وەزارەتی تەندروستی عیراق بەئامانجی هاوردەكردنی ڤاكسینی چینی دژە كۆرۆنا لە ئێستادا سەرقاڵی وەرگرتنی رەزامەندی رەسمییە بۆ دابینكردنی بودجەی پێویست كە لەلایەن كۆمپانیای (سینو فارم) ەوە لە ناوەڕاستی ئابدا ڕاگەیەندراوە.
لەمبارەیەوە سەفا موسلیم تەمیمی بڕیاردەری لیژنەی تەندروستی و ژینگەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە رۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە: میوانداری وەزیری تەندروستیان كردووە بۆ تاوتوێكردنی پرسی كڕینی ڤاكسینی چینی و تەئكیدكردۆتەوە لە هەوڵدان بۆ تاوتوێكردنی پرسەكە لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران بەئامانجی دابینكردنی بودجەی پێویست بۆ ئیمزاكردنی گرێبەست لەو بارەیەوە.
بڕیاردەری لیژنەی تەندروستی و ژینگەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وتویەتیشی: ڤاكسینی چینی بەپێی تاقیكردنەوە و توێژینەوە بەكاردەهێنرێت و سەرجەم قۆناغە پێویستەكانی تاقیكردنەوە دەبرێت و دواتر بریار لەسەر بەكارهێنانی دەدرێت.