كرێكارێكی بەنگلادیشی كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكات دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیان لەدەستدەدات ، بەرێوەبەری كۆمپانیای جێبەجێكاریش دەڵێت ، تاوەكوو ئێستا (22) كرێكار تووشی كۆرۆنابوون.
بەڕێوەبەری کارگێڕی و جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەترووش ، مێهڤان ئەحمەد لەمیانی دیمانەیەكی تەلەفزیۆنی رایگەیاند ، هەفتەیەک پێش ئێستا جەلالەدین حوسێن کە یەکێک بوو لە کرێکارە بەنگلادیشیەکان تووشی کۆرۆنا بوو و دواتر رەوانەی نەخۆشخانەی کۆرۆنا کرا. بەڵام دوو رۆژ پێش ئێستا لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
وتیشی : " نزیكەی 287 کرێکار لەگەڵ ئێمە کاردەکەن و تاوەکو ئێستا 22 کەس تووشی کۆرۆنا بوون و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە و 21 کەسی دیکەش لە هۆڵێکی تایبەت لەژێر چاودێری پزیشک دان و دۆخی تەندروستییان باشە".
ئەو کرێکارەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی 40 ساڵ بوو، ماوەی 13 ساڵ بوو لە هەرێمی کوردستان وەکو کرێکار لەگەڵ کۆمپانیای ئەترووش کاری دەکرد. خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە.