ئەمڕۆ چوار شەممە 23-9-2020، بەشێك لە قوتابیانی پیشەی بەشی كشتوكاڵ لەبەردەم پەروەردەی سلێمانی گردبونەوەو كەمپینێكیان لەژێرناونیشانی "تكایە سووكایەتی بەخوێندنی پیشەی ڕابگرن" پێكهێناو هۆشداری دەدەنە لایەنە پەیوەندیدارەكان.
بیلال حمەڕەوف عارف نوێنەری دەرچوانی بەشی پیشەی بەشی كشتوكاڵ بە كوردیوی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ دژی بڕیارێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا گردبوینەوەو داواكارییەكی 11 خاڵیمان ئاڕاستەی سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمان و وەزیری پەروەردە و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و لایەنەپەیوەندیدارەكان كردوەو لە ئەگەری جێبەجێنەكردنی داواكارییەكانمان ڕێگەی دیكەی مەدەنیانە دەگرینەبەر.
دەقی داواكارییەكانی دەرچوانی بەشی پیشەی بەشی كشتوكاڵ:
(( بەناوی خوای گەورە و بەخشندەو میهرەبان ))
بۆ بەڕێزان:
- سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمان .
- وەزیری پەروەردە .
- وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی .
لایەنەپەیوەندیدارەكان .
ئێمە وەك خوێندكارانی ئامادەیە پیشەییەكان چەندین ساڵە قوربانی پەراوێزخستنی خوێندنی پیشەیین لەلایەك٫ لەلایەكی ترەوە سیستەمی وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگاكان. وەك هەر دەرچویەكی تر مافی خوێندنمان لە زانكۆ و پەیمانگاكان هەیە بەڵام لەئێستادا لەگەڵ بەردەوام بونی خوێندن لە ئامادەییە پیشەییەكان؛ گەنجێك لە تەمەنی 18 - 20 هەموو ئاواتەكانی زیندە بەچاڵ دەكرێت لەبەر ئەوەی تەنها تاوانی ئەوەیە كە خوێندكاری ئامادەییە پیشەییەكانە ، ئەمەش نیشانەی پشتگوێ خستن و مەبەست لەبەرەو پێشبردنی وڵات نیە!. بۆیە تكایە با چیتر لە خوێندنگە پیشەییەكان تەنها یەكەم لەئاستی پارێزگا نەبێت بە پێوەری وەرگرتن لە زانكۆ .
وەك هەموولایەكیشتان ئاگادارن كە خوێندكاری پیشەیی لەماوەی سێ ساڵدا چەندین وانەی هاوشیوەی پسپۆریەكانی خوێندنی پەیمانگا و زانكۆكان دەخوێنێت بەڵام لە كۆتایدا وەك خوێندكارێكی دەرچوی ۱۲ی ئەكادیمی مامەڵەی لەگەڵ ناكرێت و هەمیشە نمرەی زۆر زیاتر لە ئەوان داواكاری وەرگرتنە.
كەمترین هەلی وەرگرتنمان هەیە لە زانكۆ و پەیمانگاكان ئەمەش جیاوازیەكی زۆر نادادپەروەرانەیە و غەدرێكی گەورەیە لە خوێندكارانی ئامادەییە پیشەییەكان دەكرێت .
لەم چەند خاڵەشدا داواكاری خۆمان ئاراستەی بەڕێزتان دەكەین تا بەزوترین كات ئەم داواكارییانە بەهەند وەربگرن:
1.لەدونیای ئەمڕۆدا خوێندنگە پیشەییەكان برەوێكی زۆری پێدراوەو و خوێندن تێیدا بەهەند وەردەگیرێت ، چونكە دەرچوەكانی دەبنە كادیرێكی بنچینەی سیستەمی حكومڕانی هەر وڵاتێك بەپێی پسپۆڕیان ، بۆیە پێویستە دەستكاری بكرێت و سیستەمی خوێندن تێیدا گرنگی زیاتری پێ بدرێت .
2.ئەگەر بیانویەك بۆ ئاستی زانستی هەیە با تاقیكردنەوەی بەرایی لە پیشەیی هاوشێوە بكرێت بەمەرجی وەرگرتن لە بەش و پسپۆریەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان.
3.پێوەری یەكەم لە ئاستی پارێزگا لاببرێت و لە پسپۆری هاوشێوەدا تێكڕای ۷۰% بۆ سەرەوە لە زانكۆكان وەرگیرێن بەبێ مەرجی سیستەمی پارالێڵ.
