نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەولێر ڕایدەگەیەنێت: ئەمڕۆ یەك شەممە داواكاری مامۆستایانی وانەبێژمان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كردو داوا دەكەین پەرلەمان پشتگیری لەداواكارییەكانمان بكات.
سەفەر محەمەد نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ یەك شەممە 20-9-2020، دەستەی مامۆستایانی وانەبێژ سەردانی پەرلەمانی كوردستانمان كردو داواكاری مامۆستایانی وانەبێژ كە دامەزراندنی هەمیشەییە، گەیاندە پەرلەمانی كوردستان.
هەروەها ووتیشی: لەئەركەكانمان بەردەوام دەبین بەو مەرجەی بەفەرمی هیچ وانەبێژێك لەكاتی هاتنی مامۆستای میلاك لانەدرێت و دیاریكردنی بڕەپارەیەكی مانگانە لەنێوان ٤٠۰ بۆ ٥٠٠ هەزار دینار كە مانگانە پێمان بدرێت و وەرزی هاوینیش نەبڕدرێت و جیاوازی مامۆستای میلاك و وانەبێژ نەدرێت.
ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر سەرچنار ئەحمەد بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان بە كوردیوی ڕاگەیاند: بە واژۆی 32 پەرلەمانتار یاداشتێكمان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێكی تایبەت بۆ چارەنوسی مامۆستایانی وانەبێژو سێ یەكەمەكانی زانكۆو پەیمانگاكان.
هەروەها ووتیشی: داواكاری مامۆستایانی وانەبێژو سێ یەكەمەكانی زانكۆو پەیمانگاكان مافی سەرەتایی خۆیانەو پێویستە دابمەزرێن و بندیوارو فرە مووچەكانیان بۆ وەلا بخرێن، چونكە بندیوارەكان بارگرانین بۆ حكومەت، بەڵام ئەمان كار ئاسانی بۆ حكومەت دەكەن و خزمەت بە بوارەكانی خۆیان دەكەن .
بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو: بە ئومێدی ئەوەین لایەنە پەیوەندیدارەكان بەدەم داواكاری هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانەوە بێن و ئێمە كۆڵنادەین و هەمیشە پشتیوانی داوا ڕەواكانی موچەخۆران و هاوڵاتیانی هەرێمین.