شارەزایانی بەڕێوبەرایەتی نیشتمانی ئەمریكا بۆ بەرگی هەواو ئۆقیانووسەكان (NOAA) دەڵێن: خۆر لە ساڵی یەكەمی خولی چاڵاكی نوێدایە، ئەوانیش لەنزیكەوە چاودێری دەكەن لەهەوڵێكدا بۆ خۆپاراستن لە زریانەكانی خۆر كە دەبێتە كێشە بۆ زەوی.
بەرپرسانی (NOAA) ڕوونی دەكەنەوە، كە خۆر بەتەواوەتی وەك زەوی وایە، بە وەرزدا تێدەپەڕێت، زاناكان لەساڵی (1755) ەوە زانیاری لەسەری تۆمار دەكەن.
كۆمیتەی پێشبینیەكانی خۆر، كە زاناكانی (NOAA) و ئاژانسی ناسای ئەمریكا سەرپەرشتی دەكەن، دەڵێن: ئەو خولانە نزیكەی (11) ساڵ بەردەوام دەبێت.
هەروەها دەڵێن: كەمترین وزەی خۆر لەنێوان خولەكانی (24 – 25) ی خۆردا بووە ئەو سەردەمەی خۆر كەمترین چاڵاكی هەبووە، ئەمەش لە مانگی (12) ی ساڵی (2019) دا ڕووی داوەو، بەم پێیە زەوی بۆ (8) مانگ خستە ساڵی یەكەمی خولی (25) خۆرەوە.
پێشبینی دەكرێت چاڵاكی هەڵچوونەكانی سەر خۆر یاخود زریانەكانی سەری لە (5) ساڵی داهاتوودا بگاتە ئەوپەڕی.
سەرۆكی نەخشەدانان و شیكردنەوە لە (NOAA) (تەڵعەت ئەلسەید) دەڵێت: ئەگەر هەڵچوونە گەورەكانی خۆر، واتە تەقینەوەی وزەی ئیلیكترۆمەگناتیكی لەسەر خۆر بەجۆرێك زۆر گەورە بوو، ئەوا دەبێتە كێشەی مەترسیدار بۆ زەوی، لەوانە نەمانی پەیوەندی شەپۆڵی باڵا ئەوەی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی و فریاكەوتن بەكاری دێنن، هەروەها سەتەلایتەكانی ئاسمان و سیستەمی دەستنیشانكردنی پێگەكانی جیهان (جی پی ئێس)، سیستەمی هاتووچۆی دەریاوانی و تەلەفۆنی دەستی و سۆلار سیستەم و چەندین تەكنەلۆجیای دیكە.
لەوانەشە ئەو تیشكەی لەهەڵچوونەكانی خۆر دەردەچێت مەترسی بێت بۆ ئاسمانگەڕان، بەتایبەتی ئەوانەی لەدەرەوەی بنكەی ئاسمانی نێودەوڵەتی كاردەكەن، ئەوانەشی پلان هەیە لەداهاتوودا بۆ سەر مانگ بچن.
ئەلسەید دەشڵێت: ناساو (NOAA) بۆ كەمكردنەوەی ڕووداوەكان ستراتیجیەت و پلانی كاری نیشتمانیان داناوە.
هەروەها (NOAA) ناوەندێكی كەش و هەوای واڵایی دروستكردوە لە بۆلدێر لەكۆلۆرادۆ، بۆ چاودێری چاڵاكی خۆر، وەك چۆن ناوەندی نیشتمانی زریانەكان سەر بە بەڕێوبەرایەتی نیشتمانی ئۆقیانوسەكان و بەرگی هەوا زریانەكان چاودێری دەكات.
لەمانگی ڕابردوودا ناوندی (SWPC) لەنزیكەوە هەڵچوونێكی بچووكی خۆری بەدی كرد، ئەو هێزە ئیلیكترۆمەگناتیكیەی لێوەی بەرهەم هات و لە زەوی نزێك بویەوە چاودێری كرابوو، خۆشبەختانە ئەو زریانە لەزەوی نەدا، بەڵام زاناكان دەڵێن: زانیاریمان بەدەست هێناوە لە هەڵچوونەكانی داهاتوودا چاوەڕوانی چی بكەین.