4.تێكڕای ۷۰% كەمتر لە پسپۆری هاوشێوە لە پەیمانگاكان وەرگیرێن بە بێ مەرجی پارالێڵ.
5.با خوێندنی وانە هاوشێوەكان لە بەشەكانی زانكۆ و پەیمانگا بكرێت بەپێوەر بۆ وەرگرتن؛ نەك پەراوێزخستنی تەواوی دەرچوان.
6.وەرگرتنی خوێندكارانی پیشەییەكان لەبەشەكانی تر ، جگە لەوبەشانەی بەزۆرە ملێ سەپێنراوە بەسەرماندا كەلە جەند قسمێك زیاتر نیە كەلەپەنجەكانی دەستێك كەمترە ئەمەش ئارەزوی خوێندكاری لەگۆر ناوەو چەن ساڵ خوێند بەفیڕۆ چوە لەبەر ئەوەی ئارەزوی نایەتە دی تكایە چەن قسمێكی تر زیاد بكەن بۆ بەشە پیشەكان .
7.لەكاتێكدا ئێمەی خوێندكارانی پیشەی هیچمان كەمتر نیە لە زانستی و وێژەیی بگرە ئێمەش هەردوكی ئەخوێنن توانای زانستیمان ئەگەر زیاتر نەبێت كەمتر نیە لەوان ، بۆیە تكایە ڕێژەی كورسیمان بۆ زیاد بكرێ لە زانكۆكان .
8.پشگوێ خستنی خوێندكارانی بەشە پیشەییەكان بەجۆرێكە لە پارێزگایەك بەسەدان خوێندگای زانستی و وێژەی هەیە بەڵام پیشەیی لەپارێزگایەك لە چوار خوێندگا پێنچ خوێندكا زیاتر نیە ئەمەش نیشانەی پەراوێزخستنی بەشە پیشەییەكانە .
9.ناداوەری لە وەرگرتنی خوێند بەجۆرێك خوێندكارێك 60% تێكرایی نمرەكانی بێت ، خوێندكارێك تێكرایی نمرەكانی 75% هەر پەیمانگا وەری ئەگرێت ئەم ئەوپەڕی نادادییە لەكاتێدا بۆوەرگرتن پۆینت هەژمار دەكرێت بەڵام لێرەدا جیاوازییە 15 نمرەی تێكرایە هەژمار ناكرێت ئەمەش مافی خوێندكاری بەتوانای خواردوە .
10. هەمان ئەو وانانەی خوێندكارێكی وێژەیی دەیخوێنێت وەك ئابوری ، كوردی ، عەرەبی ، ئینگلیزی بۆ هەندێك لەبەشە پیشەیەكانی وەك بازررگانی مخازن هاوشێوەی مێژو ، جوگرافیا وەچەند بابەتێكی زانستی ئەخوێنرێت ، بەڵام ئەوان تەواوی بەشە قانونیەكان وەری ئەگرێت بەڵام بۆ دەرچوانی بەشە پیشەییەكان حەرامە لەكاتێكدا لەو ڕوەوە وانەكانمان وەكو یەكە .
11.وەرگرتنمان لە كۆلێژی ئەكادیمی وەزارەتی ناوخۆ( كلیە شرگە) و ( كلیە سەربازی پێشمەرگە ) پشتگوێ خراوە لەكاتێكدا زۆرێك لە خوێندكاران حەز دەكەن لە وەزارەتی ناوخودا یان وەزارەتی پێشمەرگە خزمەتتی خاك و نشتیمان و خەڵك بكەن .
تكایە چیتر بەردەواوم بونی خوێندن لە ئامادەییە پیشەییەكان بەم شێوەیە ، تەنها كوشتنی ئامانج و خەونی گەنجانە بۆیە پێویستە بەتەواوی برەوی پێ بدرێت یان بەتەواوی دابخرێت و خوێنكاران لە كۆتایدا نائومێد نەكرێن.
بەدەمەوە هاتنی داواكاریەكانمان سەلمێنەری دڵسۆزیتانە بۆ خوێندن و پرۆسەی گەشەپێدانی كەرتی مرۆیی بۆ ئایندەی گەنجان لە هەرێمی كوردستان .
لەگەڵ ڕێزدا .......
دەستەی " كەمپینی "
#تكایە_سووكایەتی_بەخوێندنی_پیشەی_ڕابگرن