كوردیو به‌دواداچوون بۆ ئاماده‌كاری به‌شه‌ناوخۆییه‌كانی تایبه‌ت به‌ قوتابیان ده‌كات
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

كوردیو به‌دواداچوون بۆ ئاماده‌كاری به‌شه‌ناوخۆییه‌كانی تایبه‌ت به‌ قوتابیان ده‌كات

كوردیو

له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی به‌شه‌ناوخۆییه‌كانی تایبه‌ت به‌ قوتابیان له‌ شاری هه‌ولێر دڵنیایی ده‌درێت و به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانی (كوردیو) بۆ ئه‌مساڵی خوێندن رێژه‌ی وه‌رگرتنی قوتابی له‌ به‌شه‌ناوخۆییه‌كان كه‌متر ده‌بێت.

ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌ 17-9-2020 جوان عه‌بدوڵا به‌رپرسی به‌شه‌ناوخۆییه‌كانی كچان له‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا به‌ ماڵپه‌ری (كوردیو)ی راگه‌یاند،" ئاماده‌كاری ته‌واو كراوه‌ بۆ وه‌رگرتنی قوتابیان له‌ به‌شه‌ناوخۆییه‌كان و بۆ ئه‌مساڵی خوێندنیش به‌شه‌ناوخۆییه‌كان به‌رووی قوتابیاندا ده‌كرێنه‌وه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا،" بۆ جاری سێهه‌مه‌ به‌شه‌ناوخۆیی 18ـی شوببات كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كچان ته‌عقیم ده‌كرێت و خاوێنده‌كرێته‌وه‌، پێش ئه‌وه‌ی قوتابیانیش بگه‌رێنه‌وه‌ جارێكی دیكه‌ ته‌عقیم ده‌كرێته‌وه‌ تا دڵنیاببینه‌وه‌ كه‌ ئایا گونجاوه‌ بۆ مانه‌وه‌ی‌ قوتابیان یاخود نا".

روونیشیكرده‌وه‌،" ماوه‌ی زیاتر له‌ مانگێكه‌ هیچ نه‌خۆشێكی ڤایرۆسی كۆرۆنای تێدا نه‌ماوه‌ كه‌ پێشتر بۆ ئه‌و توشبوانه‌ ته‌رخانكرابوو، به‌و زووانه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌وه‌ راده‌ستمان ده‌كرێته‌وه‌".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، فه‌خره‌دین عه‌بدوڵا ره‌سول، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شه‌ناوخۆیی كوڕان له‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین به‌ (كوردیو)ی راگه‌یاند،" ئه‌و قوتابیانه‌ی كه‌ ئێستا لێره‌ ده‌خوێنن ئاسانكاری كراوه‌ به‌ بریاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت به‌ شێوه‌ی گواستنه‌وه‌ یاخود میوانداری بگه‌رێنه‌وه‌ شوێنه‌كه‌ی خۆیان".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا،"به‌رنامه‌ی خۆمانمان داناوه‌ وه‌كو به‌شه‌ناوخۆییه‌كان بۆ وه‌رگرتنی قوتابیان، له‌لای ئێمه‌ هه‌ر ژوورێك ئه‌گه‌ر ساڵی پار جێگای چوار قوتابی بووبێت، ئه‌وا ئێستا دوو قوتابی لێ داده‌نێین، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر جێگای دوو قوتابی بێت ئه‌وه‌ یه‌ك قوتابی تێدا داده‌نێین، ئه‌وه‌ش بۆ پاراستنی سه‌لامه‌تی قوتابییان".

له‌باره‌ی ژماره‌ی به‌شه‌ناوخۆییه‌كانیشه‌وه‌ ئه‌وه‌ی خسته‌روو،" جگه‌ له‌ شه‌هید شه‌وكه‌ت كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كوڕان پێنج باڵه‌خانه‌ی دیكه‌مان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها جگه‌ له‌ 18ی شوبباتیش هه‌شت باڵه‌خانه‌ی دیكه‌مان هه‌یه‌ و له‌ به‌رنامه‌ماندایه‌ گرێبه‌سته‌كانیان نوێبكه‌ینه‌وه‌".

راشیگه‌یاند،" ئه‌گه‌ر هه‌مان ژماره‌ی قوتابیانی ساڵی پارمان بۆ بێته‌وه‌ ئێمه‌ ده‌توانین نیوه‌یان وه‌ربگرینه‌وه‌ و سیستمی زانكۆلاینیش هه‌وڵ ده‌دات بۆ ئه‌مساڵی خوێندن قوتابیان له‌ شوێنه‌كانی خۆیان وه‌ربگیرێن بۆئه‌وه‌‌ی پێویستییان به‌ به‌شه‌ناوخۆیی نه‌بێت".

ده‌شڵێت،" به‌شه‌ناوخۆیی شه‌هید شه‌وكه‌ت تا ئێستا دووجار ته‌عقیم كراوه‌ و خاوێنكراوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌میش به‌رله‌وه‌ی قوتابیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ جاری سێهه‌م ته‌عقیمده‌كرێته‌وه‌".

له‌باره‌ی رێكاره‌ ته‌ندروستییه‌كانیشه‌وه‌ رایگه‌یاند،" هه‌ر رێنمایه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌وه‌ بۆمان بێت په‌یوه‌ستین پێوه‌یه‌ و جێبه‌جێی ده‌كه‌ین،ئه‌گه‌ر قوتابیه‌ك تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووبێت جیای ده‌كه‌ینه‌وه‌ و ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی ده‌كه‌ین".

وتیشی،"به‌رنامه‌یه‌كی وا هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ئامێره‌مان بۆ بێت كه‌ بۆ پێوانی پله‌ی گه‌رمی به‌كاردێت، بۆئه‌وه‌ی بتوانین پشكنینیان بۆ بكه‌ین، هه‌ر قوتابییه‌كیش گومانی لێبكرێت جیای ده‌كه‌ینه‌وه‌ و ده‌نێردرێت بۆ نه‌خۆشخانه‌، له‌وێ بڕیار ده‌درێت كه‌ كه‌ره‌نتین بكرێت یاخود بنێردرێته‌وه‌ ماڵه‌وه".

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران سه‌باره‌ت به‌ واده‌ و چۆنییه‌تی ده‌ستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنه‌وه‌ بڕیاریدا كه‌ بۆ ئه‌مساڵی خوێندن سیستمی ئاوێته‌ په‌یره‌و بكرێت له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كاندا.





هه‌واڵی گرنگ