ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: ئەم خولەی پەرلەمان خراپترین خولی پەرلەمانەو پەرلەمان نەیتوانیوە سێ ئەركە سەرەكیەكەی خۆی جێبەجێ بكات و بەو هۆیەشەوە تادێت ژیانی هاوڵاتیان قورستر دەبێت و كێشەو گرفتەسەرەكیەكان ڕوو لەزیادبوون دەكەن.
ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە كوردیوی ڕاگەیاند: خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان خراپترین خولی پەرلەمانیە، چونكە لەم خولەدا پەرلەمان بە هەرسێ ئەركەكەی خۆی كە بریتیە لە بەدواداچون و چاودێریكردنی حكومەت و گفتوگۆكردن و ڕاستاندنی بودجەیە، هەڵنەستاوە.
هەروەها ووتیشی: لەم خولەدا پەرلەمان كەمترین دانیشتنی ئەنجامداوە و كەمترین یاسا و بڕیاری دەركردووە و نەیتوانیوە چاودێری حكومەتیش بكات سەرەڕای ئەم هەموو قەیرانەی كە لە كوردستان هەیە و حكومەت دروستی كردووە.
سەبارەت بە بودجەی هەرێم ئەوەی خستەڕوو: بەداخەوە ئەوە ماوەی حەوت ساڵە حكومەتی هەرێمی كوردستان پرۆژە یاسای بودجەی ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان نەكردوەو پەرلەمان لەسەر پرسە گرنگەكان بێ هەڵوێستە و هیچی پێناكرێت.