چین بۆ هیچ شەڕێك ئامادە نییە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

چین بۆ هیچ شەڕێك ئامادە نییە

 

 

سەرۆكی چین بە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانی ڕاگەیاندووە، پەكین هیچ نیازێكی نیە بۆ چوونە ناو جەنگێكی سارد یاخود گەرمەوە لەگەڵ هیچ وڵاتێكدا.

(شی جین پینگ) لە بەیاننامەیەكی ڤیدیۆیی تۆماركراودا لەبەردەم كۆبوونەوەی ساڵانەی ڕابەرانی جیهاندا وتی، بەردەوام دەبین لە كەمكردنەوەی ناكۆكییەكان و چارەسەركردنی ململانێكان لەڕێی گفتوگۆو دانوستانەوە، هەوڵی ئەوە نادەین تەنها پەرە بە خۆمان بدەین و بچینە یارییەكەوە كە ئەنجامەكەی سفرە.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە كە سەرەتا لە وهانی چین سەریهەڵدا گرژییەكانی نێوان چین و ئەمریكا زیادییانكرد، واشنتۆن پەكین تۆمەتبار دەكات بەوەی ڕاستگۆ نەبووە سەبارەت بە ڤایرۆسەكەو ئەوەش بووە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتاكە، پەكینیش ئەوە ڕەت دەكاتەوە، شی داوایكرد هەموو جیهان پێكەوە ڕووبەڕووی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببنەوەو ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیش ڕۆڵێكی باڵا لەو كارەدا ببینێت.

سەرۆكی ئەمریكا ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی تۆمەتباركردووە بەوەی وەكو دەڵێت ڕێكخراوەكە بووكەڵەی دەستی چینەو چاوپۆشی لەو وڵاتە كردووە.

ترامپ لەمیانەی وتارەكەیدا بۆ ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان وتی: حكومەتی چین و ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO كە بە شێوەیەكی بەرچاو چین كۆنترۆڵی بەسەریدا هەیە هەردووكیان لە سەرەتاوە بە‌هەڵە ڕایانگەیاندبوو هیچ بەڵگەیەك نییە نیشانی بدات ئەم نەخۆشییە لە نێوان مرۆڤدا دەگوێزرێتەوە، پاشان وتیان : ئەو كەسانەی كە نیشانەكانیان تێدا نییە نەخۆشییەكە بڵاو ناكەنەوە، پێویستە نەتەوە یەكگرتووەكان چین بەرپرسیار بكات لە كردەوەكانی.

لە ماوەی ڕابردووشدا سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە وتارێكدا وتبووی دەبێت هەرچی لە تواناماندا بێت بیكەین تاوەكو خۆمان بەدووربگرین لە جەنگێكی نوێی سارد، هۆشیاریدا لەوەی ئێمە بە ئاڕاستەیەكی زۆر مەترسیداردا دەڕۆین.

 

هه‌واڵی گرنگ