تر بە بەربەست بۆ گەیشتن بە ئازادیەکانم دابنێم ؟!