لەپێناو پاراستنی ژینگەو شەقامەكاندا كۆمپانیاكانی ئامادەكردنی كۆنكرێتی ئامادەكراو پابەندی مەرجەكانی كاركردن دەكرێن و سەرپێچیكاریش ڕوبەڕوی سزای توندی یاسایی دەكرێنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٠.٩.٢١ قائیمقامی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەدیوانی قائیمقامیەت لەگەڵ نوێنەرانی كۆمپانیاكانی ئامادەكردنی كۆنكرێتی ئامادەكراو كۆبونەوە بۆ زیاتر پابەندبونی كۆمپانیاكان لەپێناو پاراستنی ژینگەو شەقامەكان لەزیادەی كۆنكرتی میكسەرەكانی گواستنەوەی چیمەنتۆ.
قائیمقامی سلێمانی ڕایگەیاند: ڕێگە بەھیچ كۆمپانیایەك نادرێت لەدەرەوەی كارگەكەیدا پرۆسەی پاكردنەوە میكسەرەكان ئەنجام بدات و ئەو چیمەنتۆیەی كە لەكارەكانیان زیاد بووە پێویستە بیگەڕێننەوە بۆ كارگەكەیان شەقامەكان و سیمای شار بپارێزن.
دواتر محەمەد جەبار بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازی: ڕایگەیاند سەرجەم كۆمپانیاكان ئاگادار دەكەینەوە كە پابەندی مەرجەكان بن كە پێویستە سەرجەم حەوزی میكسەرەكان دەرگا یاخو بە قوماشێك ببەسترێت بۆئەوەی لەكاتی ڕۆسشتن بە شەقامەكاندا چیمەنتۆ نەڕژێتە سەر شەقامەكان و ژینگە پیس نەكەن ولەكاتی تەواوبونی كارەكانیشیاندا پێویستە كۆنكرێتە زیادەكە بگەڕێننەوە بۆ كارگەو پرۆسەی پاكردنەوەی میكسەرەكان لەكارگەكانیاندا ئەنجام بدەن.
ھەروەھا وتیشی: پێویستە ھەموو خاوەن كارێك مۆڵەتی ڕێگەپێدانی ھەبێت ئەوكات كۆمپانیاكان چیمەنتۆی بۆ بگوازێتەوە تا دوربن لەو شوێنانەی كە بەزیادەڕۆ دروست دەكرێت تا كۆمپانیاكان ھۆكارێك نەبن بۆ دروست كردنی شوێنی زیادەڕۆ.